عەزیز گەردی؛ نووسەر و وەرگێڕە 'بێهاوتاکەی' کورد
رووداو دیجیتاڵ
چوار رۆژ لەمەوبەر، یەکێک لە گەورە نووسەر و وەرگێڕەکانی کورد، بەهۆی نەخۆشییەوە رەوانەی نەخۆشخانە کرا. بڵاوبوونەوەی وێنەیەکی لەسەر قەرەوێڵەی نەخۆشخانە، زوو تۆڕەکۆمەڵایەتییەکانی تەنی و تەنانەت ئەوانەشی کە خوێنەری بەرهەمەکانی نین، نزای چاکبوونەوەی بۆ دەکەن.
عەزیز گەردی، نووسەر و وەرگێڕ پیاوێکی تەنیا و گۆشەگیرە، لە ناحیەیەکی نزیک شاری هەولێر لە خانوویەکدا دەژی. یەکێکە لەو نووسەرانەی کە هەمیشە خۆی لە خۆدەرخستن و میدیا پاراستووە. ئێستا بەهۆی نەخۆشکەوتنی گورچیلەیەوە لە نەخۆشخانەیەکی شاری هەولێر لەژێر چاودێریی پزیشکدایە.
نەخۆشییەکەی عەزیز گەردی چییە؟
چەند مانگێک بەر لە ئێستا، بەهۆی سستبوونی گورچیلەکانییەوە، عەزیز گەردی چووەتە دەرەوەی وڵات، لەوێ دوای چارەسەر، پزیشک ناچار دەبێت یەکێک لە گورچیلەکانی بۆ دەربێنێت. دوای گەڕانەوەی بۆ هەولێر بە چەند رۆژێک، تاکە گورچیلەکەی دیکەی تووشی ئازار دەبێت.
تۆفیق عوسمان، بەڕێوەبەری کارگێڕیی نەخۆشخانەی تایبەتی ژین لە هەولێر بە رووداوی گوت، عەزیز گەردی، تووشی هەوکردنی گورچیلە بووە، ئێستا تەندروستیی جێگیرە، بەڵام ئەو نەشتەرگەرییەی پێشتر بۆی کراوە لەگەڵ تەمەن، کەمێک رێگرن لەوەی زوو چاکببێتەوە.
پارێزگاری هەولێر: هەرچییەک پێویستبێت بۆی دەکەین
دوای بڵاوبوونەوەی هەواڵی نەخۆشکەوتنی، چەند بەرپرسێکی حکومەتی هەرێمی کوردستان سەردانی ئەو نووسەر و وەرگێڕەیان کرد، لەوانە وەزیری تەندروستی، پارێزگاری هەولێر و بەڕێوەبەری گشتیی تەندروستیی هەولێر.
ئومێد خۆشناو، پارێزگاری هەولێر بە رووداوی گوت: "بە نوێنەرایەتیی مەسرور بارزانی، سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان سەردانی عەزیز گەردیم کردووە و هەرچییەک پێویستبێت بۆ باشبوونەوەی بۆی دەکەین".
ئومێد خۆشناو گوتی: ئێستا تەندروستیی عەزیز گەردی، رێگرە لەوەی ببرێتە دەرەوەی وڵات، چونکە ماوەیەک لەمەوبەر لە دەرەوەی وڵات گورچیلەیەکیان دەرهێناوە و ئێستا گورچیلەکەی دیکەی نەخۆشە. هەرکاتێک پێویستبکات و پزیشکەکەی رێگەبدات، ئێمە دەینێرینە دەرەوە.
عەزیز گەردی گۆشەگیری و تەنیایی هەڵبژارد لەپێناو نووسین و وەرگێڕان
عەزیز گەردی، یەکێکە لەو نووسەر و وەرگێڕانەی کە هەموو ژیانی خۆی بۆ ئەو بوارە تەرخانکردووە. لە ژیانیدا هاوسەرگیریی نەکردووە و تائێستاش بەتەنیا دەژی. نووسەر و وەرگێڕ جووتیار قارەمان لەوبارەوە دەڵێت: دوورەپەرێزییەکەی مامۆستا گەردی، بێهیوایی بوو لەوەی کە وەکو پێویست رێز لە خۆی و بەرهەمەکانی نەگیراوە و تەنانەت دژایەتیشی کراوە، بۆیە گۆشەگیری هەڵبژاردووە و خۆی تەرخانکردووە بۆ نووسین و خوێندنەوە. وەک جووتیار قارەمان دەڵێت، "عەزیز گەردی زۆر خەم بەوە دەخوات، کە هەندێک لە سیاسییەکانی کورد، هەوڵی ئەوەیان داوە کە پەلکێشی ناو سیاسەتی بکەن."
زیاتر لە 200 کتێبی نووسیوە و وەرگێڕاوە
عەزیز گەردی، لە شەستەکانی سەدەی رابردووەوە دەستی بە نووسین و وەرگێڕان کردووە. جووتیار قارەمان، کە چەندجارێک سەردانی کردووە و گفتوگۆی لەگەڵدا کردووە دەڵێت: "لە دوایین دیداریدا لەگەڵی پێی گوتووە کە کتێبەکانی ( نووسین و وەرگێڕان ) گەیشتوونەتە 200، بەڵام بەشێکیان چاپنەکراون و لەنێو کۆمپیوتەرەکەیدان".
تۆفیق کەریم، نووسەر و وەرگێڕ و بەرپرسی ناوەندی هزری و رۆشنبیری خاڵ لەبارەی بەرهەمەکانی عەزیز گەردییەوە قسەی بۆ رووداو کرد و گوتی: "لە حەفتاکانی سەدەی رابردووەوە و لە سەردەمی مێرمنداڵیمەوە کتێبەکانیم خوێندووەتەوە، بەتایبەتی ئەو کتێبانەی لەبارەی ئەدەبیاتی بیانی چاپیکردوون، هەرگیز هەستم نەکردووە وەرگێڕانەکانی وەرگێڕان بووبن، چونکە ئەوەندە بە جوانی دایڕشتوون و تێکەڵاوی دەستەواژە و پەندی کوردی کردوون، هەستم دەکرد کە کورد نووسیبێتی".
تۆفیق کەریم دەڵێت: "پێشتر نووسەر و وەرگێڕی وەکو عەزیز هەبوون، بەڵام ئێستا دەگمەنە، ئەو یەکێکە لە نووسەر و وەرگێڕە هەرە گەورەکانی کورد، بە بڕوای من لە ئاستی شوکر مستەفا، هەژاری موکریانی، عیزەدین مستەفا و حەمەی مەلا کەریمە".
عەزیز گەردی چوار زمان بەباشی دەزانێت
عەزیز گەردی، لەگەڵ ئەوەی کوردیزانێکی کەموێنەیە و شێوەزارەکانی کورمانجی سەروو، کورمانجی خواروو لەگەڵ هەورامی دەزانێت، چوار زمانی جیهانیش بەباشی دەزانێت. ئەو بەشی زمانی فەرەنسی لە زانکۆی بەغدا خوێندووە، زمانەکانی ئینگلیزی، عەرەبی و فارسیش بەباشی دەزانێت.
جووتیار قارەمان دەڵێت: لەم ساڵانەی دواییدا کەمێک لە وەرگێڕان بۆ سەر زمانی کوردی دوورکەوتووەتەوە و زیاتر ئەو بابەتانەی لەسەر کورد و کوردستان بڵاوکرابوونەوە وەردەگێڕێت بۆ زمانی عەرەبی، دوایین کاریشی کتێبێکی بووە لەبارەی کورد و کوردستان لە بەڵگەنامەکانی ئینگلیزدا.
ژیانی عەزیز گەردی
عەزیز ئەحمەد عەبدوڵڵا، ناسراو بە عەزیز گەردی، لە ساڵی 1947 لە هەولێر لەدایکبووە، ئێستا لە ناحیەی بەحرکەی نزیک شاری هەولێر دەژی، لە ژیانیدا هاوسەرگیریی نەکردووە. بەڵام بنەماڵە و کەسوکاری لە نزیکی ئەون و یەکێک لە براکانی دراوسێیەتی.
هەر لە منداڵییەوە خولیای خوێندنەوە دەبێت و لە هەرزەکاریدا دەست بە خوێندنەوەی ئەدەبیاتی کوردی و بیانی دەکات، کتێبی زانستەکانی رەوانبێژی و عەرووز دەخوێنێتەوە و لای خۆیشی هێدی هێدی یاداشتیان دەکات، وەکو خۆی گوتوویەتی: "لەگەڵ خوێندنەوەی هەر کتێبێکدا، تێبینی و سەرقەڵەمی تایبەتیم دەنووسییەوە، تا وای لێهات چەند دەفتەرێکم پڕ کردەوە".
نۆبەرەی بەرهەمەکانی عەزیز گەردی ساڵی 1968-1969 چاپ و بڵاوکراوەتەوە کە کتێبی رەوانبێژییە، بەڵام ئەو کتێبەی لە سەرەتای حەفتاکان چاپ و بڵاودەکاتەوە.
دواتر کتێبەکانی ئەدەبی بەراوردکاری، پەخشانی کوردی، رابەری شیعری کلاسیکی کوردی و چەندین کتێبی دیکە دەنووسێت و تائێستاش بەردەوامە لە نووسین و وەرگێڕان.
لە ساڵی 1994 ماستەرنامە و لە ساڵی 1999 بڕوانامەی دکتۆرە بەدەستدەهێنێت کە تێزەکەی بە ناونیشانی (سەروا)یە، دەزگای ئاراس هەمان ساڵ چاپ و بڵاوی دەکاتەوە.
عەزیز گەردی لە چەندین قوتابخانە وانەی گوتووەتەوە و پاشان دوای تەواوکردنی زانکۆ لە کۆلێژی ئاداب، بەشی زمانی کوردی دەبێتە مامۆستا، خۆی لەبەر نەپڕژان بەسەر کاری وەرگێڕاندا دەستلەکاردەکێشێتەوە و بەیەکجاری تەنیایی هەڵدەبژێرێ، خانوویەک لە شارەدێی بەحرکە دەکاتە شوێنی ژیان و نووسینەکانی و بژێویشی لەسەر مووچەی خانەنشینییەکەیەتی.
جووتیار قارەمان دەڵێت: عەزیز گەردی، هاوسەرگیری نەکردووە، دوای تەواوکردنی خوێندن، تەمەنی گەورەبووە و یەک-دوو هەوڵی هاوسەرگیری داوە، بەڵام سەرینەگرتووە. "ئامۆژگاری کردم زوو هاوسەرگیری بکەم یان وەکو خۆی، خۆم تەرخانبکەم بۆ نووسین و خوێندنەوە".
بۆچی عەزیز گەردی جیاوازە؟
نووسەر و وەرگێڕ تۆفیق کەریم دەڵێت، "عەزیز گەردی دوو جیاوازی لەگەڵ نووسەرانی دیکە هەیە، یەکەم؛ هەرگیز باسی خۆیی نەکردووە و بەبێدەنگی خەریکی نووسین و وەرگێڕانە. دووەم؛ پیاوێکی گشتگیربووە و لە زۆر بواردا نووسیویەتی، ئەمەش وایکردووە بە 'موسوعە' وەسفبکرێت".