لە نیوکاسڵ فیستیڤاڵێکی هونەری سازدەکرێت و سێ کورد تێیدا بەشدارن
رووداو دیجیتاڵ
لە نیوکاسڵی بەریتانیا، فیستیڤاڵێکی هونەری خێزانی سازدەکرێت و سێ هونەرمەندی کورد بە سێ چالاکی جیاواز تێیدا بەشدار دەبن و فیستیڤاڵەکە بۆ ماوەی سێ رۆژ بەردەوام دەبێت.
فیستیڤاڵەکە بەناوی 'یەکبوون'ـە و سبەی هەینی 4-3-2022 لە یەکێک لە هۆڵەکانی نیوکاسڵ دەستپێدەکات، تێیدا چەندین کاری هونەریی پیشکێش دەکرێن و بەشێکی تایبەتە بە مژاری گۆڕانکارییەکانی کەش و هەوا و مرۆڤایەتی.
فیستیڤاڵەکە لەلایەن رێکخراوی سکیم ستۆن سازدەکرێت و کلێر وێبستەر، بەرپرسی رێکخراوەکە بە تۆڕی میدیایی رووداوی رایگەیاند: "ئێمە زۆر دڵخۆشین کار لەگەڵ هەموو چینەکانی کۆمەڵگە دەکەین بە هەموو رەگەز و رەنگ و ئاینێکی جیاواز، ئێمە دەمانەوێ پەیامی پێکەوە بوون و ژیان بگەیێنین".
ئاماژەی بۆ ئەوەشکرد : "گۆڕانکارییەکانی کەش و هەوا مەترسین بۆ سەر هەموومان، بۆیە میوزیک و کاری هونەری جیاواز بۆ ئەم فیستیڤاڵە پێشکێش دەکەین، هەروەها مرۆڤایەتی ئامانجی هەرە لە پێشینەمانە و دەمانەوێ پێکەوە پارێزگاری لەو بەهایانە بکەین. ئێمە لەم چالاکییەدا لەگەڵ سێ کورد کارمان کردووە کە زۆر دڵخۆشبووین و توانیومانە کارەکان لە پێناو خزمەتی مرۆڤایەتی بەکاربێنین".
لە فیستیڤاڵەکەدا سێ کوردی باشووری کوردستان بەشدارن، یەکێک لەوانە ئاکۆ ئیسماعیلە کە بە پێشانگایەکی فۆتۆگرافی بەشدار دەبێت.
ئاکۆ ئیسماعیل، بە رووداوی راگەیاند، 12 وێنە لە پێشانگەکەدا دەخاتەڕوو و لەبارەی گۆڕانکارییەکانی ژیانە کە چیرۆکی دانیشتوانی ناوچەی بایکەر لە باکووری رۆژهەڵاتی بەریتانیا دەگێڕێتەوە.
شاهۆ عەبدولقادر، وێنەگرێکی کوردە و بە فیلمی 'Boxed In' بەشدارە کە کاری وێنەگرتنی بۆ کردووە، تێیدا باس لەو کەسانە دەکات کە بەهۆی کارەوە تووشی فشاری دەروونی بوونە.
رزگار حەمە رەئووف، بەشداربوویەکی دیکەی کوردە لە فیستیڤاڵەکەدا کە ئاوازدانەرە و چوار پارچە میوزیک لە فیستیڤاڵەکەدا پێشکێش دەکات، بەرهەمەکانی گوزارشت لە جەنگ و گۆڕانکارییەکانی کەش و هەوا دەکەن.