ناسر رەزازی: ئاواتی لەمێژینەم ئەوەیە کورد ببێتە خاوەن چارەنووسی خۆی
رووداو دیجیتاڵ
لە ئەڵقەی نوێی "گفتوگۆی باڵۆن" دووبارە بە ئامادەکارییەکان بۆ فڕینی باڵۆنەکەوە دەستیپێکرد، رەنج سەنگاوی، پێشکێشکاری بەرنامەکە، بە چەپکەگوڵێک پێشوازی لە میوانەکەی کرد، ئەویش ناسر رەزازی، هونەرمەندی ناسراوی کوردە.
لە دواوی سڵاوکردن، رەزازی بە سەنگاوی دەڵێت، سنەیی دەڵێن: "خۆت گوڵ بیت، تەمەنت گوڵ نەبێت".
سەنگاوی لە وەسفی رەزازی دەڵێت، رەزازی پایە بڵند و بەهێزەکەی هونەری کوردییە، خۆزگەی ئەوە دەخوازێت، ئەو رۆح و گیانە جوانە کوردەوارییەی ناسری رەزازی هەیەتی، بە ڤاکسین لە هەموو کوردێک دەدرا، بەتایبەتیش لە نەوەی تازەی کوردی. هەروەها دەڵێت، رەزازی هێندە کوردە، لە ژیانیدا هیچ کام لە ناڕحەتی و نەهامەتییەکانی ژیانی کێشەی کەسی نەبوونە، هەمووی لەسەر ستەمی نەتەوەکەی بووە و لێی دەپرسێت، چەند ساڵە بەهۆی کوردبوونەوە لە زێدی خۆت دووریت، هەرچەند کوردستانی گەورە بە زێدی خۆت دەزانیت؟ لە وەڵامدا دەڵێت: دەتوانم بڵێم 43 بۆ 44 ساڵە شاری سنە و زێدی خۆی بە چاو نەبینیوە.
سەنگاوی، بە رەزازی دەڵێت، بۆیە ئەو بەرنامەیە گرنگە، چونکە لەسەر هونەر، زمان، میدیا و میدیاکاران پەیامت هەیە، گوتیشی، لەبەر رەزازی و هونەرەکەی، لە بەرزاییەوە گفتوگۆی لەگەڵدا دەکات. لە وەڵامدا میوانی بەرنامە دەڵێت: "هەرچەند تۆزێکی لێ دەترسم، بەڵام هەر دێم".
باڵۆنەکە دەگاتە ئاسمان، لە دیمەنەکاندا دیارە جووتیارێک بە تراکتۆر زەوی دەکێڵێت و پێشکێشکاری بەرنامە بە قسەکردن لەسەر هونەرمەند حەسەن زیرەک دەست بە گفتوگۆکە دەکاتەوە و دەڵێت، ئەگەر ئێستا دیداری لەگەڵ هونەرمەند حەسەن زیرەک بکردایە، کە ئەو جووتیارەی دەبینی چ هەستێکی دەبوو و چی بۆ دەگوت؟ رەزازی: "ئەی هاوار، ئەی هاوار، بۆ ئەو، ئەگەر گا بوایە باشتر دەبوو [ئاماژەیەک بۆ بەکارهێنانی گا لە بری تراکتۆر لەلایەن جووتیارەکەوە]".
رەزازی، لەگەڵ بینینی دیمەنەکانی جوانی نیشتمان لە ئاسمانەوە، دەڵێت: "ئەو بەهشتەم بینی، ئەم دەشتە بە دەست وڵاتێکی وەک بەریتانیا یان ئەمریکا بووایە، دەیکەن بە بەهشتی تەواو، بەڵام بەداخەوە، هیوادارم ئەو رۆژە بێت، ئێمەی کورد ئەوەندە بیر لە داهاتووی خۆمان بکەینەوە، ئەوەندە نەتەوەیی بین کە ببین بە خاوەنی چارەنووسی خۆمان، ئەوە ئاواتی هەمیشەیی و لە مێژینەی منە".
سەنگاوی، پرسیارێک ئاڕاستەی رەزازی دەکات، بۆ ئەوەی بزانێت هونەرمەندە کوردە دڵخوازەکەی ئەو کێیە و دەپرسێت: ئەگەر ئێستا مامۆستایان حەسەن زیرەک، سەید عەلی ئەسغەری کوردستانی و تاهیر تۆفیق لە ژیاندا بان، حەزی دەکرد لەم بەرزایی و جوانییەی کوردستاندا، گفتوگۆم لەگەڵ کێدا بکات؟
لە وەڵامدا گوتی، هەموویان بۆ ئەو جێگەی رێزن، سەید عەلی ئەسغەری کوردستانی وەکو ئەوەی هەیە و هەبووە، نەناسراوە، تەنیا وەک ناو ناسراوە، بەڵام خەڵک هونەری ئەو پیاوەیان نەناسیوە، لەو سەردمە لە کوردستان هیچ شتێکی پێشکەوتوو نەبووە، ئەم پیاوە چۆن توانیویەتی ئەو هونەرە بخوڵقێنێت و دواتر بچێتە تاران و ئەو هونەرەی بۆ ئێمە تۆمارکردووە، واتە بەرنامەکە لەگەڵ ئەودا کرابا، چونکە ئەو کۆنترە.
سەنگاوی، پرسیاری لێدەکات، ئەگەر تۆ گفتوگۆکەت لەگەڵ سەید عەلی ئەسغەری کوردستانی بکردبا، یەکەم پرسیار چیت لێ دەپرسی؟ رەزازی دەڵێت، دەمگەوت: جەنای سەید، گەورەم، لەگەڵ ئەم بارودۆخە و ئەو زەمانە هەستت چۆنە و لەو کاتانەدا گۆرانیت بۆ دێت؟ ئەمە چ کاریگەرییەک دەکاتە سەر جەنابت.
پێشکێشکاری بەرنامە بە پرسیارەکانی لە دەوری میوانەکەیدا دەخولێتەوە، لە نێو باڵۆنەکە و لەگەڵ دیمەنە جوانەکانی سرووشت، گۆرانییەکی پێ بڵێت و دواجار راستەوخۆ پێی دەڵێت، لە نێو باڵۆنەکە و ئەو بەرزییە گۆرانیت بۆ دێت؟ ئەویش دەڵێت، ناوەڵا.
سەنگاوی پرسیاری ئەوەی لێ دەکات، ئەگەر بایەک هەڵبکات و باڵۆنەکە ببات، حەز دەکات لە کوێ بنیشێتەوە؟ ئەویش دەڵێت، ئەو کەسێکی ناوچەگەر نییە، بەڵام هەموو مرۆڤێک مافی خۆیەتی ئەو شوێنەی تێیدا لەدایکبووە خۆشی بوێت، بۆیە حەز دەکات لە شونێکی وەک ئاویێری سنە کە شوێنێکی بەرزە یاخود لە کوچکەڕەش کە کەمێک نزمترە، بنیشێتەوە، ئەگەر لە هەر شوێنێکی کوردستان بنیشێتەوە، بۆ ئەو وەک یەکە، بەڵام وەکو مامۆستا هێمنی شاعیر دەڵێت، زێد شتێکی دیکەیە.
سەنگاوی، زیاتر لەگەڵ رەزازی لە مژاری نیشتمانپەروەری قوڵدەبێتەوە و دەڵێت، بۆ کورد و کوردستان زیندانت لە چوار پارچەی کوردستان چەشتووە؟ لە وەڵامدا دەڵێت: بەڵێ راستە، زیندانی سووریا، زیندانی تورکیا، زیندانی عێراق و زیندانی ئێران.
هونەرمەند لەبارەی زیندانیکردنی لە تورکیا گوتی، لە حیزبی سۆسیالیستی کوردستان داوای لێکرا ئاهەنگێک لە ئامادی باکووری کوردستان سازبکات کە وشەی ئاهەنگ و شەوئاهەنگی لە ئەوروپا بەکارهێناوە. سەنگاوی دەڵێت، هەر ئەو وشەیەت نییە زۆر وشەت دروستکردووە، منیش هەندێ وشەی تۆ بەکاردێنم.
رەزازی، درێژە بە باسەکە دەدات و دەڵێت، دوای ئەوەی چووەتە ئەنقەرە، گرووپی میوزیکی مهاباد و ژمارەیەک لە هونەرمەندان لەو شارە بوون و پەنابەربوون، دەیانویست بچنە دەرەوە، لەگەڵ ئەواندا بە فرۆکە چوونەتە ئامەد، لەوی کەوتبوونە شوێنیان، بۆ کوێ چووبوون و لە کوێ دابەزیبوون، هەموویان زانی و لە دوای بەرنامەکە، دەستگیرکران و سوکایەتی زۆریان پێکرا، پێیان گوترا کە ئێوە عێراق و ئێرانتان تێکدا، ئێستا هاتوون ئێرەش تێکبدەن.
سەنگاوی، بۆ جاری سێیەم ناوی حەسەن زیرەک لە بەرنامەکە دێنێتەوە، چونکە دەزانێت رەزازی بەو هونەرمەندە کاریگەرە لێی دەپرسێت، سەرەتا کە دەستت بە گۆرانیگوتن کرد، بە لاساییکردنەوەی دەنگی حەسەن زیرەک دەستتپێکرد، بەڵام هەست ناکەیت هاوچارەنووسسازن لە هەندێک شتدا، ئەویش یەک تۆماری دەنگی هەیە و دەیگێڕێتەوە، هەمان زیندان و راکردن و سەختی چەشتووە، هەروەک چۆن بەڕێزتان چەشتووتانە.
هونەرمەند پرسیارەکەی بە دڵ بوو و دەڵێت، دەستت لەسەر خاڵێک دانا لە خوای ویستووە و لە خوای داوا کردووە کەسێک ئەو پرسیارەی لێبکات. گوتیشی، ئەو شاگردی؛ شاگردی حەسەن زیرەکە، ئەو بەدبەختی و داماویەی حەسەن زیرەک چەشتووەیەتی، هیچ گۆرانیبێژێکی دیکە نەی چەشتووە و لە دوای حەسەن زیرەک ئەوە و کەس بە قەد ئەو بەدبەختی و چارەڕەشی نەچەشتووە، زیندان، بەدبەختی، منداڵییەکی هەژارانە.
باڵۆنەکە بەردەوام دەبێت لە فڕین و گفتوگۆکەش تا دێت گەرموگوڕتر دەبێت، رەزازی باس لەوە دەکات، لە دەستپێکی کاری هونەرییدا گۆرانیی هونەرمەندانی دیکەی گوتووەتە و لە تەمەنی 21 ساڵیدا خۆی وەک هونەرمەندێک دۆزیوەتەوە و یەکەم ئاوازی داناوە "ئینجا چۆن نەگریم نە ناڵێنم" کە هونەرمەندی بەڕێز لەیلا فەریقی خوێندوویەتی، لە هۆنراوە و ئاوازی خۆیەتی، دوای ئەوەی ئاوازی بۆ هۆنراوەیەکی مامۆستا گۆرانی شاعیر داناوە بەناوی "لەسەرە مەرگی هیوا".
سەنگاوی لێی دەپرسێت، لە کام گۆرانیدا هەستی کرد ناسری رەزازی لەدایکبوو و کۆپی دەنگی کەس نییە، لە وەڵامدا دەڵێت، لە گۆرانی "هیوا"، دواتر لە گۆرانی "گۆمەشین" و "کوردۆ گەلۆ"، دواتر هەندێ گۆرانی نەمر هەن وەکو "ساڵەهای ساڵە" و "چارەی خەمی من"، هەندێ کاری دیکەیشی کردووە کە خەڵک کەم دەیزانێت، دەڵێت، ناسر رەزازی گۆرانی هەر هونەرمەندێکی دیکە بڵێت، دەیکات بە هی خۆی، ئەمەش بە راستی وایە، چونکە ئەو لاسایی هونەرمەندەکە ناکاتەوە، بەڵکو بە قورگ و شێوازی خۆی دەیڵێتەوە و گۆرانییەک بە دەنگی خۆی وەک نموونەی ئەو کارانە دەڵێتەوە کە بەرهەمی خۆی نییە، بەڵام بە شێوازی خۆی دەیڵێتەوە.
لەبارەی هونەرمەندەکانی پێش خۆی گوتی، ئەو شانازییەی هەبووە سێ جار لەگەڵ هونەرمەند محەممەد ماملێ دانیشتووە و گۆرانی گوتووە، دووجاریش لەگەڵ هونەرمەند تاهیر تۆفیق، هەروەها هونەرمەند عەلی مەردان و هونەرمەند حەسەن زیرەک و قادر دیلانی بینیوە، بەڵام گۆرانییان پێکەوە نەگوتووە.
گوتیشی، لە تەمەنی 17 ساڵیدا حەسەن زیرەکی بینیوە، بەڵام "ئەو بینینەی ئەو بینیویەتی، یا رەبی یا رەبی جارێکی دیکە بە خەویش نەیبینێتەوە، چونکە کە چاوت لە چاوی دەکرد، دەتزانی ئەو مرۆڤە نەخۆشە و بەڕێزک لە کتێبێکدا دەڵێت، ساواک، حەسەن زیرەکی کوشتووە، دەڵێ، خانمێک هاتووە سوپێک و قەنداخێکی، بۆ جەنابی حەسەن زیرەک دەنیردرێت، ئەمە لە زەماوەندێک لە بانە بووە، حەسەن زیرەک سوپەکەی نەخوارد، بەڵام قەنداخەکەی خواردووە، دواتر سەری گێژی خواردووە و کەتووە، بە رابە خانی هاوژینم گوت هەزار جار یادی بەخێر، کە کەوت بۆچی لەو کاتەدا نەچوون بۆ نەخۆشخانە، بۆ دادنووستان نەکرد.
رەنج سەنگاوی ئەمجارە دێتە سەر باسی هونەرمەند محەممەد ماملێ و لێی دەپرسێت، کاتێک ناوی ماملێ دەبیستیت، چیت دێتە بەرچاو؟ لە وەڵامدا دەڵێت، کولتووری کوردی، هەستی نەتەوایەتی و ئازایەتی، چونکە هونەرمەندێکی بەڕێز بوو. گوتیشی: "راستە هەندێ گۆرانی ئازەری کردووەتە کوردی، بەڵام یەک شت هەیە تاوەکو ئێستا لێرە باسیان نەکردووە و کەس نایزانێ، ئەویش ئەوەیە هەندێ گۆرانی کوردی کە کراوەنەتە تورکی، ماملێ دووبارە کردوویەتی بە کوردی".
رەنج سەنگاوی باسکە هێشتا دەوروژێنێت و دەپرسێت، زۆرجار دەبیستێت کە کورد، دەزگا، مەقام و ئاوازی خۆی نییە. رەزازی لە وەڵامدا دەڵێت: "لەگەڵ رێز و حورمەتم، هەندێ مرۆڤ ئەو قسانە دەکەن، نازانم خەڵەفاون یان خوێندەوارییان نییە و ئاگادار نین، دوو نموونەت بۆ دێنمەوە، نموونەیەکیان لەلایە کاک خالید رەشید، ژەنیار، هونەرمەند و گۆرانیبێژ لە سوێدە کە کورد پێنج هەزار ساڵە خاوەنی مەقامە، نموونەیەکی دیکەت بۆ دێنم لەلایەن کاک ئەیوب رۆستم، هی 910 ساڵ پێش ئێستایە، کە سروودێکی کوردییە و بەناوی "ئەسڵ مەنجە کورد"ـە. میللەتێک خاوەنی ئەوە و سەید عەلی ئەسغەر، کاوێس ئاغا، محەممەد عارف جزیری، حەسەن جزیری، شێخ سەعید، ساڵح دیلان و تاهیر تۆفیق بێت، چون دەکرێت بگوترێت کورد خاوەنی مەقام نییە، گوایە مەقام هی عەرەبە و دەزگا هی فارسە و کورد حەیرانیشی نییە ئەو هاوار ئەمە کفرە". هەروەها دەڵێت، لە هەمووی کۆنتر کورد خاوەنی بەیتە، بەیتیش دابەش دەکرێت بەسەر هۆرە، سیاچەمانە، لاوک، حەیرانۆک و حەیران و زۆر وردە مەقام و قەتاری دیکەدا.
بەشی دووەمی گفتوگۆکە کاژێر 9:00ـی ئەمشەو پەخشدەکرێت، بەڵام ئەمجارە لە ئاسمانەوە نییە، بەڵکو دانیشتێکی سادەیە لە نێو سەوزایی و سرووشت، لە بەشێکی ئەو گفتوگۆیەدا رەزازی باس لە پەیوەندی خۆی لەگەڵ دڵنیای کچی دەکات و دەڵێت: "دڵنیا زۆر لەگەڵ من کۆک نییە".