پڕۆژەی میوزیکیی 'نیشتمان سێ' لە سێ فێستیڤاڵی فەرەنسا پێشکێش دەکرێت

03-06-2024
پەسار فایەق
پۆستەری پڕۆژەی میوزیکی نیشتمانی سێ
پۆستەری پڕۆژەی میوزیکی نیشتمانی سێ
نیشانەکردن پڕۆژەی میوزیکی نیشتمان
A+ A-
رووداو دیجیتاڵ

پڕۆژەی میوزیکیی "نیشتمان سێ"، بە سپۆنسەریی تۆڕی میدیایی رووداو، لەم مانگەدا لە سێ فێستیڤاڵی میوزیکی فەرەنسا بەشدار دەبێت.
 
پڕۆژەی میوزیکی نیشتمان، تاوکو ئێستا سێ ئەلبوومی بە بەرپرسیاریەتی هونەرمەند هەژار زەهاوی بەرهەمهێناوە، هەریەک لە هونەرمەندان ئەیوب عەلی، گۆران کامیل، رۆبن ڤاسی، ئەرتان تەکین، مستەفا تالیب و میلاد محەممەد تێیدا بەشدارن.
 
کۆنسێرتی یەکەمی پڕۆژەی میوزیکیی "نیشتمان 3" لە فەرەنسا، لە 5ـی حوزەیران لە شاری ئانژی، دووەم کۆنسێرت لە 6 حوزەیران لە شاری نانت و سێیەم کۆنسێرت لە 7 حوزەیران لە شاری پێریگو دەبێت.
 
سێیەم ئەلبوومی پڕۆژەی نیشتمان بەناوی "نەورۆز"ـە و بە "نیشتمان سێ"ـش دەناسرێت، بە سپۆنسەری تۆڕی میدیایی رووداو بەرهەمهاتووە.
 
گۆرانییەکانی ئەم بەرهەمە لەلایەن هونەرمەند ئەیوب عەلی گوتراون، گۆران کامیل، هونەرمەندی میوزیکژەن، کاری دابەشکردن و میوزیکی بۆ کردووە و لە پاڵ میوزیکژنانەی دیکە، میوزیکی ژەنیوە.
 
"نیشتمان سێ" پڕۆژه‌یه‌كی میوزیكییه‌، هه‌رجارەو له‌لایه‌ن كۆمه‌ڵێك هونه‌رمه‌ند و میوزیكژه‌نی جیاواز تۆمار ده‌كرێت، "نیشتمان یه‌ك" له‌ 2013 له‌ پاریس تۆماركرا، "نیشتمان دوو" له‌ 2016 له‌لایه‌ن هونەرمەند دڵشاد محه‌ممه‌د سه‌عید تۆماركرا، پڕۆژەی "نیشتمانی سێ" لە 2020 لە پاریس تۆمارکرا.
 
ئەلبوومی "نەورۆز" لە 2022 بەشێوەی ئەلبوومی چاپکراو و دیجیتاڵی بڵاوکرایەوە، بەرهەمی کوردی بە چەند زاراوەیەک لەخۆدەگرێت، لەوانە کرمانجی سەروو، کرمانجی خواروو، زازاکی، کەڵهووری و هەورامی.
 
جگە لە هونەرمەندان هەژار زەهاوی، ئەیوب عەلی و گۆران کامیل، هونەرمەندی دیکە بەشداربوونە.
 
ئەلبوومەکە نۆ تراک لەخۆدەگرێت و بەم ناوانەن: "ئانا باریکرد"، "چای باربانا"، "ئەرمەنی"، "کۆڵانی تەنگ"، "نەورۆز"، "تەنتەنە"، "تۆز دەکات"، "تۆز دەکات – ریمیکس" و "وەرنێ".
 
هه‌ردوو پرۆژه‌ی نیشتمانی یەک و دوو، له زیاتر له‌ 50 كۆنسێرتی جیهانی پێشکێشکراون و كۆمپانیای "Accords Croises" كه‌ كۆمپانیایه‌كی فه‌ره‌نسییه‌ و بۆ سەتان گۆرانیبیژ و میوزیکژەنی جیهانی كاریكردووه‌، له‌ سه‌ره‌تای پرۆژه‌ی نیشتمانه‌وه،‌ تاوەکو ئێستا بڵاوکردنەوەی بەرهەمەکانی ئەو پڕۆژەیەی لە ئەستۆ بووە.

 

 
 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە