نەڤید زەردی داوا دەکات پشتگیری لە هونەرمەندانی باشووری کوردستان بکرێت
رووداو دیجیتاڵ
هونەرمەند نەڤید زەردی، داوا لە خەڵکی رۆژهەڵاتی کوردستان دەکات پشتگیری لە هونەرمەندانی باشووری کوردستان بکەن، وەک چۆن ئەوان پشتگیریان لە هونەرمەندانی رۆژهەڵاتی کوردستان کردووە.
ئەو هونەرمەندە کوردە لە ستۆری هەژماری تایبەتی خۆی لە ئینستگرام داوا لە خەڵکی سنەی رۆژهەڵاتی کوردستان دەکات، پێشوازی لە کۆنسێرتی هونەرمەند هەڵوێست لەو شارە بکەن کە بڕیارە کاژێر 6:00ـی ئیوارەی ئەمڕۆ دووشەممە 2ـی تشرینی یەکەمی 2023 لە سینەما بەهمەن سازبکرێت.
زەردی، لە ستۆریکەی نووسیویەتی: "هەروەک چۆن باشووری کوردستان لە ساڵانی رابردوودا باوەشی بۆ ئێمە کردەوە و هونەرەکەمان لەوێوە گەشەی کرد و توانیمان بەو پشتیوانییە لە هونەری سەردەمیانە و خوازیاری نەوەی نوێ بەجێ نەمێنین و بە زمانی کوردی پێگەیەکی گەورە لە دنیا دروست بکەین و ئارەزووەکان بکوردێنین و لە کەشێکی کوردانەدا کار بکەین و دانەبڕێین".
هەروەها نووسیویەتی: "زۆر گرنگە ئەو پێشوازیە لە رۆژهەڵاتی نیشتمانەوە لە هونەرمەندێکی کورد زیاتریش بێت. بە تایبەت کاتێک هاووڵاتییەکی خەڵکی باشوورمان چالاکییەک لە پارچەیەکی دیکەی ئەنجام دەدات. هەرچەند ئێوە لە من زۆر ژیر، وریا و میواندۆستترن، من حەدم نییە بە ئێوە بڵێم چی بکەن و چۆن بن. ئەوە تەنیا بیرهێنانەوەیە، گوتم نەوەک ئاگاداری ئەو بەرنامەیە نەبن".
دوایین بەرهەمی نەڤید زەردی بەناوی 'فەریاد کون' واتە 'هاوارکە' بوو کە لەبارەی درووشمی 'ژن، ژیان، ئازادی' بوو و لە تشرینی دووەمی 2022 بڵاوکرایەوە.