هاتووچۆی هەولێر سکاڵا لەسەر دینا تۆمار دەکات

02-11-2020
بڕوا کیانی @brwakyani
نیشانەکردن پۆلیسی هاتووچۆ دینا
A+ A-

رووداو دیجیتاڵ 

بەڕێوەبەرایەتیی هاتووچۆی هەولێر رایدەگەیێنێت، هونەرمەند دینا بە دەنگی خۆی لە گرتەیەکی ڤیدیۆیی کە لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان بڵاوکراوەتەوە "تانە و تەشەر" لە پۆلیسی هاتووچۆ دەدات و ئاماژە بەوە دەکات، دەمامکیان نەبەستووە. بۆیە بە مافی خۆیان دەزانن سکاڵای لەسەر تۆمار بکەن. 
 
لە راگەیێندراوەکەی پۆلیسی هاتووچۆی هەولێردا هاتووە، دوای لێکۆڵینەوەیان بۆیان دەرکەوتووە، ئەو پۆلیسی هاتووچۆیەی هونەرمەند دینا باسی دەکات، بەتەنیا بووە و کەسی لەگەڵ نەبووە، بۆیە کە شۆفێر کەسی لەگەڵ نەبێت، "نەپێویستە ماسک ببەستێت و نە کەسیشی لەسەر سزا دەدرێت". 
 
دینا لە ڤیدیۆکەیدا باسی پۆلیسێکی هاتووچۆ دەکات و ژمارەی ئۆتۆمبێلەکەی دەڵێت، ئاماژە بەوە دەکات، کە پۆلیسی هاتووچۆکە دەمامکی نەبەستووە، هەرچەندە ڤیدیۆکەی دینا زۆر روون نییە و دەمووچاوی پۆلیسی هاتووچۆکە بەتەواوی دەرنەکەوتووە. 
 
بەپێی رێنماییەکانی وەزارەتی ناوخۆی هەرێمی کوردستان، بەستنی ماسک بەتەنیا بۆ ئەو کەیسانەیە کە شۆفێر سەرنشینی لەگەڵ بێت. بەپێچەوانەوە سزا نادرێت. 
 
لە ڤیدیۆکەی دینادا دەردەکەوێت کەسێکی دیکە لە ئۆتۆمبێلەکەیدایە کە شۆفێرە، لەسەر ڤیدیۆکەش نووسیویەتی، "بۆچی ئێمە بەناچاری دەبێت [ماسک] بیبەستین". 
 
رووداو پەیوەندی بە دیناوە کرد، بەڵام ئامادەنەبوو لێدوان لەبارەی ئەو رووداوە بدات. 

 

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە