رووداو دیجیتاڵ
ناسر رەزازی، هونەرمەندی ناسراوی کورد، لە پاڵ کارە هونەرییەکانی سەرقاڵی نووسین و زمانە و ئێستا کار بۆ وەرگێڕانی چوارینەکانی خەیام دەکات.
شەوی رابردوو 3ـی نیسانی 2024، لە سێیەم ئەڵقەی بەرنامەی "گفتوگۆی باڵۆن"، لەگەڵ رەزازی، ئەو هونەرمەندە باسی لە هەوڵەکانی لە بواری نووسین و زمان کرد و گوتی، ئەو زمانەی ئێستا بەکاردێت، لەلایە پارتی بە جۆرێکە، لەلای یەکێتی بە جۆرێکە، لەلای حیزبی دیموکراتی کوردستانی ئێران بە جۆرێکە، لەلای کۆمەڵە بە جۆرێکە، هەریەکەو بە ربەی خۆی دەیپیوێت.
گوتیشی: "من ئێستا ناوێرم وشەیەک دروست بکەم، دەڵێن هی ناسر رەزازییە، فڕەی بدە".
لەبارەی وەرگێڕانی "چوارینەکانی خەیام" لە زمانی فارسییەوە بۆ زمانی کوردی، گوتی: "دە کەس وەریگێڕاوە، با من ببم بە یازدەم". ئاماژەی بۆ ئەوەشکرد، یەک دوو کەس پێیان گوتووە، واز لە گۆرانی بێنە و سەرقاڵی ئەو وەرگێڕانە بە.
گوتیشی: "من حەدم نییە وەک هەژار وەریبگێڕم، هەژار شتێکی دیکەیە".
ئەوەشی ئاشکرا کرد، ئێستا سەرقاڵی شانامەیەکیشە، لە دەستپێکی گۆی زەوییەوە دەستیپێکردووە، تا ئەو رۆژەی ئەژدەهاک لە قزقاپان کوژراوە، بەڵام بە بڕوای هونەرمەند ئەژدەهاک لە قزقاپان نەکوژراوە، بەڵکو لەلای هەمەدان کوژراوە، بەڵام گۆڕەکەیان هێناوەتە قزقاپان.
لە کۆتایی بەرنامەکەدا رەنج سەنگاوی، پێشکێشکاری بەرنامەکە، داوا لە رەزازی دەکات، لە رێگەی رووداوەوە پەیامێک بۆ خەڵکی رۆژهەڵاتی کوردستان بنێرێت، ئەویش دەڵێت: "ئەگەر هەر میللەت و نەتەوەیەک، زمانی خۆی بپارێزێت، ئەو نەتەوەیە بە هیچ شێوەیەک نامرێت، تکاتان لێدەکەم منداڵەکانتان فێری کوردی بکەن، فێری پاراستنی ژینگەیان بکەن، فێریان بکەن کوردستانیان خۆشبوێت و بخوێنن".
ئاماژەی بۆ ئەوەشکرد، خوێندن و بازرگانی بۆ نەتەوەی کورد گەورەترین چارەسەرەن، لە پاڵیشدا هونەر و ئەدەب، گۆرانی زمانی کوردی هێشتووەتەوە، دەبێت ئەو کارە بکەن کە نەهێڵن زمانی کوردی تووشی کێشە ببێت.
بەرنامەی "گفتوگۆی باڵۆن" شەوانە بە درێژایی مانگی رەمەزان لەلایەن رەنج سەنگاوی، پێشکێشکاری دیاری رووداو پێشکێش دەکرێت، لە هەر ئەڵقەیەکدا میوانێکی تایبەت لە بوارە جیاوازەکاندا هەیە و لە نێو باڵۆندا بە پێشاندانی دیمەنی جوانی کوردستان لە ئاسمانەوە، گفتوگۆی گەرم و گوڕ دەکەن.
ئاسۆ سەراوی، پڕۆدیوسەری بەرنامەکەیە، سامان عەدنان، دەرهێنەریەتی، شکار کەمال کاری مۆنتاژی بۆ دەکات و بەیار حەکیم ، بەڕێوەبەری وێنەگرتنە، وێنەگرتنی لەلایەن هونەر بەکر، کارزان یونس، ژوان فەرهاد، ئیبراهیم نەوزاد، دڵشاد ئیبراهیم و هەژار جەوهەر کراوە، کاری گرافیکی لەلایەن ئاشتی حەمید و لاوک دانا کراوە.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ