ماهیر ئەمین 'رێگەی عاشقان' بڵاودەکاتەوە

رووداو دیجیتاڵ

هونەرمەند ماهیر ئەمین، بەرهەمێکی نوێ بەناوی 'رێگەی عاشقان' بەشێوەی ڤیدیۆکلیپ بۆ هەوادارانی بڵاوکردەوە. 
 
ماهیر ئەمین، بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند، 'رێگەی عاشقان' بەرهەمێکی عیرفانییە و دەمێکە لەسەر ئەو ستایلە کاری نەکردووە کە لە تێکستی وەفایی شاعیری کوردە و لە ئاوازی هونەرمەند بەهجەت یەحیایە، کاری دابەشکردنی میوزیکی لەلایەن بەیار سەلیم کراوە.
 
ڤیدیۆکلیپی گۆرانییەکە لە وێنەگرتن و دەرهێنانی یوسف لەشکرییە و لە یەکێک لە خانووەکانی قەڵای هەولێر لە کۆتایی 2022 وێنەگیراوە و چەند دەفژەنێک تێیدا دەردەکەون، لەوانە رێبوار عەبدوڵڵا.
 
بانوو دڵشاد، لە کاتی وێنەگرتنی ڤیدیۆکلیپەکە، هەڤپەیڤینێکی کورتی لەگەڵ هونەرمەند ماهیر ئەمین کردووە، تێیدا باس لە سەرقاڵی خۆی بە چەند بەرهەمێک دەکات و ئاماژە بۆ ئەوە دەکات، لە دوای بڵاوکردنەوەی بەرهەمەکان، بیر لە سازکردنی کۆنسێرت دەکاتەوە.
 
لەلایکی دیکەوە، لە دەستپێکی ئەمساڵدا، ماهیر ئەمین تراکێکی میوزیکی وەرزشی بڵاوکردەوە کە چەند بەرهەمێکی فۆلکلۆری کوردی لەخۆدەگرێت.
 
هەروەها لە کۆتایی 2022 بەرهەمێکی رۆمانسی و زۆر ئاشقانەی بەناوی 'دوعام بۆ بکەن' بۆ هەوادارانی بڵاوکردەوە.
 
ئەم بەرهەمە لە تێکست و ئاوازی هێمن رەشوانییە؛ ماهیر ئەمین لە نووسینی تێکستەکەی بەشداربووە، کاری میوزیکی لەلایەن هەردوو هونەرمەند نەجیب گولسون و کاوە کاوانی کراوە.