پەیام عەزیزی: بەهرەی من لە تەکییەیەک دۆزرایەوە

رووداو- هەولێر

گۆرانیبێژێكی دیاری بواری تەسەوف و عیرفانە، لەسەر ئاستی ئێران و رۆژهەڵاتی كوردستان ناوبانگێكی زۆری هەیە، بەڵام دەیەوێ‌ لەسەر ئاستی جیهان بناسرێ‌ و ئێستاش بۆ ئەو مەبەستە كار دەكات. پەیام عەزیزی لە ساڵی 1997ەوە گۆرانیی ئاینی دەڵێت، بەڵام بە گۆرانیی (یا رەسوڵەڵڵا، یا شای مەدینە) زۆر ناسرا، بە تایبەتی دوای ئەوەی بە هاوبەشی لەگەڵ گۆرانیبێژی جیهانی سامی یوسف ئەو گۆرانییەیان گوتەوە. پەیام عەزیزی هونەرمەندی رۆژهەڵاتی كوردستان كە ئێستا بە سەردانێك لە باشووری كوردستانە، (رووداو) ئەم هەڤپەیڤینەی لەگەڵ ساز كرد.

رووداو: چۆن بوو دەستپێكی كاری هونەریت لەگەڵ گروپی عەندەلیب بوو؟

پەیام عەزیزی: من لە ساڵی 1997 لەگەڵ مامۆستای میوزیكی بەناوبانگی ئێران مامۆستا محەممەد جەلیلی عەندەلیبی كارم كردووە كە سەرپەرشتیاری گروپ و ئاوازدانەری گروپی مەولانایە لە ئێران و پێشتر لەگەڵ مامۆستایانی بەناوبانگی ئێران مامۆستا محەممەد رەزا شەجەریان، هەروەها هونەرمەندی بەناوبانگی كورد، شەهرام نازری، عەزیز شارۆخ و عەزیز رەزا ئیفتیخاری كاری كردووە. مامۆستا جەلیل عەندەلیبی هەمیشە رۆڵی هەبووە لە ئاشكراكردنی بەهرەی گەنجە گۆرانیبێژەكان. من لە ساڵی 1997 لە یەكێك لە تەكییەكانی كوردستان دوای ئەوەی چەند گۆرانییەكم پێشكەش كرد، مامۆستا جەلیل گوتی من دوو ساڵە دەمەوێ‌ ئەلبوومێكی ئاینی و عیرفانی بڵاوبكەمەوە، كەسێكم دەستنەكەوتووە بتوانم لەگەڵی ئیش بكەم. دواتر پێكەوە قسەمان كرد و رێككەوتین ئەلبوومێك تۆمار بكەین. ئەلبوومەكە بەناوی (با قدسیان 1) بوو. كە لەسەر ئاستی نێودەوڵەتی بڵاوبووەوە و زۆر ناسرا. زیاتر لە یەك ملیۆن و 200 هەزار دانەی لێفرۆشرا، ئێستاش بڕوات هەبێ‌ هیچ كەس بەو ژمارەیە نەگەیشتووە.

رووداو: یەكێك لە گۆرانییەكانی ئەلبوومەكەت بەناوی (یا رەسوڵەڵڵا یا شای مەدینە) دەنگدانەوەیەكی جیهانیی هەبوو، هونەرمەندی جیهانی سامی یوسف ئەو گۆرانییەی گوتووەتەوە. ئەو گۆرانییە چ تایبەتمەندییەكی هەبوو وا دەنگی دایەوە؟

پەیام عەزیزی: من هەر لە منداڵییەوە شەیدای تەسەوفم، رۆحم لەگەڵ هونەرمەندانی عیرفان و تەسەوف گەورە بووە. تەمەنم 15 ساڵان بووە قورئانم خوێندووە. ئێمە بنەماڵەیەكی عیرفانی و تەسەوفین. هەروەها برا گەورەكەم محەممەد رەزا یەكێكە لە  مامۆستایانی بەناوبانگی مۆسیقای ئاینی لە ئێران. ئەم گۆرانییە لە ئەلبوومی با قدسیانی یەك بوو، برای بەڕێزمان سامی یوسف لە ئەوروپا گوتبووی دەمەوێ‌ گۆرانییەكی كوردی عیرفانی بڵێم. یەكێك لە دۆستانمان باسی ئەو گۆرانییەی منی بۆ كردووە. سامی یوسف تەلەفۆنی بۆ كردم و گوتی زۆر سەرسامم بەم گۆرانییە. 

رووداو: پەیوەندیت لەگەڵ سامی یوسف بەهێزە؟

پەیام عەزیزی: بەڵێ‌ پەیوەندیم زۆر باشە و وەكو دوو هاوڕێین. سامی یوسف دوای ئەوەی گوێی لەو گۆرانییە گرتبوو، پێیگوتم حەز دەكەم پێكەوە بیڵێینەوە. منی داوەت كرد بۆ دوبەی، لە ستۆدیۆ تایبەتەكەی خۆی گۆرانییەكەمان تۆماركردەوە. جێگەی شانازییە بۆ من یەكەمینجارە مۆسیقا و شیعری كوردی لە وەسفی پێغەمبەری ئیسلام بە دەنگی گۆرانیبێژێكی نێودەوڵەتی بگوترێتەوە. یەك ملیار كەس گوێ لەو گۆرانیبێژە دەگرێ‌. بەپێی ئامارەكان لە 20 هونەرمەندە ناسراوەكانی جیهانە.

رووداو: گۆرانیی ئاینی جگە لە شیعر و ناوەڕۆكەكەی، لە رووی ریتم و ئاوازەوە جیاوازی هەیە..

پەیام عەزیزی: ئەگەر كەسێك بیەوێ‌ گۆرانی تەسەوف یان عیرفانی بڵێت، دەبێ‌ ئەو گۆرانیبێژە یان ئەو ئاوازدانەرە شارەزا بێ‌ لەو بوارە، لە منداڵییەوە لەگەڵ تەسەوف گەورە بووبێ‌. بتوانێ‌ بە زانیارییەوە ئەو ئیشە بكات. 

رووداو: تۆ لە كارەكانت زۆرتر چ ئامێرێك بەكاردێنی؟

پەیام عەزیزی: سوودم لە هەموو ئامێرەكان بینیوە. هەم ئامێرە كوردی و فارسییەكان، هەمیش ئامێرە جیهانییەكان. ئێستا سامی یوسف بۆ نموونە لە ئەوروپا، ئەمریكا و ئەفریقا كۆنسێرت دەكات، سوود لە هەموو ئامێرەكانی میوزیك لەهەر ناوچەیەك بێ‌، وەردەگرێ‌. 

رووداو: تا چەند سوودت لە ئامێرە ناوچەییەكانی كوردستان و ئێران بینیوە؟

پەیام عەزیزی: سوودم لە ئامێری كوردی و فارسی و تەنانەت جیهانیش بینیوە. 

رووداو: گۆرانیی ئاینی بە دەنگی تۆ و سامی یوسف تامێكی تایبەتی هەیە، بۆچی لە كوردستان هونەرمەندان بە كواڵیتییەكی خراپ بەرهەمەكانیان تۆمار دەكەن؟

پەیام عەزیزی: راستییەكەی دەبێ‌ دەزگایەك هەبێ‌ چاودێر بێ‌ بەسەر بەرهەمی هونەرمەندانەوە، پێش ئەوەی گۆرانییەكە بڵاوبكرێتەوە، ئەو دەزگایە گوێی لێ‌ بگرێ‌، بە هونەرمەندەكە بڵێ فڵان شوێنی گۆرانییەكە كەموكوڕیی هەیە. ئەگەر ئەو دەزگایە هەبێ‌، بێگومان گۆرانییەكانیش بە كواڵیتییەكی بەرز دەگەنە گوێی گوێگر.

رووداو: چەند ئەلبوومی گۆرانیت هەیە؟

پەیام عەزیزی: حەوت ئەلبوومم هەیە، یەكەم ئەلبوومم ساڵی 1997 لەگەڵ گروپی عەندەلیب بڵاوكردەوە. دووەم ئەلبوومم بەناوی (لبیك یا رسول اللە) لەگەڵ مامۆستای بەناوبانگی كوردستان مامۆستا موجتەبا میرزادەیە. سێ‌ ئەلبوومیشم لەگەڵ گروپی كامگاران هەیە. ئەوانیش ئەلبوومی سەرۆكی دڵ كە بە كرمانجی و سۆرانییە، شیعرە كرمانجییەكانم لە دیوانی مەلای جەزیری و شیعرە سۆرانییەكانیشم لە دیوانی وەفایی وەرگرتووە. هەروەها ئەلبوومی خورشیدی مەستان بە زمانی كوردی و عەرەبی و فارسییە. ئەلبوومی بارەگاش بە زمانی فارسی و كوردییە.

رووداو: پرۆژەی نوێت چییە؟ بەنیازی ئەلبوومی تازەی؟

پەیام عەزیزی: دوای ئەوەی ئەو كارەمان بە هاوبەشی لەگەڵ سامی یوسف تۆماركرد، بیری من زۆرتر بۆ ئەوە دەچێ‌ لەسەر ئاستی جیهان كار بكەم. ئێستا لەگەڵ گروپێكی ئێرانی و توركی گۆرانییەك بە زمانی كوردی و عەرەبی و فارسی و توركی پێشكەش دەكەین. هیوادارم وەكو بەرهەمەكانی دیكەمان دەنگدانەوەی هەبێ‌.