هونەرمەند مەریوان سەفائەددین بۆ (رووداو): لەڕێگەی بەهجەت یەحیاوە بوومە گۆرانیبێژ

رووداو- سلێمانی

هونەرمەندی گۆرانیبێژ مەریوان سەفائەددین، لەدایكبووی شاری هەڵەبجەیە، بەڵام ساڵانێكە لە سوێد نیشتەجێیە. ئەو لە كاتی كیمیابارانی شاری هەڵەبجەدا لەوێ‌ بووە و دەڵێت ئەو رۆژە قیامەتی بە چاوی خۆی بینیوە، هەر بەهۆی كیمیابارانی شارەكەشی نەیتوانیوە خوێندن تەواو بكات.
مەریوان خاوەنی دوو ئەلبوومی گۆرانییە، یەكەمیان بەنێوی (دیە) لە ساڵی 2002 بڵاوی كردووەتەوە، ئەلبوومی دووەمیشی كە بەناوی جێژوانە لە ساڵی 2006 بڵاوكرایەوە، ئەمساڵیش بەنیازە ئەلبوومێك بڵاوبكاتەوە.

رووداو: تۆ خەڵكی شاری هەڵەبجەی و لە كاتی كیمیابارانەكەشدا لە شارەكە بوویت، چیت لەبیر ماوە؟

مەریوان سەفائەددین: هەموو كارەساتەكەم بە چاوی خۆم بینی. نیوەڕۆ بوو چەند برادەرێك پێكەوە بووین، فڕۆكەكان هەڵەبجەیان بۆردومان دەكرد، ئێمەش بۆ خۆپاراستنمان چووینە ژێرزەمینێكەوە تاوەكو ئێوارە. دواتر لەگەڵ خەڵكدا چووینە ناوچەی عەبابەیلێ و لەوێشەوە بۆ ئێران. بەداخەوە ساڵانە لەگەڵ نزیكبوونەوەی ئەو یادەدا رۆژانی پێش و پاش یادەكەش دەمباتەوە بۆ ئەو كاتە و هەمیشە وێنەكەم دێتە پێش چاو. 100 ساڵی دیكەش تێپەڕ بێت لای من هەموو رۆژێك برینێكی تازەیە، چونكە قیامەتم بەچاوی خۆم بینی و دەمگوت بەهیچ جۆرێك رزگارمان نابێت.

رووداو: كەی لە ئێران گەڕانەوە؟

مەریوان سەفائەددین: كە چووینە ئێران، ساڵی 1989 بە لێبوردنی حكومەتی بەعس گەڕاینەوە و لە ناوچەی باینجانی نزیك شاری سلێمانی دایانناین، دواتر ماڵی خاڵی دایكم ئێمەیان هێنایەوە بۆ سلێمانی.

رووداو: وا بزانم هەر بەهۆی ئەو كارەساتەوە خوێندنت تەواو نەكردووە؟

مەریوان سەفائەددین: لەكاتی كیمیابارانەكەدا لە دووی ناوەندی بووم، بەڵام دوای گەڕانەوەشمان و نیشتەجێبوونمان لە سلێمانی، ئێمەی هەڵەبجەیی بۆمان نەبوو بخوێنین. لە هەر شوێنێكیش دەربكەوتینایە دەستگیر دەكراین، دوای راپەڕین دیسان چووینەوە ئێران، دواتریش كە گەڕاینەوە كوردستان شەڕی ناوخۆ دەستیپێكرد و بارودۆخ دیسان ناهەموار بوو، ئیدی نەمتوانی خوێندن تەواو بكەم. لە ساڵی 1996 چوومە دەرەوەی وڵات.

رووداو: لە كەیەوە دەستت بە كاری هونەری كردووە؟

مەریوان سەفائەددین: دوای راپەڕین چوومە لای ناسیاوێكمان بۆ ئیشكردن، ئەو ناسیاوەمان فیتەر بوو. لەوێ‌ جارجارە گۆرانیم دەگوت، برادەرێك هاتوچۆی دەكردین كە هاوڕێی هونەرمەند بەهجەت یەحیا بوو، ئەو برادەرە كە گوێی لە دەنگم بوو گوتی هەست دەكەم دەنگت خۆشە، بۆچی گۆرانی ناڵێیت؟ دیارە قسەی لەگەڵ كاك بەهجەت كردبوو. ئەوكات كاك بەهجەت دوكانی شیرینی هەبوو، چووینە لای و پێكەوە ئیشمان دەكرد، پاشان هونەرمەند جەمال حەسەنیش هاتە لامان و بووینە سێقۆڵی بۆ ئیشی شیرینی و كاری هونەریش.

رووداو: یەكەم گۆرانیت بەنێوی هەی باوە باوە بوو كە گۆرانییەكی فۆلكلۆر بوو، بۆچی بە فۆلكلۆر دەستت پێكرد؟

مەریوان سەفائەددین: راستییەكەی زۆر حەزم لەوە نەبوو گۆرانی فۆلكلۆری بڵێم، بەڵام لەو سەردەمەشدا ئەكادیمیا نەبوو، بارودۆخی كوردستانیش وێران بوو، ئەوەندە موزیسیان و ئاوازدانەر نەبوو كارت بۆ بكەن، ئەوەی هەبوو گۆرانی فۆلكلۆر بوو، بۆیە ئەوەم هەڵبژارد.

رووداو: زیاتر لە 20 ساڵە كاری هونەری دەكەیت، بەڵام تائێستا تەنیا دوو ئەلبووم و چەند گۆرانییەكت هەن، كەم نییە؟

مەریوان سەفائەددین: نەخێر كەم نین، لەبەرئەوەی گۆرانییەكان چوونەتە نێو خەڵكەوە، دەمتوانی تاوەكو ئێستا 10 ئەلبووم بكەم و هیچیشیان نەڕۆنە نێو خەڵكەوە.

رووداو: زیاتر كار لەسەر شێوازی سوننەتی دەكەیت، بۆچی؟

مەریوان سەفائەددین: بەو شێوەیە نییە، بەڵكو ئەو كارانەی بەو شێوازە كردوومن وا رێكەوتوون، چونكە كارەكە بەپێی ئاوازەكەیە كە ئاوازەكە لەگەڵ چ ستایلێكدا دەگونجێت، ئەگینا خۆم بە تەنیا ستایلێكەوە نابەستمەوە.

رووداو: ئێستا سەرقاڵی ئەلبوومێكی نوێیت، چەند گۆرانی لەخۆدەگرێت؟

مەریوان سەفائەددین: ئەلبوومەكە تائێستا نۆ گۆرانی تەواو بووە، بەڵام نازانم تا كاتی بڵاوكردنەوەی بەرهەمەكان زیاتر دەبێت یاخود نا، تائێستا ناویشم بۆ دانەناوە، ئەمساڵ هەوڵ دەدەم سەردانی كوردستان بكەمەوە و هەوڵی دۆزینەوەی سپۆنسەریش بدەم بۆ بڵاوكردنەوەی.

رووداو: دەگوترێت توانای ئاوازدانانت هەیە، خۆت ئەكادیمی نیت، چۆنە ئەو توانایەت بۆ ئاوازدانان لا دروست بووە؟

مەریوان سەفائەددین: بۆ نووسینی هۆنراوە و دانانی ئاواز هەستێكە و بۆم دێن، ئەگینا بەتایبەت بۆیان دانەنیشتووم.

رووداو: ماوەیەك لەمەوبەر دوو گۆرانیت بڵاوكردنەوە بەنێوەكانی ئەی گوڵەكەم و پەشیمانی، ئەو دوو گۆرانییەش لەنێو ئەلبوومەكەدان؟

مەریوان سەفائەددین: بەڵێ دایاندەنێمەوە، چونكە نزیكەی چوار ساڵە كار لەو ئەلبوومەدا دەكەم و سەرەتاش بەنیاز نەبووم هیچ گۆرانییەكی لێ كلیپ بكەم، بەڵام هاوڕێیانم پێشنیازیان بۆ كردم ئەو دوو گۆرانییەی لێ  كلیپ بكەم.

رووداو: لە كلیپەكانی پێشترت كچی تێدابوو بە جلی كوردییەوە دەردەكەوتن، بەڵام لەو دوو كلیپەدا كچ بە جلی نیمچەڕووت دەردەكەوت، ئەوە چۆن بوو ئەو گۆڕانكارییە، گلەیی هەوادارانت پێنەگەیشتەوە؟

مەریوان سەفائەددین: بەڵێ دوای گۆرانی ئەی گوڵەكەم كە گەڕامەوە بۆ كوردستان كەسوكار و خەڵكیش نەك هەر رەخنەیان لە جلوبەرگەكە هەبوو، گوتیان خۆزگە ئەو كچەشی هەر تێدا نەبووایە، بەڵام ئەو كوڕ و كچانەی لە كلیپەكاندا بەشدارییان كردووە كوردی خۆمانن و تێكەڵاوی خێزانیم لەگەڵیاندا هەیە و لە سوید نیشتەجێن و بەخۆبەخش بەشداربوون.

رووداو: لە وەڵامی ئەو رەخنانەدا چیت بە كەسوكارت گوت؟

مەریوان سەفائەددین: گوتم بەلای خۆمەوە داهێنانێكی نوێیە، لەبەرئەوەی بۆ یەكەمجار بووە كوڕ و كچ لە كلیپدا بەكاربێنم و هەڵسوكەوتیشیان بەپێی هۆنراوەكە بووە و ئێوەش وردە وردە رادێن، لەبەرئەوەی كاری هونەرییە.

رووداو: ساڵانێك لە ئایسلەندا ژیایت، ئەوێ بۆ تۆ چۆن بوو؟

مەریوان سەفائەددین: سەرەتا ساڵی 1996 كە هاتمە ئەوروپا لە ئەڵمانیا بووم و دوای سێ ساڵ چوومە ئایسلەندا و تا 2009 لەوێ بووم، لەبەرئەوەی سەڵت بووم ژیانێكی ئاسایی بوو، بە هەمووشمان نزیكەی هەشت تا نۆ كەسی كورد بووین، بەڵام هەر لەوێ دوو ئەلبوومم بڵاوكردەوە.

رووداو: كەی ژنت هێناوە و بە رێكەوت بوو، چۆن بوو؟

مەریوان سەفائەددین: ساڵی 2005 كە گەڕامەوە بۆ ئەلبوومی دووەم، سەردانی وەزارەتی رۆشبیریم كرد بۆ وەرگرتنی هاوكاریی بۆ ئەلبوومەكەم، بەهۆی هاتوچۆی زۆرەوە فەرمانبەرێكم لەوێ‌ ناسی و خێزانمان پێكەوەنا، ئێستاش خاوەنی دوو منداڵین.

رووداو: لە سوید بەچییەوە سەرقاڵیت؟

مەریوان سەفائەددین: لە كۆمپانیایەكی گەشتیاری كار دەكەم.