بێڵندانە و دەنگبێژی لە تۆماری نیشتمانیی میراتە کوولتورییەکانی ئێران تۆمارکران
رووداو دیجیتاڵ
جێگری بەڕێوەبەری گشتی میراتی کولتووری، گەشتیاری و پیشە دەستییەکانی پارێزگای ورمێ رایگەیاند، "بێڵندانە" و "دەنگبێژی" کە لە ناوچە جیاوازەکانی ئەو پارێزگایە هەن، لە تۆماری نیشتمانیی میراتە کولتوورییەکانی ئێران تۆمارکران.
داود فەرازی، جێگری بەڕێوەبەری گشتی میراتی کولتووری، گەشتیاری و پیشەدەستییەکانی پارێزگای ورمێ، رۆژی هەینی 3ی کانوونی دووەمی 2025 رایگەیاند، دۆسیەی شەش بەرهەمی میراتی پارێزگاکە لە کۆبوونەوەی ئەم دواییەی ئەنجوومەنی تۆمارکردنی میراتە کولتوورییەکاندا خرایە بەر باس و بە فەرمی لە تۆماری نیشتمانیی میراتە کولتوورییەکانی ئێران تۆمارکران.
بە گوتەی داود فەرازی، دوو لەو دۆسیانە تایبەت بوون بە "بێڵندانە" و "دەنگبێژی" کە لە ناوچە جیاوازەکانی ئەو پارێزگایە هەن و بە فەرمی لە تۆماری نیشتیمانی میراتە کولتوورییەکانی ئێران تۆمارکران.
جێگری بەڕێوەبەری گشتی میراتی کولتووری، گەشتیاری و پیشەدەستییەکانی پارێزگای ورمێ گوتیشی، تاوەکو ئێستا 60 بەرهەمی پارێزگای ورمێ لە تۆماری نیشتیمانی میراتە کولتوورییەکانی ئێران تۆمارکراون کە زیاتر تایبەتن بە داب و نەریتی خەڵک، رێورەسم و جەژنەکان، خۆراک و پیشە دەستییەکان.
بێڵندانە رێوڕەسم و جەژنێکی کوردییە کە لە دوای تەواوبوونی چلەی گەورەی زستان لە ناوچە جیاوازەکانی ناوچەی موکریان لە پارێزگای ورمێ و ناوچەکانی سەر بە پارێزگای سنەی رۆژهەڵاتی کوردستان بەڕێوەدەچێت. لە رێورەسمەکەدا خەڵک لە دەوری ئاگرێک کۆدەبنەوە وەک هێمایەک بۆ نزیکبوونەوەی وەرزی بەهار و دەستپێکردنی کاری کشتوکاڵ و ئاژەڵداری.
دەنگبێژی لە مێژووی میللەتی کوردا پێشینەیەکی کۆنی هەیە و زۆرینەی سەرگوزشتە و چیرۆکی خۆشەویستی و نەتەوەیی و شین و شایی و ئەو کارەساتانەی بەسەر کوردا هاتوون لە دەنگبێژیدا دەماودەم گێردراونەتەوە.
لە رۆژهەڵاتی کوردستان، لە شاری ورمێ، ناوچەی دەشتەبێلی سەر بە شاری شنۆ، سەڵماس، خۆی و ماکۆ دەنگبێژی هەیە.