نیگار حەسیب قەرەداخی نمایشێکی هونەری لە سلێمانی پێشکێش دەکات

رووداو دیجیتاڵ

شانۆکار نیگار حەسیب قەرەداخی، نمایشێکی هونەری بەناوی 'یادەوەری' لە سلێمانی پێشکێش دەکات کە پێشتر لە نەمسا و ئەڵمانی پێشکێشکراوە.
 
تیپی شانۆیی هاوڕێیانی گەزیزە بە هاوبەشی پەیمانگەی هونەرە جوانەکانی سلێمانی، بۆ نمایشە هونەرییەکە؛ میوانداری 'لابۆری شانۆی لالش'ـیان کردووە کە نیگار حەسیب قەرەداخی لەگەڵ هاوژینەکەی شەماڵ عومەر لە دیاسپۆرا دایانمەزراندووە.
 
نمایشی 'یادەوەری' لە 5-6ـی ئەیلوولی 2023 لە هۆڵی بەدیعە دارتاش لە پەیمانگەی هونەرە جوانەکانی سلێمانی پێشکێش دەکرێت.
 
نیگار حەسیب قەرەداخی، بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند، لە کاتی بڵاوبوونەوەی ڤایرۆسی کۆرۆنا و داخستنی هۆڵە شانۆییەکان، نەدەکرا چاوەڕێ بکات تاوەکو ئەو دۆخە تێدەپەڕێت، بۆیە چەند نمایشێکی هونەریی (پێرفۆرمانس) بە شێوەی ڤیدیۆ بەرهەمهێنا.
 
ئاماژەی بۆ ئەوەشکرد، نمایشی هونەریی 'بیرەوەری' لە 2022 لە ڤییەنا نمایشکراوە، دواتریش لە ئەڵمانیا و ئەمجارە لە سلێمانی پێشکێشی دەکات.
 
نیگار حەسیب قەرەداخی، لە 1966 لە دایکبووە، دەرچوی ئەکادیمیای هونەرە جوانەکانی بەغدایە، لە 1991ـەوە لە تاراوگە ژیان بەسەر دەبات، لە 2000 بڕوانامەی ماستەری زانستی شانۆ و ئەنترۆپۆلۆژیا لە زانکۆی ڤییەنا بەدەستهێناوە، لە 2006 برِوانامەی دکتۆرای وەرگرتووە و لەگەڵ هاوژینەکەی شەماڵ عومەر، پڕۆژەی شانۆیی لابۆری شانۆی لالشیان دامەزراندووە.
 
نیگار حەسیب قەرەداخی و شەماڵ عومەری هاوژینی، لە 20ـی کانوونی دووەمی 2023، خەڵاتی هونەری ساڵی 2022یان لەلایەن سەرۆکی نەمساوە پێبەخشراوە.