لارا دزەیی بە 'خەون' دێتە نێو جیهانی فاشن و لە هەفتە نمایشی پاریس بەدی دێنێت

04-07-2023
پەسار فایەق
دیزاینەکانی لارا دزەیی لە هەفتە نمایشی جلوبەرگی پاریس
دیزاینەکانی لارا دزەیی لە هەفتە نمایشی جلوبەرگی پاریس
نیشانەکردن لارا دزەیی هەفتە نمایشی جلوبەرگی پاریس
A+ A-
رووداو دیجیتاڵ

رووخساری ئەوروپی لەسەر ستەیجی هەفتە نمایشی جلوبەرگی پاریس بینران، بەڵام جلوبەرگیان کوردی بوو، کۆلوانە و سەروپێچیان پۆشیبوو و بە بەردەم هەوادارانی فاشندا؛ لە کورد و نەتەوەکانی دیکەدا تێپەڕین.
 
لارا دزەیی، هەرچەند ناوێکی نوێیە لە جیهانی فاشندا، بەڵام لە ماوەی ساڵیکدا توانی بچێتە یەکێک لە گرنگترین چالاکییەکانی بواری فاشن لە جیهاندا، ئەویش هەفتە نمایشی جلوبەرگی پاریسە، کە گرنگترین براند و دیزاینەرە جیهانییەکانی فاشن تێیدا بەشدارن.
 
دزەیی، لە بەهاری 2022 یەکەم کۆمەڵە دیزاینی بەناوی 'خەون' بڵاوکردەوە و دەنگدانەوەی زۆری لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکاندا بەدوای خۆیدا هێنا، دواتر کۆمەڵە دیزاینی 'ئاگر' و 'زەریا'ـی بەدوادا هات.
 
لە نمایشە تایبەتەکەی کۆلێکشنی لارا دزەیی لە هەفتە نمایشەکە لە پاریس، ئاڵا شاڵی، نێردراوی تۆڕی میدیایی رووداو ئامادەبوو و ئەو دیزاینەرە کوردە رایگەیاند، جلوبەرگی کوردەواری بە زێڕ و زیوەوە جوانە، وردەکارییەکان تەواوکەری یەکدین. گوتیشی: "یەک مانگە نەخەوتووم، چونکە زۆر سەرقاڵی دیزاینی مۆدێلەکان بوومە، وابزانم هەموویان جوانن؟".   
 
لارا، کچی هونەرمەند هۆمەر دزەییە، هەر لە دەستێکی نمایشەکەدا سوپرایزی بۆ باوکی هەبوو، کاتێک بە یەکێک لە گۆرانییەکانی بەناوی 'خۆزگە' نمایشەکەی دەستیپێکرد، دواتریش دەنگی سروودی 'پێشمەرگە' بیسترا بە دەنگی هەردوو هونەرمەند شڤان پەروەر، جەمشید، خێرۆ عەباس، حەسەن شەریف، هانی و عەمار کوفییە و بەرهەمی هونەرمەند دڵشاد سەعیدە و لەلایەن تۆڕی میدیایی
رووداو بەرهەمهێنراوە.
 
هۆمەر دزەیی باوک لەبارەی کچەکەیەوە بە رووداوی گوت: "لارا خۆی هونەرمەندە، لە منداڵییەوە هەستم پێیکردووە، دەنگیشی زۆر خۆشە". گوتیشی: "حەزم دەکرد لارا وەکو خۆم گۆرانیش بڵێت و ببێتە گۆرانیبێژ". 
 
نمایشەکە سەرنجی ئامادەبووانی راکێشابوو، کاتێک مۆدێلەکان تێدەپەڕین، زۆربەیان مۆبایلیان بەدەستەوە بوو و ڤیدیۆ و وێنەی دیزاینەکانیان تۆمار دەکرد.
 
لە دوای تێپەڕبوونی مۆدێلەکان و خستنەڕووی دیزاینەکان، لارا دزەیی لە هەمان رێڕەو تێپەڕی و باوەشی بە باوک و دایکیدا کرد، کە لە رێزی پێشەوە دانیشتبوون.
 
ئیلیزابێت ڤیسەڤانسکا، بەرپرسی نمایشی جلوبەرگی رۆژهەڵات لە هەفتە نمایشی پاریس، بە رووداوی راگەیاند: "بە بڕوای من لارا دزەیی ئایندەیەکی گەشی هەیە، چونکە ئەوە خولیای خۆی بوو، دیزاینەکانی ئەو نوێنەرایەتی ئەوە دەکات کە خەڵک دەیانەوێت بیبینن، ئەوەش مانای ئەوەیە ئەو ژنە زۆر بەهێزە. هەموومان دەزانین کە ژنانی کورد لەڕادەبەدەر جوان و بەهێزن و پاریس کۆمەڵە دیزاینەکانی ئەوی پێ سەرنجراکێشە، هەموومان بۆ بینینی ئەم ژنە کوردە بەهێزە لێرە وەستابووین".
 
دیزاینەکانی لە کۆلێکشنەکەدا نمایشکرا، رەنگی جیاوازیان تێدا بەکارهاتبوو، بەتایبەتیش رەنگی رەش، یەکێک لە نمایشکارەکان، دیزاینێکی پۆشیبوو کە جامانەی سوور و رەش و جلی سەربازی تێدا بەکارهاتبوو.
 
ئەو خانمە دیزاینەر کوردە، لە نيسانی  2022  يەکەم کۆلێکشنی بەناوی 'خەون' بڵاوکردەوە کە بريتی بوو لە 14 ديزاين. 
 
لە کۆلێکشنی دووەم بەناوی 'ئاگر' يەکێک لە ديزانەکانی پێشکێش بە 'ژن، ژیان، ئازادی' دروشمی خۆپێشاندانەکانی رۆژهەڵاتی کوردستان و ئێران و ژینا ئەمینی کرد. کۆلێکشنەکە لە 12 دیزاین پێکهاتبوو.
 
دیزاینەکانی کۆلێکشنی 'ئاگر' لە چیای سەفین و بیستانە وێنەگیرابوون و ژمارەیەک مۆدێلی کورد و بیانی تێیدا بەشدار بوون.
 
 لە نیسانی 2023، لارا دزەيی دیزاینی 'دەستووری دزەيی' لە کۆمەڵە دیزاینی نوێی 'زەريا' بڵاوکردەوە و چەند دێرە شیعرێکیشی لەبارەی کۆمەڵە دیزاینەکە بڵاوکردەوە.
 
لارا ماڵپەڕێکی تایبەتی بە دیزاینەکانی هەیە و تائێستا چەندین کۆڵێکشنی نوێ و سەرنجڕاکێشی کوردی بڵاوکردوونەتەوە.
 
لارا دزەیی، لە شاری ڤیەننا لە نەمسا لەدایکبووە، لە ئەمریکا گەورە بووە. بڕوانامەی پەیوەندییە نێودەوڵەتییەکانی لە زانکۆی جۆرج مەیسن هەیە، 15 ساڵە لە هەولێر ژیان بەسەر دەبات، زمانی ئینگلیزی، کوردی، فارسی، عەرەبی و ئەڵمانی دەزانێت.
 
13 ساڵە لە کەرتی نەوت و گازدا کاردەکات، لە هەمان کاتدا بڕیاریداوە خولیای راستەقینەی خۆی دەربخات و جلوبەرگی کوردی بە شێوەی کلاسیک و مۆدێرن دیزاین بکات.
 
هەفتەی نمایشی جلوبەرگی پاریس، زنجیرەیەک نمایشی وەرزی لەخۆدەگرێت، لەوانەش نمایشی بەهار/ هاوین و نمایشی پاییز/ زستان، جگە لە نمایشی جلوبەرگی خانمان، نمایشی تایبەت بە جلوبەرگی پیاوان و 'هۆت کوتیرۆ'ـی هەیە کە تایبەتە بە دیزاینی جلوبەرگی ناوازە.
 
لەم هەفتە نمایشی جلوبەرگەدا، براندی وەک دیۆر، شانێل، کینزۆ و لوی ڤیتۆن بەرهەمەکانیان دەخەنەڕوو.
 
هەفتەی نمایشی جلوبەرگی پاریس، لە پاڵ هەفتە نمایشی جلوبەرگی میلان، لەندەن و نیۆیۆرک، بە گرنگترین چوار هەفتە نمایشی جلوبەرگ لە جیهاندا هەژمار دەکرێن.

 

 

 

 

 

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە