د. روشدی وەڵامی ئیبراهیم تاتڵیسەس دەداتەوە

شیڤان شێرزاد
رووداو-هەولێر

د.روشدی سەعید، وەڵامی ئیبراهیم تاتڵیسەس دەداتەوە رای دەگەیەنێت ئەوە بێوەفایی تاتڵیسەس دەردەخات چونكە كاتێك لە نەخۆشخانە بوو بڕی 500 هەزار یۆرۆم داوەتە خێزانەكەی، دەشڵێت " پێم باشە ناو و ناتۆرە بۆ خەڵك نەدۆزێتەوەو خۆی بە كارێكی دیكەوە سەرقاڵ بكات".

دوای ئەوەی هونەرمەند ئیبراهیم تاتلیسەس لە راگەیاندنەكان هێرشێكی توندی كردە سەر گرووپی كۆمپانیاكانی عادل موتەحیدەو د.روشدی سەعید، سەرۆكی لیستی خێر و بەخشش لە هەڵبژاردنی پارێزگاكانی عێراق كە تۆمەتباری كرد بە پێنەدانی بڕێك پارە وەك خاوەن پشكێك لە كۆمپانیاكە.

لە بەرامبەردا د.روشدی سەعید, وەڵامی دەداتەوەو بە (رووداو)ی راگەیاند:"قسەكانی هونەرمەند ئیبراهیم تاتڵیسەس دوورن لە راستیەوەو ئەگەر هەست بە مەزڵومیەتی خۆی دەكات كە ئێمە پابەندنەبووین بە گرێبەستێك لەگەڵ ئەو  بۆچی ناچێت داوای خۆی پێشكەش بە بەڕێوبەری كارەكانی گرووپی كۆمپانیاكانی عادل موتەحیدە بكات و داوای حەقی خۆی بكات".


دەشڵێت " ئەمە بێ وەفایی تاتڵیسەس دەردەخات چونكە لە كاتی برینداركردنی كە هێرشەكەی كرایەسەر من 500 هەزار یۆرۆم لە نەخۆشخانەدا بە خێزانەكەی و تا گەیەندرایە ئەڵمانیا من هاوكاریم كرد ئەمەش بە هۆی ئەوەی دایكی وەك خۆم كوردەو باوكی لە نەتەوەیی عەرەبە، لە دوای خودای مەزنەوەش من دووەم هۆكار بووم بۆ مانەوەی هونەرمەند لە ژیان".

روشدی سەعید ئەوەشدەخاتەڕوو  ئێستا لە ئاستێكی زۆر بەرزترە لە تاتڵیسەس، گوتیشی:"بەهۆی تێكەڵبوونم بە كاری سیاسیەوە، كە خاوەنی 4 كورسیم لە هەڵبژاردنی پارێزگاكانی عێراق و خاوەن پێگەی خۆمم لە نێو خەڵكی عێراق و حكومەتەوە".

روشدی  دەشڵێت"هاوكاریكردنی من بۆ تاتلیسەس تەنیا ئەوەبووە من هەمیشە پاڵپشتیم لە هونەرمەندان كردووە، بە نموونەش (سەڵاح عەبدولغەفوور و یاس خزر و سەمیر غانم و ئیبراهیم تاتلیسەس). بۆیە پێم باشە هونەرمەندی ناوبراو ناو و ناتۆرە بۆ خەڵك نەدۆزێتەوەو خۆی بە كارێكی دیكەوە سەرقاڵ بكات".