عیسمەت ئاواز و کولیلکا حەسکیفێ بەرهەمێکی هاوبەش بڵاودەکەنەوە

رووداو دیجیتاڵ

عیسمەت ئاواز و کولیلکا حەسکیفێ، هەردوو هونەرمەندی باکووری کوردستان، بەرهەمێکی هاوبەش بەشێوەی ڤیدیۆکلیپ بڵاودەکەنەوە و دیمەنی لە دوو گوندی باتمانی باکووری کوردستان وێنەگیراون.
 
کولیلکا حەسکیفێ کە بە چیچەک تەکدەمیریش دەناسرێت، بە رووداوی راگەیاند، 'بەژنوکێ' بەرهەمێکی نوێیەتی لەگەڵ هونەرمەند عیسمەت ئاواز کە تێکست و ئاوازی فۆلکلۆرە و سیابەند ئەسلان دابەشکردنی میوزیکی بۆ کردووە.
 
ئاماژەی بۆ ئەوەشکرد، ڤیدیۆکلیپی گۆرانییەکە لە گوندی سوجێ و زوخور لە باتمانی باکووری کوردستان وێنەگیراوە و فەسیح پەکدۆگان کاری دەرهێنانی بۆ کردووە و لە کەناڵی تایبەتی عیسمەت ئاواز لە یوتیوب بڵاوکراوەتەوە.
 
کولیلکا حەسکیفێ، گوتیشی، یەکەمجارە بەرهەمێکی دوێت بڵاودەکاتەوە و ئێستا کار لەسەر بەرهەمێکی دیکە دەکات کە تۆمارکردنی تەواو بووە و لە ماوەی داهاتوودا بەشێوەی ڤیدیۆکلیپ بڵاوی دەکاتەوە.
 
لە ئابی ئەمساڵ کولیلکا حەسکیفێ، بەرهەمێکی بەناوی 'دڵی تە یێ بریندار' بەشێوەی ڤیدیۆ بڵاوکردەوە، تێیدا باس لە چیرۆکی دوو گەنجی عاشق دەکات کە مەرگ جیایان دەکاتەوە.
 
بەرهەمەکە لە تێکستی محەممەد سەفایە و لە میوزیکی رەزا هەنارەیە و لەلایەن فەرهاد ئەمان لە مێردینی باکووری کوردستان وێنەگیراوە.
 
کولیلکا حەسکیفێ، خەڵکی حەسکیفی باکووری کوردستانە و ئێستا لە باتمان دەژی، جگە لە گۆرانیگوتن، وەک دەفژەن و ئەکتەری شانۆیی چالاکی هەیە.