لە ناشڤێل کەلوپەلە تایبەتەکانی تایلەر سویفت لە پێشانگەیەکدا خرانەڕوو

رووداو دیجیتال

لە هۆڵی ئەستێرەکان کانتری و مۆزەخانەکەی لە شاری ناشڤێلی ئەمریکا، چەند کەلوپەلێکی تایبەتی تایلەر سویفت، گۆرانیبێژی ئەمریکی خرانەڕوو.
 
لە بەشی هەرە سەرنجڕاکێشی پێشانگەکەدا، ئەو جلوبەرگانەی سویفت خراونەتەڕوو کە لە کاتی وەرگرتنی 12 خەڵاتی گرامی لەبەری کردوون.
 
هەروەها دە پارچە جلوبەرگی لە پێشانگەکەدا بەرچاو دەکەون، کەو ئەو هونەرمەندە بۆ ناساندنی 10 ئەلبوومی گۆرانییەکەی بەکاری هێناون.
 
چاکەتێکی خوری دەستکرد کە لە ڤیدیۆکلیپی 'You Need to Calm Down' بەکارهاتووە، لە پێشانگەکەدا بەرچاو دەکەوێت، جگە لە جلوبەرگێکی دیکەی کە لە کۆنسێرتی 'Fearless Tour' لە 2009 پۆشیویەتی.
 
لە پێشانگەکەدا چەند کەلوپەلێکی دیکەی ئەو گۆرانیبێژە بەرچاو دەکەون کە رۆژی دووشەممە 1ـی ئایاری 2023 کرایەوە و تاوەکو 31 ئەم مانگە بەردەوام دەبێت.
 
تایلەر سویفت، یەکێک لە هونەرمەندە هەر ناسراوەکانی جیهانە و لەرێگەی بەرهەکانییەوە چەندین ریکۆردی نوێی تۆمارکردووە و ساڵانە ئەلبوومێکی گۆرانی بڵاودەکاتەوە، بە پێچەوانەی بەشێک لە هونەرمەندە جیهانییەکان کە چەند ساڵ جارێک ئەلبوومێک بڵاودەکەنەوە.
 
لەلایەکی دیکەوە، حەوت ئەلبوومی گۆرانیی ئەو گۆرانیبێژە جیهانییە لە لیستی 40 ئەلبوومی 'بیلبۆرد'دا بۆ باشترین ئەلبوومەکاندا هاتوون.
 
سویفت، دەبێتە یەکەم هونەرمەندی زیندوو ئەو ریکۆردە تۆمار بکات و لە ریزبەندی یەکەمی لیستەکەدا، ویتنی هیستن، هونەرمەندی کۆچکردووی ئەمریکی دێت.
 
سویفت، ئەم تۆمار نوێیەی لە دوای بڵاوکردنەوە دوایین ئەلبوومییەتی بەناوی 'Midnights' دێت کە لە ریزبەندی یەکەمی لیستەکەیدایە و ئەلبوومەکانی دیکەی لە ریزبەندی 13، 14، 22، 26 و 31ـدایە.
 
لەلایەکی دیکەوە و لە دوای پێنج ساڵ دابڕان لە سازکردنی گەشتی هونەری، ئەو هونەرمەندە جیهانییە، گەشتێکی هونەری دەستپێکردووە و یەکەم کۆنسێرتی لەو گەشتە هونەرییەی لە ئاریزۆنای ئەمریکا بوو و لە ماوەی سێ کاژێردا 44 گۆرانی پێشکێشکرد.