ریۆویچی ساکاماتۆ براوەی خەڵاتی ئۆسکار و گرامی کۆچی دواییکرد

03-04-2023
پەسار فایەق
A+ A-
رووداو دیجیتال

ریۆویچی ساکاماتۆ، ئاوزدانەری ژاپۆنی کە ناوبانگییەکی جیهانی هەبوو، لە تەمەنی 71 ساڵیدا کۆچی دواییکرد.
 
کۆمپانیای 'Avex'ـی ژاپۆنی بۆ تۆمارە دەنگییەکان، رۆژی یەکشەممە 2ـی نیسانی 2023؛ بەیاننامەیەکی بڵاوکردەوە کە ئەو ئاوازدانەرە لە 28 ئازاری 2023 لە کاتی وەرگرتنی چارەسەر بۆ نەخۆشی شێرپەنجە کۆچی دواییکرد.
 
ساکاماتۆ، ئاوازی بۆ فیلمە بەناوبانگەکانی هۆلیوود داناوە، دیارترینیان فیلمی ' The Last Emperor' و 'The Revenant'یە.
 
ساکاماتۆ، لە 2014ـە تووشی شێرپەنجەی قورگ بوو و لە 2022 تووشبوونی بەو نەخۆشییە ئاشکرا کرد.
 
ئەو هونەرمەندە ئەمساڵ لە ساڵڕۆژی لە دایکبوونیدا، ئەلبوومێکی میوزیکی بەناوی '12' بڵاوکردەوە و رایگەیاند، ئاوازدانان کاریگەرییەکی بچووکی چاکبوونەوەی لەسەر جەستە و رۆحی زیانلێکەوتووی هەبووە.
 
ساکاماتۆ، ناوبانگیی لە سنووری وڵاتەکەی و کیشوەرەکەی دەرچوو و ناوبانگییەکی جیهانیی بەدەستهێنا، لە 1987 خەڵاتی ئۆسکار و گرامیی لە رێگەی فیلمی 'The Last Emperor' بەدەستهێناوە.
 
جگە لە کاری ئاوازدانەری، لە 1983 وەک ئەکتەر لە فیلمی سینەمایی ' Merry Christmas, Mr. Lawrence' رۆڵی سەرەکی گێڕا و بەهۆیەوە خەڵاتی بافتای وەک باشترین ئەکتەری سەرەکی بەدەستهێنا.
 
ساکاماتۆ، لە 1952 لە تۆکیۆ لەدایکبووە، لە تەمەنی 10 ساڵییەوە دەستی بە خوێندنی میوزیک کردووە، لە ساڵانی رابردوودا زیاتر لە نیویۆرک ژیاوە، هەرچەندە بەردەوام سەردانی ژاپۆنی کردووە.
 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە