رووداو دیجیتاڵ
لە سەردەمی بڵاوبوونەوەی ڤایرۆسی کۆرۆنا چیرۆکی زۆر کراونەتە بەرهەمی ئەدەبی و هونەری، 'ئەمبوڵانس 122' کورتەفیلمێکی نوێیە و چیرۆکەکەی بۆ سەردەمی کۆرۆنا دەگێڕێتەوە و لە دەرهێنانی کەریمۆک غەفوورە.
کورتە فیلمەکە لە دەرهێنانی کەریمۆک غەفوورە و باس لە پیاوێک دەکات، ئەمبوڵانسێک لە نەخۆشخانە دەڕفێنێت کە تەرمی دایکی تێدایە و بە ڤایرۆسی کۆڕۆنا گیانی لەدەستداوە، کارمەندانی حکومەت دەیانەوێت بێ ئامادەبوونی کوڕەکەی تەرمەکە بنێژن.
کاری وێنەگرتنی ئەم بەرهەمە تەواو بووە و دیمەنەکانی لە سەیدسادق وێنەگیراوە و بڕیارە بەم نزیکانە بڵاوبکرێتەوە.
کەریمۆک غەفوور، میوانی بووڵتەنی هونەریی تۆڕی میدیایی رووداو بوو کە رۆژانە کاژێر 10:40 بەیانی لەلایەن بانوو دڵشادەوە پێشکێشدەکرێت و لەبارەی فیلمەکە و دۆخی بەرهەمهێنانی فیلم لە کوردستان دوا.
کەریمۆک غەفوور، فیلمساز و رۆژنامەڤان، لە 1972 لە هەولێر لە دایکبووە، لە 1986 دەستی بەکاری هونەری کردووە، بەکالۆریۆس لە هونەری سینەمادا هەیە و لە هەمان بواردا ماستەر دەخوێنێت.
وەک دەرهێنەر و سیناریۆنووس کاری لەم بەرهەمانەدا کردووە، کورتە فیلمی 'مایکرۆفۆن' لە 2015، زنجیرە درامای 'براوە و دۆڕاوەکان' لە 2014، بەڵگەفیلمی 'بیست ساڵ حوکمڕانی' لە 2011، بەڵگەفیلمی 'کۆنتراستی ژیان' لە 2010، کورتە فیلمی 'شەرەفی خوێناوی' لە 2008، بەڵگەفیلمی 'سێبەری ئاگر' لە 2006، کورتە فیلمی 'هەمیشە عەشق' لە 2005، کورتە فیلمی 'فڕین لە هەورامان' لە 2004، سیناریۆی کورتە فیلمی 'ژمارە یەک' لە 1999، نووسین و دەرهێنانی شانۆگەری 'ئەنفالستان' لە 1986، دەرهێنانی پرۆژەی 'شانۆی شێوەکاری جەستەگۆیی' لە 1994. هەروەها وەک ئەکتەر و وێنەگر کاری بۆ چەند بەرهەمێک کردووە.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ