رووداو دیجیتاڵ
بەشی نوێی زنجیرە فیلمی "Venom" بۆ هەفتەی دووەم توانی زۆرترین داهات بەدەست بێنێت و ببێتە فیلمی پڕداهاتی ئەمریکای باکوور.
ئەم بەرهەمە سینەماییە بەناوی "Venom: The Last Dance"ـە، لە هەفتەی دووەمی پێشاندانی لە سینەماکانی ئەمریکا و کەندا، توانی 26.1 ملیۆن دۆلار بەدەستبێنێت.
فیلمەکە بەرهەمی "سۆنی" و "مارڤڵ"ـە و داهاتی لەسەر ئاستی سینەماکانی جیهاندا؛ زیاتر لە 300 ملیۆن دۆلارە.
بەهۆی بانگەشەی هەڵبژاردنی سەرۆکایەتی ئەمریکا، کۆتایی ئەم هەفتەیە لە ئەمریکا بۆ هۆڵەکانی سینەما ئارام بوو و جۆش و خرۆشی زۆری تێدا نەبوو.
دوو فیلمی دیکەی بەهێزی ئەم هەفتەیە لە سینەماکانی ئەمریکای باکوور، "The Wild Robot" و "Smile 2" بوون، بەڵام فیلمە نوێیەکەی تۆم هانکس بەناوی "Here" پێشوازی باشی لێنەکراو و داهاتی یەکەم هەفتەی تەنیا پێنج ملیۆن دۆلار بوو.
مانگی تشرینی یەکەمی رابردوو، بە ئامادەبوونی تۆم هاردی، ئەکتەری سەرەکی لە زنجیرە فیلمی "Venom"، پێشاندانی بەشی سێیەمی فیلمەکە لە نیویۆرک بەڕێوەچوو.
ئەمە دەبێتە دوایین بەشی زنجیرە فیلمەکە، بەڵام دیار نییە کارەکتەری ڤینۆم لە فیلمی دیکەیدا دەردەکەوێتە یان نا.
لەبارەی دەرکەوتنی کارەکتەری ڤینۆم لە بەشی نوێی زنجیرە فیلمی "Spider-Man"، تۆم هاردی رایگەیاند، لەوە ناچێت بەشدار بێت، چونکە ئەگەر پڕۆژەیەکی لەم شێوەیە لە ئارادابووایە، ئەو ئاگادار دەبوو.
تۆم هاردی بەوە ناسراوە کە رۆڵی کارەکتەرە جیاوازەکان بە سەرکەوتووی دەگێڕێت، بەتایبەتیش لە فیلمی "The Dark Knight Rises" و "Legend".
هاردی، لەبارەی رۆڵگیڕانی بۆ کارەکتەرە جیاوازەکان، گوتی: "هیچ کام لەمانە بۆ من ئاڵۆز نین، چونکە تەنیا رۆڵگێڕانە. هەر کە لەسەر شتێک جێگیر بووم، رەزامەندی هەمووان بەدەست دێنم و دەبێتە خاڵی دەستپێک بۆ وێنەی سێبەری کارەکتەرەکە، لە رووی دەنگ و جەستەوە، ئەوکات مژارەکە پەیوەندی بە نواندن و ئەو ماددەیەوە هەیە کە لەلامان هەیە".
لە بەشی سێیەمی فیلمەکەدا، هاردی رۆڵی کارەکتەری ڤینۆم دەگێڕێت کە خاوەن هێز و توانایەکی لەرادەبەدەری هەیە. ئەمجارە گەمارۆ دەدرێت و رووبەڕووی کۆتایی دەبێتەوە.
پێشاندانی ئەم بەرهەمە سینەماییە رۆژی هەینی 25ـی تشرینی یەکەمی 2024 لە سینەماکانی جیهاندا دەستیپێکرد.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ