نەسیر شەممە: من لە باوکێکی خانەقینی لەدایکبووم

02-10-2018
هیوا سەڵاح
رووداو بەڵگەفیلمێک لەسەر نەسیر شەممە بەرهەمدێنێت
رووداو بەڵگەفیلمێک لەسەر نەسیر شەممە بەرهەمدێنێت
A+ A-

رووداو- هەولێر


تۆڕی میدیایی رووداو، لە هەولێر سیمینارێکی بەرفراوانی بۆ ژەنیاری نێوداری کورد نەسیر شەممە بەسەرپەرشتی هەژار زەهاوی سازکرد.


رووداو، لەسەر ژیانی هونەری و تایبەتی نەسیر شەممە، بەڵگەفیلمێکی بەرهەمهێناوە، کە تێیدا باس لە سەردەمی منداڵی لە شەقڵاوەو هەولێر و دەوروبەری دەکات.

لەمبارییەوە نەسیر شەممە دەڵێت" بەراستی رۆژانێکی خۆشبوو, کە تێیدا لە 10 شوێنی جیا لە هەولێر و دەوروبەری هەولێر وێنەمان گرت، هەندێ لە یادەروەری منداڵیمان بەبیر هاتەوە لە شەقڵاوە، پێموایە ئەو بەڵگەفیلمە شتێکی جیاوازو جوان دەبێت، راستە ستاف و دەرهێنەر وهەژار زەهاوی لەگەڵمان زۆر ماندووبوون، بەڵام پێموایە بینەرانیش بەشێوەیەکی باش پێشوازی لەم بەڵگەفیلمە و بیرۆکە و گفتوگۆیەکانمان دەکەن".

نەسیر شەممە، لە منداڵیدا ژیانێکی زۆر سەختی بەڕێکردووە، بەڵام هەمیشە دەستبەرداری خەونەکانی نەبووە و کاری دەستگێڕی کردووە، بۆ ئەوەی هاوکاری خەڵکی هەژار بکات.

ئەم ژنیارە ناودارە دەڵێت" من دەرۆیشتم رۆژنامەم دەفرۆشت،  هەروەها یەکەمین شتیش لە بەیانیان سەموونم دەفرۆشت، دواتر خێزانەکەم بەمەیان زانی و سزایەکی تووندیان دام، دیسان رۆیشتم رۆژنامەم فرۆشت دووبارە خێزانەکەم سزایاندام، بەڵام نەوەستام، دەمویست پارە کۆ بکەمەوەو رۆژانی پێنج شەممە بیبەخشمەوە بە هەژاران، لە کوڕی پارێزگار زیاتر پارەم کۆدەکردەوە، هەموو جارێک سەیرم دەکرد، کە کوڕی پارێزگار چەند پارە دەبخشێتەوە، منیش پێنج هێندەی ئەو پارەم دەبەخشیوە، ئەو کارەی من هیچ کەس پێی نەدەزانی، بەڵام ئەوەی فێری کردم، کە کاتەکانی خۆم بۆ خەڵکی دیکە تەرخان بکەم".

نەسیر شەممە لەم سیمنارییەدا بەڕاشکاوی گوتی کە ئەو لە باوکێکی خانەقینی لە دایکبووە، کە پێشتر بەشێکی زۆر لە میدیاکانی عەرەب وەکو ژەنیارێکی عەرەب دەیان ناساند، ژەنیاری ناوداری عود، نەسیر شەممە لە بارەی کوردبوونییەوە دەڵێت" من لە باوکێکی خانەقینی لەدایکبووم،ئەوە شانازییەکی مەزنە بۆ ئەو باوکە مەزنە، هەروەها دایکم خەزرەجییە خەڵکی کوتە ، ئەوەش شانازییەکی گەورەترە، ئەو دووانەیە رێک وەک دوانەیی عێراقن، من لە تەمەنمدا لەسەر ئەو بنەمایە کەسم خۆشنەویستووە، کە ئەوە کوردە یان عەرەب و تورکمانە، بەڵکو ئەو کەسم خۆشویستووە، کەسێکی باشە، یان نامەوێت لە کەسێک نزیک ببمەوە، چونکە ئەو کەسێکی باش نییە".

نەسیر شەممە ژەنیاری ناودار بەڵێندا ئەگەر هاوکاری بکرێت لەسەر قەڵای هەولێر ماڵی عود دادەمەزرێنێت، کە لە رۆژهەڵاتی ناوەڕاست لە چەندین وڵات ماڵی عودی دامەزراندووەو بەردەوام ژەنیاری بەهێز دروست دەکات.

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە