رووداو دیجیتاڵ
ئەوانەی هۆگری میوزیک و گۆرانیی رۆک ئاند رۆڵن، بێگومان ئێلڤیس پرێسلی، گۆرانیبێژی ئەمریکی دەناسن و دەزانن کە چەند دەییەکە کۆچی دواییکردووە، بەڵام بڕیارە لە رێگەی ژیریی دەستکردەوە کۆنسێرتێکی بۆ سازبکرێت.
کۆنسیرتەکە لە مانگی تشرینی دووەمی 2024 لە لەندەن سازدەکرێت، دواتریش لە لاس ڤێگەسی ئەمریکا، بەرلینی ئەڵمانیا و تۆکیۆی ژاپۆن سازدەکرێت.
بۆ کۆنسێرتەکە سوود لە هەزاران وێنەی ئەو هونەرمەندە وەردەگیرێت و لەسەر داتاشۆیەک بە بەکارهێنانی تەکنیکی هۆلۆگراف کە شێوازێکی سێ رەهەندی پێشکەوتووە پێشکێش دەکرێت و هۆگرانی دەتوانن لە کۆنسێرتەکەدا ئامادەبن.
ئێلڤیس پرێسلی، لە 8ـی کانوونی دووەمی 1935 لە ئەمریکا لەدایکبووە، لە 1977 کۆچی دواییکردووە، جگە لە گۆرانیگوتن، تێکستی گۆرانی نووسیوە و ئەکتەر بووە، بە یەکێک لە هێما کولتوورییەکانی سەدەی بیستەم دەناسرێت، هۆگرانی نازناوی "شای رۆک ئاند رۆڵ" و "شا"ـیان پێبەخشیوە.
ئەو هونەرمەند لە 31 فیلمدا رۆڵگێڕاوە و خاوەنی 784 گۆرانییە و هەزار و 684 کۆنسێرتی سازکردووە، دەستپێکی کاری هونەریی بۆ 1954 دەگەڕێتەوە، جگە لە رۆک ئاند رۆڵ، بە چەندین رەنگی دیکە گۆرانی گوتووە، لەوانەش پەپ و کانتری.
پرێسلی، بە یەکێک لە هونەرمەندە پڕفرۆشەکان لە جیهاندا دەناسرێت و زیاتر لە 500 ملیۆن کۆپی لە بەرهەمەکانی لەسەر ئاستی جیهاندا فرۆشراون، براوەی سێ خەڵاتی گرامییە، جگە لە خەڵاتێکی دیکەی گرامی بۆ تەمەنێک لە کاری هونەری کە ئەوکات تەمەنی تەنیا 36 ساڵ بووە.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ