شارۆخ خان 59 ساڵ تەمەن و 36 ساڵ کاری هونەری

02-11-2024
پەسار فایەق
نیشانەکردن شارۆخ خان
A+ A-

رووداو دیجیتاڵ 

ئەمڕۆ شەممە، ساڵڕۆژی لە دایکبوونی، یەکێک لە ئەستێرەکانی سینەمای بۆلیوود و جیهانە کە لەلایەن هۆگرانییەوە بە "شای بۆلیوود" ناسراوە، ئەویش شارۆخ خانە و تەمەنی بووە 59 ساڵ.
 
شارۆخ خان، لە 2 تشرینی دووەمی 1965 لە نیودلهیی هیندستان لەدایکبووە، ئەکتەر، بەرهەمهێنەر، سەماکار و بازرگانە، بە یەکێک لە دەوڵەمەندترین ئەکتەرەکانی جیهان دەناسرێت و سامانەکەی زیاتر لە 600 ملیۆن دۆلارە  و هونەرمەندی ژمارە یەکە لە سینەمای بۆلیوود، لە 2023 وەک یەکێک لە کاریگەرترین کەسایەتییەکانی جیهان ناسێندرا.
 
دەرکەوتنی ئەو ئەکتەرە لە رێگەی چەند زنجیرەیەکی تەلەڤزیۆنی هیندی بووە لە هەشتاکانی سەدەی رابردوو، لەوانە زنجیرەی "Fauji" و زنجیرەی "Dariya Dil" کە لە 1988 و 1989 بەرهەمهاتوون، دوایین زنجیرەی تەلەڤزیۆنیش رۆڵی تێیدا گێڕابێت، زنجیرەی "Idiot" بوو لە 1991.
 
"Deewana" یەکەم فیلمی ئەو ئەکتەرە بوو لە سینەمای بۆلیوود و لە 1992 بڵاوکرایەوە، بەهۆیەوە ناوبانگییەکی زۆری بەدەستهێنا و خەڵاتی باشترین ئەکتەری تازە پێگەیشتووی لە هیندستان پێبەخشرا.
 
لە دوای رۆڵگێڕان لە چەندین بەرهەمی سینەمایی، لە 1999 رووی لە بەرهەمهێنانی سینەمایی کرد و چەند فیلمێکی بەرهەمهێنا، لەلایەکی دیکەوە، ئەو فیلمانەی رۆڵی تێدا گێڕا، بە فیلمی سەرکەوتوو لە رووی بەدەستهێنانی داهاتەوە ناسێندران و لەلایەن رەخنەگرانی بواری سینەما بە فیلمی سەرکەوتوو ناسراون.
 
شارۆخ خان، لە زیاتر لە 100 فیلم و هەشت زنجیرەی تەلەڤزیۆنیدا رۆڵی گێڕاوە، لە 2007 وەک یەکێک لە 50 کاریگەرترین کەسایەتییەکانی جیهان لە گۆڤاری "نیوز ویک" و لە 2010 ناوی لە ریزبەندی 12ـی لیستی کاریگەرترین کەسایەتی جیهانی گۆڤاری "تایم"ـدا هات.
 

ئەو هونەرمەندە وەک ئایکۆنێکی هونەری لە هیندستان دەناسرێت ژیانی هاوژینیی لەگەڵ گوری خان، پرۆدیوسەری فیلم و نمایشکاری جلوبەرگ پێکهێناوە، توانی هەمان رێچکەی ئەمیتاب باچان، ئەستێرەی سینەمای بۆلیوود بگرێتە بەر و پێگەی بەهێزی خۆی لەدەست نەدات، لە کاتێکدا ئەکتەری وەک سەلمان خان، عامر خان و ئەکشای کۆمار و ئەکتەری دیکە؛ رکابەری دەکەن. 
 
پێشتر وێڵ سمیس، ئەکتەری ئەمریکی، لەدوای بینینی فیلمی "Devdas"ـی شارۆخ خان، لەبارەی ئەو ئەکتەرەوە گوتی: "فیلمی "Devdas" منی گریاند"، لەبارەی ئەو ئەکتەرەش گوتی: "نازانم چۆن دەریببڕم، بەڵام ئەکتەرێکی لێهاتووە".
 
پێشتر کەیت وێنسڵێت، ئەکتەری ئەمریکی، لەبارەی ئەو ئەکتەرەوە دەڵێت، لە فیلمی "Devdas" لە فێستیڤاڵی کان بینیویەتی و بە نواندنی سەرسام بووە، گوتیشی "بەڕاستی ئەستێرەیەکی خاوەن تایبەتمەندی تایبەتە و سەختە ئەکتەری بەو پێوەرە بدۆزییەوە".
 
سەلما حایک، ئەکتەری مەکسیکی، ئەویش بۆچوونی خۆی لەبارەی ئەو ئەکتەرە دەربڕیوە و دەڵێت، نواندنی ئەو ئەکتەرەی بە دڵە و هیوای ئەوە دەخوازێت لە داهاتوودا پڕۆژەی فیلمێک کۆیان بکاتەوە.

 

 

 

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە