فیلمێک لەبارەی بریتنی سپیرز بەرهەمدێت

04-08-2024
پەسار فایەق
نیشانەکردن بریتنی سپیرز
A+ A-
 
رووداو دیجیتاڵ

کۆمپانیای یونیڤێرساڵ پیکچەرز مافی بیروەرییەکانی بریتنی سپیرز بەناوی "The Woman in Me" بەدەستهێنا، بڕیارە فیلمێکی بایۆگرافی لەبارەی ژیان و هونەری ئەو هونەرمەندە پۆپە بەرهەمبێنێت.
 
کتێبی بیرەوەرییەکانی سپیرز لە تشرینی یەکەمی 2023 بڵاوکرایەوە و زیاتر لە 2.5 ملیۆن کۆپی لە جیهاندا فرۆشراوە.
 
کاری دەرهێنانی فیلمەکە لەلایەن جۆن ئێم چو دەکرێت، مارک پلانت، بەرهەمهێنەری فیلمی "Wicked" و"La La Land" کاری بەرهەمهێنان بۆ فیلمەکە دەکات.
 
بریتنی سپیرز (42 ساڵ)، هەواڵەکەی لە هەژماری خۆی لە تۆڕی ئێکس بڵاوکردەوە و دڵخۆشی خۆی بەو بۆنەیەوە پێشاندا.
 
ئەو گۆرانیبێژە جیهانییە، لە بیرەوەرییەکانیدا باس لە سەرکەوتن و بە ئەستێرەبوونی لە جیهانی میوزیکدا دەکات، هەروەها ململانێی لەگەڵ باوکی کە بە بیانووی نەخۆشی و ئالووەدبوونی بە ماددەی هۆشبەر، بڕیاری لەبارەی سامان و ژیانی دەدا، تا دواجار لە 2021 توانی بە بڕیاری دادگە سەربەخۆیی و بڕیاردان لەبارەی ژیانی خۆی وەربگرێتەوە.
 
لەم چەند ساڵەی دواییدا، فیلمە بایۆگرافییە میوزیکئامێزەکان لە هۆلیوود، پێشوازییەکی بەرچاویان لێدەکرێت. لە ماوەی داهاتوودا ژیانی بەشێکی زۆر لە هونەرمەندانی جیهان لە فیلمی هاوشێوەدا بڵاودەکرێنەوە، لەوانەش مایکل جاکسن، بۆب دیلەن و ئێمی واینهاوس.
 
لە 2015 کۆمپانیای یونیڤێرساڵ فیلمێکی بایۆگرافی لەبارەی گرووپی هیپ هۆپی "Straight Outta Compton" بڵاوکردەوە.
 
بریتنی سپیرز، لە 1981 لە ئەمریکا لەدایکبووە، زیاتر لە سەت ملیۆن کۆپی لە بەرهەمەکانی فرۆشراون؛ 70 ملیۆن کۆپیی تەنیا لە ئەمریکا فرۆشراون، بەمەش بووەتە یەکێک لە پڕفرۆشترین گۆرانیبێژەکان لە جیهاندا.
 
ئەو هونەرمەندە 15 جار ناوی لە گینسدا تۆمارکراوە، شەش خەڵاتی ڤیدیۆکلیپی ئێم تی ڤی و حەوت خەڵاتی میوزیکیی بیلبۆرد چەندین خەڵاتی دیکەی بەدەستهێناوە، خاوەنی ئەستێرەیەکە لە شۆستەی نێوداران لە هۆلیوود.

 

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە