گیتاری واژۆکراوی تایلەر سوێفت و هاری ستایڵز دەخرێنە زیادکردنی ئاشکراوە

03-02-2024
پەسار فایەق
نیشانەکردن میوزیکەرز
A+ A-
رووداو دیجیتاڵ

گیتاری واژۆکراوی تایلەر سویفت و هاری ستایڵز و چەند کەرستەیەکی دیکەی هونەرمەندان، لە زیادکردنێکی ئاشکرادا بۆ فرۆشتن دەخرێنەڕوو و داهاتەکەی بە رێکخراوی 'میوزیکەرز' دەبەخشرێت.
 
ئەو کەرستانەی لە زیادکردنە ئاشکراکەدا بۆ فرۆشتن دەخرێنەڕوو، ژمارەیان 50 کەرستەیە کە لەلایەن ئەستێرە بەناوبانگەکانی پۆپ بەخشراون و بڕیارە سبەی یەکشەممە 4ـی شوباتی 2024، زیادکردنە ئاشکراکە لە لۆس ئەنجلسی ئەمریکا بەشێوەی ئۆنلاین بەڕێوەبچێت.
 
مارتن نۆلان، بەڕێوەبەری جێبەجێکاری کۆمپانیای جۆلیانز رایگەیاند، ئەوان سوپاسی بەخشندەیی جۆن بۆن جۆڤی، گۆرانیبێژی ئەمریکی دەکەن بۆ پاڵپشتیکردنی لە رێکخراوی 'میوزیکەریز'، بە بەخشینی ئەو گیتارە سەرسوڕهێنەری بەکاری هێنابوو.
 
ئاماژەی بۆ ئەوەشکردووە، کەرستەکانی دیکە بریتین لە دوو گیتاری واژۆکراو لەلایەن تایلەر سویفت، گۆرانیبێژی ئەمریکی و هاری ستایڵز، گۆرانیبێژی بەریتانی، هەروەها جلێکی دوا لیپا، گۆرانیبێژی بەریتانی – ئەلبانی کە لە کۆنسێرتێکیدا لە 2022 پۆشیبووی.
 
'میوزیکەرز - MusiCares' رێکخراوێکی قازانج نەویستە، لە 1989 دامەزراوە و لە 1993 لەلایەن ئەکادیمیای نیشتمانیی هونەر و زانستەکانی تۆمارکردن دامەزراوە، ئامانج لە دامەزراندنی، پاڵپشتیکردنی هونەرمەندانی بواری میوزیک و گۆرانییە، کاتێک رووبەڕووی کێشەی دارایی، کەسی و تەندروستی دەبنەوە، هەروەها هاوکاری ئەو هونەرمەندانە دەکات کە ئالوودەی ماددەی هۆشبەر دەبن و ئەرکی چارەسەرکردنیان لەئەستۆ دەگرێت. 
 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە