وێنەی فیلمی 'Gladiator 2' بڵاوکرایەوە

03-07-2024
پەسار فایەق
نیشانەکردن "Gladiator 2"
A+ A-
رووداو دیجیتاڵ

کۆمپانیای پارامۆنت پیکچەرز، چەند وێنەیەکی نێو بەشی دووەمی فیلمی سینەمایی "Gladiator" لە دەرهێنانی ریدلی سکوت بڵاوکردەوە، بەڵام ئەمجارە بەبێ راسڵ کرۆو کە لە بەشی یەکەمیدا رۆڵی سەرەکی گێڕابوو.
 
لە بەشی دووەمی زنجیرە فیلمەکەدا، هەریەک لە پۆل مێسکاڵ، پێدرۆ پاسکاڵ و دینزڵ واشنتن رۆڵی سەرەکی دەگێڕن.
 
بڕیارە ئەم بەرهەمە سینەماییە لە 22ـی تشرینی دووەمی 2024 لە سینەماکانی جیهاندا پێشانبدرێت.
 
بەم دواییە پۆل پاسکاڵ رایگەیاند، لە وێنەگرتنی بەشی دووەمی زنجیرە فیلمەکە تەواو بووە، تێیدا رۆڵی کارەکتەری لوسیوسی گێڕاوە.
 
راسڵ  کرۆو کە رۆڵی سەرەکی لە بەشی یەکەمیدا گێڕاوە و بەهۆیەوە ناوبانگییەکی جیهانی بەدەستهێناوە، لە بەشی دووەمیدا بەشدار نەبووە.
 
"Gladiator" بە یەکێک لە گرنگترین فیلمەکانی لە مێژووی سینەمای جیهاندا دەناسرێت و لە دەرهێنانی ریدلی سکۆتە، بەهۆیەوە کرۆو خەڵاتی ئۆسکاری وەک باشترین ئەکتەری سەرەکی بەدەستهێنا.
 
لە 2022 کرۆو سەردانی شوێنی وێنەگرتنی بەشی یەکەمی فیلمەکەی کرد بەبۆنەی تێپەڕبوونی 22 ساڵ بەسەر بەرهەمهێنانیدا. لە تشرینی یەکەمی هەمان ساڵدا لە رێوڕەسمێکدا لەلایەن رۆبێرتۆ گۆالتیری، سەرۆکی شارەوانی رۆما وەک باڵیۆزی شانازیی رۆما دەستنیشانکرا.
 
کرۆو، لەمبارەیەوە رایگەیاندبوو، راستە ئەو لەو شوێنە ئامادەبووە، بەڵام بۆ بەشداربوون لە فیلمەکەدا نەبووە، بەڵکو ئەو بۆ کۆنسێرتێک لە وڵاتی ماڵتا بوو و لە ناکاو بینیویەتی کە قەڵای "Ricasoli" دروستکراوەتەوە کە لە فیلمەکەدا بەکارهاتووە، بۆیە چووەتە شوێنی وێنەگرتنی فیلمەکە.
 
راسڵ  کرۆو، لە 7ـی نیسانی 1964 لە نیوزلەند لەدایکبووە و لە ئۆسترالیا ژیاوە، لە 1992 لە فیلمی درامایی "Romper Stomper"، لە 1999 لە فیلمی "The Insider" و لە 2001 لە فیلمی  "A Beautiful Min" رۆڵی سەرەکی گێڕاوە.
 
ئەو ئەکتەرە سینەماییە لە رێگەی فیلمی "Robin Hood" ناوبانگی پەیداکرد، بەڵام هۆکاری سەرەکی بەناوبانگبوونی لە ئاستی جیهاندا، فیلمی "Gladiator" بوو کە لە 2000 بڵاوکرایەوە.
 
کرۆو، سێ جار بۆ خەڵاتی ئۆسکار بەربژێرکراوە، یەکجار بەدەستی هێناوە، جگە لەو خەڵاتە براوەی چەندین خەڵاتی دیکەیە، لەوانە گۆڵدن گڵۆب.

 

 

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە