فێستیڤاڵی فیلمی دەریای سوور لە سعودیە بە ئەستێرەکانی جیهان دەدرەوشێتەوە

رووداو دیجیتاڵ

گرنگی و گەورەیی فێستیڤاڵە سینەماییەکان لە جیهان، بە نیشاندانی فیلمی بەهێز و ئامادەبوونی ئەستێرە بەناوبانگەکان دەپێویرێت؛ لەو چوارچێوەیەشدا سێیەمین فێستیڤاڵی نێودەوڵەتیی فیلمی دەریای سوور لە جەدەی سعودیە، پێگەیەکی بەهێزی دروستکردووە، بەتایبەتیش لە رووی ئامادەبوونی ژمارەیەکی زۆر لە هونەرمەندە هەرە بەنێوبانگەکانی جیهان.
 
جۆنی دیپ، ئەکتەری ئەمریکی، یەکێک لە میوانە دیارەکانی فێستیڤاڵەکەیە و ئەمساڵ بە فیلمی 'ژان دیو باری - Jeanne du Barry' بەشدارە کە لە دەرهێنانی مایوین، دەرهێنەری فەرەنسییە. ئەم فیلمە هەروەها فیلمی دەستپێکی فێستیڤاڵی نێودەوڵەتییی فیلمی کان بوو لە خولی ئەمساڵیدا و فێستیڤاڵی دەریای سوور لە بەرهەمهێنانیدا بەشدارە.
 
ویڵ سمیس، ئەکتەری ئەمریکی، یەکێکی دیکەیە لە ئەستێرە هەرە درەوشاوەکانی سەر فەرشی سوور لە فێستیڤاڵەکەدا. 
 
ئەستێرە دیارەکانی دیکەی بەشدار لە فێستیڤاڵەکە پێکدێن لە کاترینا کێف، ئەکتەری هیندی، شارۆن ستۆن، ئەکتەری ئەمریکی، کاسرینا دو نۆڤ، ئەکتەری فەرەنسی و رانڤێر سینگ، ئەکتەری هیندی و چەندین ئەکتەری دیکە کە ناوبانگی جیهانییان هەیە.
 
لە جیهانی سینەمای عەرەبیشدا، ئەکتەرە دیارەکان بەشدار بوون، پێکدێن لە: یوسرا، ئەکتەری میسری، لەیلا عەلوی، ئەکتەری میسری، لوبلوبە، ئەکتەری میسری، نادین نەجیم، ئەکتەری لوبنانی، قوسەی خولی، ئەکتەری سووری و یاسەمین سەبری، ئەکتەر و مۆدێلی میسری.
 
سێیەمین فێستیڤاڵی نێودەوڵەتیی دەریای سوور لە 30ـی تشرینی دووەمی تاوەکو 9ـی کانوونی یەکەمی 2023 لە جەدەی سعودیە بەڕێوەدەچێت، ئەمەش دوای ئەو کرانەوە کولتووریەی ئەو وڵاتە دێت، کە لە زۆربەی شارەکانیدا فێستیڤاڵی هونەری سازدەکات.
 
فێستیڤاڵی نێودەوڵەتیی دەریای سوور هەرچەندە تەمەنێکی کەمی هەیە، بەڵام بەهۆی بانگهێشتکردنی ئەستێرەکانی سینەما لە جیهاندا و پاڵشتیکردنی بەرهەمهێنانی فیلم لە ئاستی جیهاندا، ناوبانگێکی زۆری دەرکردووە.
 
لە دووەم رۆژی فێستیڤاڵدا لە یەکی کانوونی یەکەمی 2023، یەکەمین پێشاندانی بەڵگەفیلمی 'شاردنەوەی سەدام' لە دەرهێنانی هەڵکەوت مستەفا، دەرهێنەری کورد، لەسەر ئاستی وڵاتانی عەرەبی پێشاندرا و دەرهێنەری فیلم و کارەکتەری سەرەکیی نێو فیلمەکەش لە فێستیڤاڵەکەدا ئامادەبوون.
 
لە دوای پێشاندانی فیلمەکە لە سینەما ئای ماکس کە ژمارەیەکی بەرچاو لە هونەرمەندان و میدیاکاران ئامادەیبوون، پرسیاریان ئاراستەی دەرهێنەر و کارەکتەری سەرەکیی فیلمەکە کرد.
 
عەلا نامیق ئاماژەی بۆ ئەوەکرد، چەندین کەس هاتن و داویان کرد هەڤپەیڤینیان لەگەڵدا بکات، بەڵام رازی نەبوو و دواتر هەڵکەوت مستەفای بینی، بۆی دەرکەوت کەسێکی راستگۆیە، بۆیە رەزامەندیی پێشاندا لە فیلمێکدا چیرۆکەکە بگێڕێتەوە.
 
تۆڕی میدیایی رووداو بەرهەمهێنەرێکی سەرەکیی فیلمەکەیە و تیمێکی رووداو رووماڵی فێستیڤاڵەکە دەکات و بۆچوونی بینەران لەبارەی فیلمەکان وەردەگیرێت.
 
لە پەراوێزی ئەو فێستیڤاڵەدا، عەلا نامیق، ئەو کەسەی سەدام حوسێنی لە چاڵێکدا شاردبووەوە، بۆ یەکەمجار بۆ میدیاییەک قسەی کرد، ئەویش تۆڕی میدیایی رووداو بوو و باسی لە ناخۆشترین رۆژی سەدام لە کاتی مانەوەی لە چاڵەکەدا کرد و ئەو بڕە پارەیەی پێی بووە.
 
عەلا نامیق بە رووداوی گوت، ئەوان ئاگاداری هیچ نەبوون کاتێک سەدام لە دەرگەیانی داوە. کاتێکیش چووەتە لایان، سەدام بڕیارە پارەیەکی زۆر کەمی لە گیرفاندا بووە. دەشڵێت، "خەمە گەورەکەی [سەدام] ئەوەبوو، کاتێک منداڵەکانی شەهید بوون، ئەمە سەخت و دژوارترین رۆژی بوو کاتێک گوێی لە هەواڵەکە بوو، بەڵام لەهەمان کاتدا خۆی بە خەمباری دەرنەخست و چووە بەردەم خەڵک و پێی راگەیاندن ئەوان شەهیدی رێگەی خوان. پەیامێکی بەجیهان گەیاند، بەوەی رۆڵەکانی لەپێناو ئەم رێبازە بەخشی و هەستێکی بە عێراقییەکاندا بەوەی لە ئەمریکییەکان ناترسێت و خەمبار نییە."
 
لە وەڵامی پرسیارێکی رووداودا لەبارەی ئەوەی کێ بڕیاریدا سەدام لایان بمێنێتەوە، عەلا نامیق گوتی، "باوکم. ئەو، کاتێک هاتە لای باوکم کەس نەیدەزانی و تەنانەت پێی راگەیاندین لە خەو بینیویەتی و ئێمەش نەمانبینیبوو، بۆیە بڕیاریدا بێتە لای باوکم. باوکیشم بانگی کردم و هەواڵەکەی پێ راگەیاندم، منیش یەکە بەیەکەی براکانم بانگکرد بەهۆی ئەوەی ناکرێ هەواڵەکە ئاشکرا بکرێت. سوپاس بۆ خودا توانیمان بیپارێزین تاوەکو ئەو کاتەی رادەستکرا. من ناتوانم بڵێم دەستگیرکرا، لە راستیدا رادەستکرا.". 
 
ئەو زیاتر لەبارەی دۆخی سەدامەوە قسەی بۆ رووداو کرد و گوتیشی، "لە دوایین گفتوگۆماندا زۆر دڵتەنگ بوو، کێشە روویدا. هەستی کرد کەسێک لە گرووپەکەی خۆی شوێنەکەی ئاشکرا دەکات. داوای لێکردم شوێنێکی نهێنی دیکەی بۆ بدۆزمەوە، منیش شوێنێکی جێگرەوەم بۆ دروستکرد، بەڵام بەداخەوە پێڕانەگەیشتین، بڕیاربوو دوای دوو رۆژ بیگوازمەوە کێڵگەی خۆم و لەوێ بیشارمەوە، بەداخەوە ئەوەی چاوەڕوان دەکرا روویدا و رادەستکرا. رۆژی 13ـی 12 کاژێر 7:30 دەستگیرکرا."
 
هەڵکەوت مستەفا دوای چەندین ساڵ توانی عەلا نامیق رازی بکات کە لە فیلمێکدا باس لە شاردنەوەی سەدام بکات. 
 
هەڵکەوت مستەفا، بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند، 'شاردنەوەی سەدام' دەبێت بە پڕۆژەیەکی سینەمایی هۆڵیوود و بڕیارە لە چەند ساڵی داهاتوودا بڵاوبکرێتەوە و خۆی وەک دەرهێنەر کاری بۆ دەکات. 
 
عەبدوڵڵا عەسکەر، ئەکتەری سعودی بە رووداوی گوت، "سەبارەت بە فیلمی ونبوونی سەدام حوسێن، بەڕای من رووداوەکە وەک گێڕانەوەی چیرۆکێکی پڕ ئەندێشە بووە کە 20 ساڵی خایاندووە بە چاکە و خراپەکانییەوە و ئەمڕۆش بۆ ئەم نەوەیە دەگێڕدرێتەوە. بەش بەحاڵی خۆم بە راشکاوانە دەیڵێم زۆر دڵخۆش بووم ئەم گێڕانەوەیەم بینی. لەنێو رووداوەکاندا ژیام و شاهێدی رووداوەکان بووم، کە بەسەر گەلی عێراقدا تێپەڕی کە دۆخێکی زۆر قورس بوو."
 
'شاردنەوەی سەدام' چیرۆکی عەلا نامیق دەگێڕێتەوە کە بۆ ماوەی 235 رۆژ، سەدام حوسێن، سەرۆکی پێشووتری عێراقی لە باشووری تکریت حەشاردا، لە کاتێکدا هەزاران سەربازی ئەمریکی دوای کۆتاییهێنان بە دەسەڵاتەکەی لە ساڵی 2003، بەدوایدا دەگەڕان.
 
هەروەها بەڵگەفیلمی 'جوانیی شاراوەی عێراق' لە دەرهێنانی سەهیم عومەر خەلیفە، دەرهێنەری کورد لە فێستیڤاڵەکەدا بەشدارە و خۆیشی لەوێ ئامادە دەبێت. 
 
ئەم بەرهەمە باس لە لەتیف عانی و بەرهەمەکانی دەکات کە وێنەی زۆری لە باشووری کوردستان گرتووە، بە تایبەتیش سەرکردەکانی کورد، لەوانە مەلا مستەفا بارزانی، سەرۆک بارزانی و ئیدریس بارزانی. 
 
كوردۆ دۆسكی، دەرهێنەری کورد کە بە فیلمی سینەمایی 'دالكورد' لە بەشی هەڵبژاردەی فێستیڤاڵەکەدا بەشدارە. باس لە چیرۆکی سەرکەوتنی یانەی تۆپی پێی 'دالکورد' دەکات کە لەلایەن ژمارەیەک گەنجی کوردەوە لە سوێد دامەزراوە. 
 
دوو دەرهێنەری رۆژهەڵاتی کوردستان بەناوەکانی سامان حوسێنپوور و ئاکۆ زەند کەریمی بە کورتەفیلمی 'جانتا' لە فێستیڤاڵەکەدا بەشدارن، فیلمەکە باس لە پەنابەرێکی کورد دەکات کە لەنێو جانتاکەیدا بیرەوەرییەکانی ماڵباتەکەی هەڵگرتووە، دواتر کەسێک ئەو جانتایەشی دەدزێت.
 
لە خولی ئەمساڵی فێستیڤاڵدا لە فیلمەکان لە هەردوو بەشی 'جوانترینەکانی عەرەبی' و 'پێشبڕکێی دەریای سوور' بە درووشمی 'چیرۆکت، لە فێستیڤاڵەکەتدا' کێبڕکێ دەکەن، جگە لەو دوو بەشە، بەشێکی دیکە تایبەت بە فیلمە سعودییەکان و بەشی پێشبڕکێی کورتەفیلمەکان هەیە.
 
گرنگییەکی دیکەی فێستیڤاڵەکە لەوەدایە کە پاڵپشتی بەرهەمهێنانی فیلم لە رۆژهەڵاتی ناوەڕاست و باشووری ئەفریقا دەکات و بۆ خولی ئەمساڵ 36 فیلمی سینەمایی و کورتەفیلمی لە سعودیە بەرهەمهێناوە و فیلمەکان لە حەوت هۆڵی سینەما پێشاندەدرێن.
 
'حوجن' فیلمێکی سعودییە و لە دەرهێنانی یاسر یاسرییە و وەک فیلمی دەستپێکی فێستیڤاڵ نمایشکرا لە رۆمانێکی پڕفرۆشی سعودی لە نووسینی ئیبراهیم عەباس وەرگیراوە. فیلمەکە ناوەڕۆکێکی خەیاڵی هەیە و باس لە بوونی جن لە نێو جیهانی مرۆڤەکان دەکات و رووداوەکانی لە جەدە روودەدەن.

 

بۆ بینینی وێنەی زیاتر، کلیک لەم لینکەی خوارەوە بکە:

فۆتۆستۆریی: ئەستێرەکان لە فێستیڤاڵی نێودەوڵەتی فیلمی دەریای سوور بە کامێرای رووداو