پەیام عەزیزی 'پێغەمبەری بەخشندە'ـی بڵاوکردەوە

03-03-2022
نووسەران
پەیام عەزیزی
پەیام عەزیزی
نیشانەکردن پەیام عەزیزی
A+ A-

رووداو دیجیتاڵ 

پەیام عەزیزی، سروودخوێنی کورد، نوێترین بەرهەمی ئایینی بەناوی 'پێغەمبەری بەخشندە' بەشێوەی ڤیدیۆکلیپ بڵاوکردەوە و ئاوازی سروودەکە لەلایەن ژەنیارانی ئۆرکێسترای ئیستەنبووڵ لە تورکیا ژەنراوە.
 
ئەم بەرهەمە لە ئاوازی پەیام عەزیزی خۆیەتی و شیعری شیوا فەزلعەلییە، فەردین لاهوورپوور کاری دابەشکردنی میوزیکی بۆ کردووە.
 
ڤیدیۆکلیپی سروودەکە لە دەرهێنانی رەزا حەسەنییە و لە دیمەنەکانیدا سەردانی ئەو هونەرمەندە بۆ دوو بنەماڵە نیشاندەدات کە یەکێکیان بەهۆی کوشتنی ئەندامێکی بنەماڵەکەی دیکە نۆ ساڵ لە زیندان بووە و بڕیاری لە سێدارەدانی بۆ دەرچووە، بەڵام دواتر ماڵباتی کوژراوەکە لە بکوژەکە خۆش دەبن.
 
ئەم بەرهەمە ئاینییە لەسەر داوای بنکەی نەتەوەیی سەبر بەرهەمهاتووە و لە کرماشان و بێستوون وێنەگیراوە. 
 
پەیام عەزیزی لە 16-12-1974 لە کرماشانی رۆژهەڵاتی کوردستان لە دایکبووە، لە نێو ماڵباتێک پەروەردە بووە کە گرنگیان بە میوزیکی عیرفانی و تەسەوف داوە، بەر لەوەی ببێتە سروودخوێنی ئایینی، قورئانخوێن بووە، لە 1994 لە پێشبڕکێیەکی قورئانخوێندندا پلەی یەکەمی بەدەستهێناوە. 
 
خاوەنی هەشت ئەلبوومی سروودی ئاینییە، یەکەم ئەلبوومی بەناوی 'باقدسيان' لە ئاوازەکانی محەممەد جەلیل عەندەلیبی بڵاوکردەوە، جگە لە بڵاوبوونەوەی لە رۆژهەڵاتی کوردستان و ئێران، ئەم بەرهەمە لە ئیمارات، عەمان، سودان و ئەوروپاش بڵاوکراوەتەوە.
 
ئەو سروودخوێنە کوردە پەیوەندی لەگەڵ هونەرمەند سامی یوسف، هونەرمەندی ئازەری هەیە و دوو سروودی عەزیزی خوێندووەتەوە، ئەویش سروودی 'یا رەسوڵەڵا یا شای مەدینە' بە زمانی کوردی و سروودی 'ئەلموسلمین' بە زمانی فارسی خوێندووە.
 
عەزیزی، لە 2016 کاری لەگەڵ هونەرمەندان رەزا سادقی، سەعید شەهروز، محەممەد عەلیزادە، مەهدی یارحی و مورتەزا پاشایی کاری کردووە، هەروەها لەگەڵ ئاوازدانەر و موچتەبا میرزادە ژەنیاری کورد و گرووپی میوزیکی کامکاران کاری کردووە.
 
لە 2016 کۆنسێرتێکی سروودخوێندنی لە سنەی رۆژهەڵاتی کوردستان سازکرد و ئامانج لێی کۆکردنەوەی هاوکاری بوو بۆ منداڵە بێ دایک و باوکەکان، لە 2017 سەردانی رووسیای کردووە و چەند چالاکییەکی هونەریی ئەنجامداوە.
 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە