گۆران ئینزیبات: ئەندام پەرلەمانی زیانی زۆری بۆ هونەرەکەم هەبوو

رووداو دیجیتاڵ

گۆران ئینزیبات، هونەرمەندی میللی و ئەندامی پەرلەمانی کوردستان، بەرهەمێکی نوێی بڵاوکردووەتەوە و ئاماژە بۆ ئەوە دەکات، ئەندام پەرلەمانی زیانی بۆ هونەرەکەی هەبووە.
 
'میوان' نوێترین بەرهەمی ئینزیباتە و لە تێکستی خۆیەتی و ئاوازی سەید عەلی سەردەشتییە و ئەرکان رۆستەم کاری میوزیکی بۆ کردوووە. ڤیدیۆکلیپی گۆرانییەکە لە شاخی سارە، ئەشکەوتی جاسەنە و دەوروبەری و ئەمستردامی هۆڵەندا وێنەگیراوە، بڕیار فەتاح کاری دەرهێنانی بۆ کردووە و لە کەناڵی تایبەتی ئەو گۆرانیبێژە لە یوتیوب بڵاوکراوەتەوە.
 
گۆران ئینزیبات، بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند، ئاوازەکە پێشتر وەک گۆرانی بە دەنگی هونەرمەند سەید عەلی سەردەشتی تۆمارکراوە و ئەو هەمان ئاوازی بە هەندێ دەستکارییەوە بەکارهێناوەتەوە و خۆی تێکستی گۆرانییەکەی نووسیوە.
 
ئینزیبات، ئاماژەی بۆ ئەوەشکرد، لە کاتی پشووەکانی پەرلەماندا کارە هونەرییەکانی ئەنجام دەدەدات، هەرچەند ئەوەی کاری پەرلەمانی بکات نابێت کاری دیکە بکات، بەڵام بۆ هونەر جیاوازە، چونکە تەنیا لە ماوەیەکی کەمدا دەکرێت ئەنجام بدرێت، ئەویش لە کاتی پشووەکانی پەرلەمانە.
 
روونیشکردەوە، لە دوای چوونی بۆ پەرلەمان بەڵێنی بە هەودارانی دابوو لە کاری هونەری بەردەوام بێت و بەرهەم بڵاوبکاتەوە و بەڵێنەکەی بردە سەر، گوتیشی "ئەندام پەرلەمانی زیانی زۆری بۆ هونەرەکەی هەبووە". 
 
گۆران ئینزیبات، ناوی تەواوی گۆران عومەر عەلییە، لە 1983 لە سلێمانی لە دایکبووە، وەک گۆرانیبێژێکی میللی هەواداری زۆری هەیە و ئەندام پەرلەمانی کوردستانە لە فراکسیۆنی گۆڕان و ئەندامی لیژنەی ناوچه‌ كوردستانییه‌كانى ده‌ره‌وه‌ى هه‌رێم و لیژنەی رۆشنبیری و كۆمه‌ڵگەى مه‌ده‌نى و وه‌رزش و لاوانە.