'The Cure' دوای 16 ساڵ ئەلبوومێکی نوێ بڵاودەکاتەوە
رووداو دیجیتاڵ
گرووپی رۆکی بەریتانی "The Cure" دوای 16 ساڵ، ئەلبوومێکی نوێی گۆرانی بڵاوکردەوە و لە کۆنسێرتێکدا لە لەندەن تەواوی گۆرانییەکانی نێو ئەلبوومەکەی پێشکێش بە هەوادارانی کرد.
ئەلبوومەکە بەناوی "Songs Of A Lost World"ـە و یەکەم ئەلبوومیەتی دوای 16 ساڵ دابڕان لە بڵاونەکردنەوەی ئەلبووم.
جگە لە تراکەکانی نێو ئەلبوومەکە، گرووپە رۆکەکە، چەند بەرهەمێکی پێشووی خۆی پێشکێشکرد، لەوانەش گۆرانیی "Just Like Heaven" و"Lullaby".
کۆنسێرتەکە تاکە چالاکیی گرووپەکەیە لەمساڵدا و بەشێوەی راستەوخۆ لە یوتیوبی گرووپەکە پەخشکرا.
"The Cure" لە 1976 دامەزراوە، یەکەم ئەلبوومی بەناوی "Three Imaginary Boys" لە 1979 بڵاوکردەوە، بەر لەو ئەلبوومەش چەند گۆرانییەکی تاکی بڵاوکردەوە، لە 1982 چوارەم ئەلبوومی بەناوی "Pornography" بڵاوکردەوە و هۆکاری بەناوبانگبوونی بوو لەسەر ئاستی جیهاندا. کۆتایی هەشتاکان و سەرەتای نەوەدەکان؛ درەوشاوەترین قۆناخی کارکردنی ئەو گرووپە بوو.
گرووپەکە خاوەنی 14 ئەلبووم و 40 گۆرانی تاکە، زیاتر لە 30 ملیۆن کۆپی لە بەرهەمەکانی فرۆشراون، لە 2019 ناوی گرووپەکە لە هۆڵی نێودارانی رۆک ئاند رۆڵ تۆمارکرا.