لە لەندەن نوێترین زنجیرەی تەلەڤیزیۆنیی نیکۆڵ کیدمەن پێشاندرا

 
رووداو دیجیتاڵ

لە لەندەنی بەریتانیا، پێشاندانی تایبەتی زنجیرەی تەلەڤزیۆنیی "The Perfect Couple" بە ئامادەبوونی بەشێک لە ستافی کارەکە بەڕێوەچوو، لەوانە نیکۆڵ کیدمەن، ئەکتەری ئوسترالی – ئەمریکی کە رۆڵی سەرەکی تێدا دەگێرێت.
 
لەم بەرهەمەدا نیکۆڵ کیدمەن و لیڤ شرایبەر رۆڵی دوو هاوژین دەگێڕن، کاتێک ئاهەنگی هاوژینی بۆ کوڕەکەیان دەگێڕن، مردنی یەکێک لە ئەندامانی ماڵباتەکە پلانەکەیان ئاڵۆز دەکات.  
 
هەر لەم هەفتەیەدا نیکۆڵ کیدمەن بۆ پێشاندانی نوێترین فیلمی بەناوی "Babygirl"، لە 81ـەمین فێستیڤاڵی نێودەوڵەتیی فیلمین ڤێنس لە ئیتاڵیا ئامادەبوو.
 
کیدمەن لەبارەیەوە دەڵێت: "شتەکە پێشبینی نەکراو بوو. دەمانگوت ئەمە چۆن روویدا؟ بەڵام ئێمەی ئەکتەر ناتوانین شتەکان کۆنترۆڵ بکەین. بۆ نموونە، "Babygirl" بانگهێشتی فێستیڤاڵی فیلمی ڤێنس کرا، بەڵام تا کانوونی یەکەم نمایش ناکرێت. من لەگەڵ دۆخەکە دەڕۆم. دەزانم بەرهەمەکەمان ئامادەیە بۆ نمایش، منیش چێژی لێ دەبینم. دوای پێشاندانی یەکەمی لە لۆس ئەنجلس، دەگەڕێمەوە ماڵەوە و دەست بە رۆتینی ئاساییم دەکەمەوە. دواتر بیرێکی لێدەکەمەوە و بەخۆم دەڵێم، ئایە ئەم هەموو شتانە بە راست روویاندا؟. 
 
بڕیارە زنجیرەی "The Perfect Couple" لە 5ـی ئەیلوولی 2024 بۆ بەکارهێنەرانی تۆڕی نێتفلێکس لە ئەمریکا بەردەست بێت.
 
نیکۆڵ کیدمەن، یەکێک لە ئەکتەرە ناسراوەکانی سینەمای هۆلیوود و جیهانە و براوەی خەڵاتی ئۆسکارە وەک باشترین ئەکتەری سەرەکی، لە پاڵ فیلمە سینەماییەکانیدا، لەم چەند ساڵەی دواییدا لە ژمارەیەک زنجیرەی تەلەڤزیۆنیدا رۆڵی سەرەکی گێڕاوە.