مزگین: بە كوردی گۆرانی بڵێم ناناسرێم

هەڤپەیڤین: ئەڤین سەڵاح

كچە گۆرانیبێژی كوردی دانیشتووی سوێد، مزگین، یەكەم كلیپی گۆرانی خۆی بە زمانی ئینگلیزی بڵاوكردەوە و دەڵێت بۆ ئەوەی ببێتە هونەرمەندێكی جیهانی بە ئینگلیزی گۆرانی دەڵێت. كلیپەكەی مزگین بەناوی "شێتی خۆتم بكە"، رۆژی 5/5/2014 لە یوتیوب بڵاوكرایەوە. مزگین لە هەڤپەیڤینێكدا لەگەڵ (رووداو) باسی ئەو كلیپە و كارەكانی داهاتووی دەكات.

رووداو: دەكرێ بەناساندنی خۆت دەستپێبكەی؟ خەڵكی كوێیت؟

بە سوێدی خۆم ناساندووە چونكە لە سوێد لەدایكبووم

مزگین: ناوم مزگینە. كوردم، خەڵكی قزل تەپەی ناوچەی ماردینم. لە سوید لە دایكبووم و گەورە بووم، هەروەها گۆرانیبێژی پۆپم.

رووداو: كەی و چۆن بوو بڕیارت دا گۆرانی بڵێیت؟

مزگین: لە تەمەنی هەشت ساڵیدا پەرەم بە خولیای گۆرانیگوتن دا. لەو كاتە بەدواوە بەردەوام بووم لە گۆرانیگوتن.

رووداو: بۆچی بە ئینگلیزی دەستتكرد بە گۆرانی لەكاتێكدا زمانی دایكت كوردییە؟

مزگین: خەون و ئامانجم ئەوەبوو كە ببمە هونەرمەندێكی جیهانی، ئەوەش بەدی نەدەهات ئەگەر بە كوردی گۆرانیم گوتبا؟

رووداو: بەڵام بۆچی وەكو سوێدی خۆت ناساند؟ حەزت نەدەكرد وەك كچێكی كورد ناسرابای؟
گوێ لە جوان حاجۆ دەگرم

مزگین: منیش لەبەرئەوە ناوی مزگینم بۆ خۆم هێشتەوە چونكە ناوێكی كوردییە. بەڵام لەبەر ئەوەی لە سوید لەدایكبووم و گەورەبووم كەواتە سوێدیشم.

رووداو: شێوازی دەركەوتنت لە كلیپەكانتدا زۆر رۆژئاواییانەیە، لەوە ناترسی رووبەڕووی رەخنە ببیتەوە بەتایبەتی كە ئەم شێوازە لە كەلتووری كوردیدا زۆر قبوڵكراو نییە؟

مزگین: ئەگەر لە رەخنە بترسی ئەوكات ئەمە پیشەیەكی باش نابێت بۆت. هەرچۆنێك بووایە رەخنەم هەر لێدەگیرا كەواتە باشتر بوو ئەو كارە بكەم كە خۆم حەزم لێی بوو. كێشەشم لەگەڵ ئەوە نییە كە هەموو كاتێك هەموو كەسێك حەز لە كارەكانم ناكەن. ناكرێ هەموو شتێكت بۆ خەڵك بێت، دەبێ ئەوە بكەی كە باوەڕت پێیەتی، دواجار ئەمە میوزیكە، ئەمە هونەرە.

رووداو: پەیامی گۆرانییەكەت چییە؟

مزگین: هەستدەكەم زۆربەی گۆرانییەكان بەو جۆرەن كە پیاوێك زاڵە بەسەر ژنێكدا. بەڵام ئەم گۆرانییەی من بە پێچەوانەوەیە. حەزم لەو بیرۆكەیەیە كە ژنێك نەكەوتبێتە ژێر ركێفەوە. واتا توانابەخشین بە ژن.
لە گۆرانییەكەی مندا ژن لەسەر پیاو زاڵە

رووداو: لە كۆتایی كلیپەكەتدا بە شێوازێكی پڕ هێز و شانازی دەردەكەوی، پەیامی ئەوە چییە؟

مزگین: بەڵێ، من زیاتر لەوەم لەباردا هەیە كە لە ڤیدیۆكەدا دەردەكەوێ. ئاگادار بن، هەروەها ئامادە بن. تازە دەستمان پێكردووە.

رووداو: گوێ لە گۆرانی كوردی دەگری؟ زۆرتر گوێ لە كێ دەگری؟

مزگین: گوێ لە جوان حاجۆ دەگرم.

رووداو: ئیلهامت لە هیچ هونەرمەندێك وەرگرتووە؟

مزگین: بەڵێ بێگومان، من لە ساڵانی نەوەتەكاندا پێگەیشتم كە سەردەمێكی مەزن بوو بۆ میوزیك. ئیلهامم لە تی ئێڵ سی، مایكڵ جاكسن، زە فیوجز، دێستنیس چایەڵد، بریتنی سپێرز وەرگرتووە، هەروەها بێگومان لە یەكێك لە گەورەترین هونەرمەندانی ئەمڕۆ كە كانیێ وێستە.
ئیلهام لە كانیێ وێست وەردەگرم

رووداو: یەكێك لەو كۆمێنتانەی لە یوتیوب بۆ كلیپەكەت نووسراوە لەلایەن ریهاناوەیە كە نووسیویەتی "گۆرانیبێژی گەنجی دڵخوازم" .

مزگین: شتێكی باشە! ریهانا هونەرمەندێكی سەرنجڕاكێشە.

رووداو: هەرگیز لە كوردستان ژیاوی؟

مزگین: لە سوێد لەدایكبوومە و هەرگیز لە كوردستان نەژیاوم. جار بە جار سەردانی كوردستانم كردووە بۆ بینینی دایە گەورە و خزمەكانی دیكەم.

رووداو: پلانت هەیە لە كوردستان كۆنسێرت بكەی؟

مزگین:  ئێستا پلانم نییە، بەڵام حەز دەكەم لە كوردستان كۆنسێرتێك بكەم.
حەزدەكەم لە كوردستان كۆنسێرتێك بكەم

رووداو:  شێوازی دەركەوتنت لە كلیپەكەتدا پەیام یا واتایەكی تایبەتی هەیە؟

مزگین: بەڵێ، وەك پێشتر گوتم، هەمووی لەبارەی توانابەخشینە بە مێینە لە جیهانی پیاواندا. ویستم یەكەم كلیپم شتێكی جیاواز بێت.

رووداو: بەتایبەتی بەكارهێنانی سەگێك لە دژی پیاوێك و بەستنەوەی پیاوەكە، ئایا ئەوە رەمزێكە دژ بە جیهانی پیاو؟

مزگین: نا بێگومان نەخێر. ئەمە بەشێكە لە چیرۆكی ڤیدیۆكە و تەنیا بۆ خۆشییە.

رووداو: هێڵی لەڤ، كچە كوردێكی دیكەیە كە گۆرانییەكی ئینگلیزی بڵاوكردەوە و لە كوردستان دەنگیدایەوە. گۆرانییەكەت بیستووە؟ رای تۆ لەبارەی هێلی لەڤ چییە؟
هەموو رۆژێك چێشتی كوردی دەخۆم

مزگین: نەخێر نەمبیستووە. بەڕاستی جەختی زۆرم لەسەر كارەكانی خۆم بووە و زۆریش گوێ لە میوزیكی دەرەكی ناگرم.

رووداو: بە كولتووری كوردی ئاشنایت؟ حەزت لە چێشتی كوردییە؟

مزگین: بێگومان، لە خێزانێكی كوردیدا گەورە بووم. هەموو رۆژێك چێشتی كوردی دەخۆم و حەزم لێیەتی!