'Inside Out 2' لە 19 رۆژدا یەک ملیار دۆلار بەدەستدێنێت

02-07-2024
پەسار فایەق
نیشانەکردن 'Inside Out 2'
A+ A-
رووداو دیجیتاڵ

"A Quiet Place: Day One" هاتووەتە نێو پێشبڕکێی فیلمەکان لە ئەمریکای باکوور، لە یەکەم هەفتەی پێشاندانی لە سینەماکاندا، توانی زیاتر 52 ملیۆن دۆلار بەدەستبێنێت.
 
پێشبینی دەکرا ئەم بەرهەمە سینەماییە 40 ملیۆن دۆلار لە یەکەم هەفتەی پێشاندانی بەدەست بێنێت، بەڵام بینەر گەرموگوڕتر پێشوازی لێکرد.
 
فیلمەکە بەرهەمی کۆمپانیای پارامۆنتە و لۆپیتا نیۆنگۆ رۆڵی سەرەکی تێدا دەگێڕێت.
 
فیلمی "Horizon: An American Saga—Chapter 1" هاتووەتە نێو پێشبڕکێی فیلمەکەن لە سینەماکانی ئەمریکای باکوور، بەڵام داهاتی هاوشێوەی فیلمی "Day One" نەبوو، بەڵکو جیاوازی نێوانیان 41 ملیۆن دۆلارە، واتە تەنیا 11 ملیۆن دۆلار لە یەکەم هەفتەدا بەدەستهێناوە.    
 
"A Quiet Place: Day One" لەگەڵ ئەو داهاتە زۆرەی بەدەستی هێناوە، بەڵام نەیتوانی بچێتە ریزبەندی لیستی فیلمە پڕداهاتەکەنی هەفتە لە ئەمریکای باکوور.
 
فیلمی "Inside Out 2" بۆ هەفتەی سێیەم بەرگری لە ریزبەندی یەکەم کرد، لەم هەفتەیەدا 58 ملیۆن و 400 هەزار دۆلاری بەدەستهێنا، کۆی داهاتی لە ماوەی سێ هەفتەدا 469 ملیۆن دۆلارە.
 
کۆی داهاتی "Inside Out 2" لە سینەماکانی جیهاندا زیاتر لە یەک ملیار دۆلارە، بەمەش یەکەم فیلمە لە دوای فیلمی "Barbie" لە ماوەی دوو ساڵی رابردوو ئەو داهاتە زۆرە لە ماوەی سێ هەفتەدا بەدەستبێنێت. یەکەم فیلمیشە لە 2024 داهاتی یەک ملیار دۆلار تێپەڕێنێت.
 
ئەم بەرهەمە تەنیا لە ماوەی 19 رۆژدا توانی داهاتی بگەیێنێتە یەک ملیار دۆلار، ئەمەش ژمارەیەکی پێوانەییە بۆ فیلمێکی ئەنیمەیشن.
 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە