ئیبراهیم تاتڵیسەس: هەڕەشەیان بە کوشتنی کوڕەکەم لێکردووم

03-07-2018
کۆسار عوسمان @KassoOsman
نیشانەکردن ئیبراهیم تاتڵیسەس
A+ A-

رووداو - ئیستەنبووڵ

هونەرمەند ئیبراهیم تاتڵیسەس سکاڵای یاسایی تۆمارکرد و رایگەیاند، کەسانێک هەڕەشەیان کردووە و گوتوویانە کوڕەکەت دەکوژین.


میدیاکانی تورکیا بڵاویانکردەوە، هونەرمەندی ناسراوی تورکیا، ئیبراهیم تاتڵیسەس سکاڵای تۆمارکردووە. 

هەر بەپێی هەواڵەکان لە ژمارەیەکی نەناسراوەوە پەیوەندی بە کۆمپانیای تایبەت بە ئیبراهیم تاتڵیسەس و کوڕەکەیەوە کراوە و گوتراوە:"ئیدۆی کوڕی ئیبراهیم تاتڵیسەس دەکوژین''. دواتر پەیوەندیکاران راستەوخۆ تەلەفۆنەکەیان داخستووەتەوە.

لەگەڵ زانینی ئەمە ئیبراهیم تاتڵیسەس لەڕێی پارێزەرەکەیەوە سکاڵای یاسایی تۆمارکرد و لایەنی پەیوەندیداری لە بوونی هەڕەشەیەکی وەها ئاگادارکردەوە.

پارێزەرەکەی تاتڵیسەس گوتی، تاوەکو ئێستا چەندینجار هەڕەشەیان لە هەردوو کوڕەکەی تاتڵیسەس، ئیدۆ و ئەحمەد کردووە.

ئیبراهیم تاتلیسەس داوای لە دادوەر کرد ئاسایشی کوڕەکانی بپارێزرێت، دادوەریش وەکو یەکەم هەنگاو بڕیاری لێکۆڵینەوەی لە پەیوەندییە تەلەفۆنییەکە دەرکرد. 

ئیبراهیم تاتڵیسەس لە 1-1-1952 لە شاری ئورفای باكووری كوردستان لە ماڵباتێكی كوردی لە دایكبووە، بەڵام زۆرتر لە شارە توركییەكان بە تایبەتیش ئیستەنبووڵ ژیاوە و هەر بە توركیش قسەی كردووە و گۆرانییەكانی تۆماركردوون، بۆیە زیاتر وەك هونەرمەندێكی تورك دەناسرێ.

ئیبراهیم تاتڵیسەس خاوەنی زیاتر لە 40 ئەلبوومی گۆرانییە و بە ئیمپراتۆڕی هونەری گۆرانیی توركی ناسراوە. بەشداری چەندین فیلمی كردووە. ئەو جگە لە كاری هونەری سەرقاڵی كاری بازرگانیش بوو.

تاتڵیسەس لەساڵی 2011 لە هەوڵێكی كوشتن رزگاری بوو، بەڵام بەشێكی جەستەی لەكاركەوت و تاوەكو ئێستاش چارەسەری وەردەگرێت.

داڕشتنەوە؛ راوچی حەسەن 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە