ریم یەكێكی باشتر دەدۆزێتەوە

رووداو – بەیروت

خانمە گۆرانیبێژی لوبنانی ریم شەریف رایگەیاند، ئێستا خەریكی تۆماركردنی كلیپێكی گۆرانییەكی تازەیە و لە ئایندەیەكی نزیكدا كلیپی دەكات، وەك خۆی دەڵێت، كلیپەكە بۆ مانگی چوار ئامادەدەبێت.

ریم شەریف، بە (رووداو)ی راگەیاند "گۆرانییەكی نوێ ئامادە دەكەم بەشێوەی خەلیجیی مۆدێرن، گۆرانییەكە باسی كچێكی بوێر دەكات كە بە خۆشەویستە كۆنەكەی دەڵێت ئیدی تۆم پێویست نییە و كەسێكی باشتر لە تۆم دۆزیوەتەوە. ئێستا خەریكی تۆماركردنی گۆرانییەكەم".

ماوەیەكە میدیا عەرەبییەكان باسی ئاهەنگی تایبەتی ئەو ئەستێرەیە دەكەن كە لە كوێت سازیكردبوو، ریم شەریف لەبارەی ئاهەنگی تایبەت لە وڵاتە عەرەبییەكان دەڵێت "دوو جۆری ئاهەنگی تایبەت هەیە، بۆ نموونە گۆرانیگوتن لە ئاهەنگی هاوسەرگیریی ئاهەنگی تایبەتە، ئەمە ئاساییە و كردوومە، بەڵام گۆرانی گوتن لە ژوورێكی تاریكدا عەیبەیە و هەرگیز نەمكردووە".