جلوبەرگ و کەلوپەلی نێو 'Game of Thrones' دەخرێنە زیادکردنی ئاشکراوە

04-09-2024
پەسار فایەق
تەختی پاشایەتی و جلوبەرگی بەشێک لە کارەکتەرەکانی "Game of Thrones"
تەختی پاشایەتی و جلوبەرگی بەشێک لە کارەکتەرەکانی "Game of Thrones"
نیشانەکردن "Game of Thrones"
A+ A-
 
رووداو دیجیتاڵ

رەنگە زۆربەتان زنجیرەی تەلەڤزیۆنیی "Game of Thrones"ـتان بینیبێت، ئێستا دەرفەتێک رێکخراوە، بە بڕی 500 دۆلار، یەکێک لە کەلوپەلە  بەکارهاتووەکانی نێو زنجیرە هەشت وەرزییەکە، بەدەستبێنن، بۆ نموونە ددانێکی دەستکردی بەکارهاتوو بۆ کارەکتەرەکانی نێو زنجیرەکە.
 
بەرهەمهێنەرانی زنجیرەکە، لە رێگەی کۆمپانیای "Heritage Auctions"، زیاتر لە دوو هەزار پارچە جلوبەرگ و کەلوپەلی بەکارهاتووی نێو زنجیرەکە لە زیادکردنێکی ئاشکرادا بۆ فرۆشتن دەخەنەڕوو.
 
زیاکردنە ئاشکراکە، لە 10 بۆ 12ـی تشرینی یەکەمی 2024 لە داڵاسی ئەمریکا بەڕێوەدەچێت، نرخی دەستپێک بۆ هەر کەلوپەلێکی بەکارهاتوو لە نێو بەرهەمەکەدا، لە نێوان 500 بۆ 20 هەزار دۆلارەوە دەستپێدەکات.
 
کەلوپەلەکان بریتین لە جلوبەرگی کارەکتەرەکان، شمشێر و قەڵغان، ددانی دەستکرد و ئێکسسوارات و گرنگترینیان تەختی پاشایەتییە کە پارچە پارچە کراوە.
 
یەکەم وەرزی ئەم بەرهەمە تەلەڤزیۆنییە لە 2011 بڵاوکرایەوە و دوایین وەرزی لە 2019 بوو، وەک بەناوبانگترین زنجیرەی درامایی و خەیاڵی زانستی دەناسرێت و لە تۆڕی "HBO"ـی ئەمریکی بڵاوکراوەتەوە، براوەی چەندین خەڵاتە، لەوانە ئێمی و گۆڵدن گڵۆب.
 
ئەم بەرهەمە چیرۆکی حەوت شانشین دەگێڕێتەوە کە لە پێناو گەیشتن دەسەڵاتدا دەجەنگن، چیرۆکەکەی لە زنجیرە رۆمانێک بەناوی "A Song of Ice and Fire" لە نووسینی جۆرج ئاڕ مارتن وەرگیراوە.
 
"Game of Thrones" جگە لە ئێرلەندای باکوور، لە ماڵتا، کرواتیا، ئایسلەند و مەغریب وێنەگیراوە هەشت وەرزی بەرهەمهێنراوە، کۆی ئەڵقەکانی 67 ئەڵقەیە.
 
یەکەم ئەڵقەی وەرزی یەکەمی  زنجیرەکە، زیاتر لە دوو ملیۆن و 500 هەزار بینەری هەبووە، دواتر بۆ ئەڵقەکانی دیکەی ژمارەکە بۆ نۆ ملیۆن و 300 هەزار بینەر بۆ هەر ئەڵقەیەک بەرزبووەتەوە، وەرزی دووەمی ئەو ژمارەیەی تێپەڕاند و بۆ هەر ئەڵقەیەک 11 ملیۆن و 600 هەزار بینەر هەبووە، لە وەرزی چوارمیدا هەر ئەڵقەیەک 18 ملیۆن و 600 هەزار بینەر هەبووە، بەمەش توانی ژمارەی پێوانەیی وەک پڕبینەرترین زنجیرەی تەلەڤزیۆنی تۆمار بکات.
 
 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە