رووداو دیجیتاڵ
هەفتە نمایشی جلوبەرگی دوبەی تایبەت بە وەرزی بەهاو و هاوینی 2025 لە دوبەی بەڕێوەدەچێت، تێیدا دیزاینەرانی ئیمارات و جیهان کۆمەڵە دیزاینەکانیان دەخەنەڕوو و رێکخەرانی کار بۆ ئەوە دەکەن، ئاستی هەفتە نمایشەکە بگەیێننە ئاستی هەفتە نمایشە بەناوبانگەکانی جیهان.
لە یەکەم رۆژی هەفتە نمایشەکەدا، هەردوو دیزاینەرەی مالیزی، ریزمان نورەدین و رۆزاینی جەمیل نوێترین کۆمەڵە دیزاینی خۆیان بەناوی ریزمان رۆزاینی خستەڕوو. ئەوان دەڵێن، بۆ بیرۆکەی دیزاینەکانیان سوودیان لە سینەما و جلوبەرگی کلاسیکی مالیزیا وەرگرتووە.
ئەو دوو دیزاینەرە ئاماژەیان بۆ ئەوەشکرد، خانەیەک بۆ فرۆشتنی بەرهەمەکانیان لە ئیمارات دەکەنەوە.
لە هەفتە نمایشەکەدا، جگە لە خستنەڕووی بەرهەمی دیزاینەران، رۆژانە گفتوگۆ لەبارەی دیزاین و هونەری فاشن رێک دەخرێ.
هەفتە نمایشی جلوبەرگی دوبەی، لە 1ـی تاوەکو 7 ئەیلوولی 2024 لە دوبەی لە ئیمارات بەڕێوەدەچێت.
رێکخەرانی هەفتە نمایشەکە، بە بانگهێشتکردنی براند، دیزاینەر و نمایشکارە جیهانییەکان، دەیانەوێت ناوی دوبەی بخەنە پاڵ، گرنگترین هەفتە نمایشەکانی جلوبەرگی وەک میلان، لەندەن، پاریس و نیویۆرک.
مێژووی دامەزراندنی هەفتە نمایشی دوبەی، بۆ 7ـی شوباتی 2023 دەگەڕێتەوە و درێژەپێدەری هەفتە نمایشی جلوبەرگی عەرەبییە کە لە 2015 دامەزراوە، تایبەتە بە جلوبەرگی ژنان و پیاوان بۆ چوار وەرزی ساڵ و ئێستا بە هەفتە نمایشی فەرمیی ئیمارات دەناسرێت.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ