لە ئەڵمانیا دوا نمایشی 'داگیرکردنی تاریکی' بەڕێوەچوو

رووداو دیجیتاڵ

'داگیرکردنی تاریکی' بەرهەمێکی شانۆییە لە دەرهێنانی ئیحسان عوسمان کە چیرۆکەکەی لە رۆمانێکی بەختیار عەلی، رۆماننووسی کورد وەرگیراوە و کەڤاڵ سدقی تێکستەکەی بۆ شانۆ ئامادە کردووە، دوا نمایشی لە شاری ڤیزبادنی ئەڵمانیا بەڕێوەچوو.
 
لە دوایین نمایشدا کە رۆژی هەینی 2ـی حوزەیرانی 2023 بەرێوەچوو، ئیحسان عوسمان، لە بری هونەرمەندی کورد فەرهاد کەسکین رۆڵی گێڕا کە لە نمایشەکانی دیکەدا رۆڵەکەی گێڕابوو.
  
رۆمانی 'داگیرکردنی تاریکی' گەشتێکە بە مێژووی تورکیا و کورد و ململانێ سیاسییەکانی تورکیا لە حەفتا و هەشتاکانی سەدەی رابردوودا.
 
ئیحسان عوسمان، دەرهێنەری شانۆگەرییەکە، پێشتر بە تۆڕی میدیایی روودای راگەیاندبوو، ئەو خوێنەری بەرهەمەکانی بەختیار عەلییە، بەتایبەت رۆمانەکانی و کاتێک رۆمانی 'داگیرکردنی تاریکی'ـی خوێندەوە زۆر کاریگەر لەسەر ئەو دروستکردووە، بۆیە بڕیاریدا وەک بەرهەمێکی شانۆیی بەرهەمی بێنێت.
 
لەبارەی ناوەڕۆکی بەرهەمەکە، ئاماژەی بۆ ئەوەکرد، لەبارەی قەدەخەکردنی زمانی کوردییە، قەدەخەکردن وشەیەکی کەمە بۆ دەربڕین، بەڵکو ویستیان لە رێگەی قەدەخەکردنی زمان، کولتوورێک لە نێو ببەن و ئەو هەوڵە لە 1923 لە تورکیا دەستیپێکرد. گوتیشی: "بە دەرفەتم زانی ئەو مێژووە رەشە لەسەر گەورەترین تەختی شانۆی ئەوروپا پێشکێش بکەم".
 
یەکەم نمایشی ئەم بەرهەمە شانۆییە لە 17 شوباتی 2023 دەستیپێکرد و چەند نمایشێکی لە چوارچێوەی چالاکییەکانی فێستیڤاڵی شانۆی مای فێست شپیلە بۆ کرا.