فیلمێکی کەی بەهار خەڵاتی باشترین فیلم لە هیندستان بەدەست دێنێت

رووداو دیجیتاڵ

'سکاڵا' کورتە فیلمێکی کەی بەهار، فیلمسازی کوردە کە بە بودجەیەکی کەم بەرهەمهێنرا و تاوەکو ئێستا لە چەند فێستیڤاڵێکی نێودەوڵەتیدا بەشداربووە و خەڵاتی بەدەستهێناوە. 
 
کەی بەهار، دەرهێنەری کورتە فیلمەکە بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند، ئەم بەرهەمە سینەماییە، لە کۆتایی 2023 خەڵاتی باشترین کورتە فیلمی لە فێستیڤاڵی نێودەوڵەتیی فیلمی ئوتساڤ لە هیندستان بەدەستهێناوە و بڕیارە لە چەند فێستیڤاڵێکی دیکەی نێودەوڵەتیدا بەشدار بێت.
 
ئاماژەی بۆ ئەوەشکرد، فیلمەکەی لە مانگی تشرینی دووەمی 2023 خەڵاتی باشترین چیرۆکی رەسەنی لە فێستیڤاڵی نێودەوڵەتیی فیلمی ئینفێست لە نیویۆرکی ئەمریکا بەدەستهێنا. هەروەها بۆ فێستیڤاڵی نێودەوڵەتیی فیلمی لیفت – ئۆف کلۆبال لە لەندەنی بەریتانیا و فێستیڤاڵی نێودەوڵەتیی فیلمی مۆنکیس لە هیندستان هەڵبژێردراوە.
 
گوتیشی، جگە لەم فێستیڤاڵانە، 'سکاڵا' بۆ بەشی پێشبرکێی فێستیڤاڵی نێودەوڵەتیی فیلمی ئەمنیست لە فەرەنسا هەڵبژێردراوە کە گرنگییەکی زۆری لە بواری مافی مرۆڤدا هەیە و لە ناوەڕۆکی فیلمەکەوە نزیکە. روونیشیکردەوە، بەهۆی بێ دەرامەتی و دارایی پێویست، فیلمەکە بە پەڕۆشی و بە خۆبەخشی بەرهەمهێنرا.
 
'سکاڵا' کورتە فیلمێکی 15 خولەکی فیکشنە، لە نووسین، بەرهەمهێنان و دەرهێنانی کەی بەهار، فیلمسازی کوردی دانیشتووی بەریتانیایە، لە کانوونی یەکەمی 2022 لە هەولێر وێنەگیراوە و بە زمانی کوردییە. 
 
میران دزەیی، هاوبەرهەمهێنەری فیلمەکەیە و پارێزگای هەولێر، سینێ کورد و بڵند پڕۆدەکشن و چەند کەسێکی دیکە پاڵپشتی بەرهەمهێنانی بەرهەمهێنانی فیلمەکەیان کردووە.
 
کەی بەهار، ئاماژەی بۆ ئەوەشکرد، وەرگرتنی خەڵات لە فێستیڤاڵی نێودەوڵەتی فیلمی ئینفێست لە نیویۆرکی ئەمەریکا بۆ چیرۆکی رەسەن، بۆ کورد زۆر گرنگە، چونکە لە زۆربەی فیلمە کوردییەکان لایەنی چیرۆک و سکریپت لاوازی تەواویان پیوە دیارە، بەڵام ئەو توانی کێبرکێ لەگەڵ چیرۆکبێژان و سکریپتنوسانی ئاستبەرزی ئەوروپا و ئەمەریکا بکات خەڵات بەدەستبێنێت.
 
کەی بەهار، دەرهێنەر، سیناریۆنووس و بەرهەمهێنەری فیلمە و لە بەریتانیا دەژی، خاوەنی 22 فیلمی کورت و درێژە، لە 2003 بڕوانامەی بەکالۆریۆسی لە فیلم و میدیا لە کۆلێژی بیرکبێک لە لەندەنی بەریتانیا بەدەستهێنا و ماستەری لە فیلمکاری لە زانکۆی باس سپای بەریتانیا لە 2020 بەدەستھێنا.
 
یەکێک لە فیلمە بەناوبانگەکانی ئەو دەرهێنەرە کوردە، بەناوی 'I am Sami'یە کە زیاتر لە 150 پێشاندانی لە فێستیڤاڵە نێودەوڵەتییەکاندا هەبووە و 53 خەڵاتی بەدەستهێناوە.