دەرهێنەری 'شاردنەوەی سەدام' داوای مۆڵەتی پێشاندانی فیلمەکە لە بەغدا دەکات

04-06-2024
پەسار فایەق
نیشانەکردن "شاردنەوەی سەدام"
A+ A-
رووداو دیجیتاڵ

ئامادەکاری بۆ پێشاندانی بەڵگەفیلمی "شاردنەوەی سەدام" لە سینەمای 14 وڵاتی عەرەبی دەکرێت، دەرهێنەری فیلمەکەش داوای مۆڵەتی پێشاندانی فیلمەکە لە عێراق دەکات.
 
هەڵکەوت مستەفا، بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند، بۆ پێشاندانی بەڵگەفیلمەکەی نووسراوێکی ئاڕاستەی وەزارەتی رۆشنبیریی، گەشتیاریی و شوێنەواری عێراق و سەندیکای هونەرمەندانی عێراق کردووە، تێیدا داوا دەکات، مۆڵەت بە پێشاندانی فیلمەکە لە رێکەوتی 18ـی تەممووزی 2024 لە سینەماکانی بەغدا بدرێت.
 
ئەمە لە کاتێکدایە کە بەم دواییە پێشاندانی فیلمەکە لە سینەمای 14 وڵاتی عەرەبی، لە چوارچێوەی 77ـەمین فێستیڤاڵی نێوودەوڵەتیی فیلمی کان راگەیێندرا. 
 
هەڵکەوت مستەفا، پێشتر بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاندبوو: "زۆر خۆشحاڵم بە بڵاوکردنەوەی فیلمەکەم لە شاشەی هەموو سینەماکانی وڵاتانی عەرەبی، هیوادارم ئەم هەنگاوە کردنەوەی دەرگایەک بێت بۆ سینەماکارانی کورد کە ئەوانیش بتوانن فیلمەکانیان بڵاوبکرێتەوە و پیرۆزبایی لەو لایەنانە دەکەم کە لە بەرهەمهێنانی ئەو پڕۆژەیە بەشداربوون".
 
"شاردنەوەی سەدام" چیرۆکی عەلا نامیق دەگێڕێتەوە کە توانی 235 رۆژ سەدام حوسێن لە چاڵێکدا بشارێتەوە، لە کاتێکدا 150 هەزار سەربازی ئەمریکی بە دوایدا دەگەڕان.
 
12 ساڵ کار بۆ بەرهەمهێنانی بەڵگەفیلمەکە کراوە و کۆمپانیای هەنێ، بە هاوبەشی سەرەکیی حکومەتی نەرویج و تۆڕی میدیایی رووداو بەرهەم هاتووە.
 
بڕیارە ئەم بەرهەمە ئەم ساڵ لە تەواوی جیهان بڵاوبکرێتەوە و یەکەم پێشاندانی نێودەوڵەتیی لە تشرینی دووەمی 2023 بوو لە ئەمستردام، یەکەم پێشاندانی لەسەر ئاستی وڵاتانی عەرەبی، لە جەدەی سعودیا بوو و ئێستا لە ئەوروپا بڵاودەکرێتەوە.

 

 

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە