بەڵگە فیلمێک لەبارەی شاخەوانی کورد محەممەد ئەوراز بەرهەمدێت


رووداو دیجیتاڵ 

بەڵگە فیلمی 'دوایین هەنگاو بەرەو ئاسمان' سەبارەت بە محەممەد ئەوراز، کەسایەتی و شانازییەکانی شاخەوانی کورد کە بەسەر لووتکەی بەرزیی شاخی ئێڤرێستدا سەرکەوت، ئیبڕاهیم سەعیدی، لە دەرهێنانی سینەماکاری کورد و لە رێکخراوەی فیلمسازی لاوان فیلم بەرهەمدێت. 
 
ئیبڕاهیم سەعیدی کە بە بەرهەمە بەڵگە فیلم و چیرۆکییەکانی خۆی لەوانە: فیلمی سینەمایی 'ماندوو' و بەڵگە فیلمی 'دایکانی من' سەبارەت بە کۆمەڵکوژی ئەنفال لە فێستیڤاڵە نێودەوڵەتییەکاندا لە ئاستی جیهان بەشداربووە و چەندین خەڵاتی بەدەستهێناوە؛ لە نوێترین بەڵگە فیلمیدا، تیشک دەخاتە سەر محەممەد ئەوراز، شاخەوانی کۆچکردوو کە کە جگە لە سەرکەوتن بەسەر لووتکەی ئێڤرێست بەرزترین شاخی جیهان، بە بێ کەڵک وەرگرتن لە گازی ئۆکسجین بەسەر شاخە بەرزەکانی دیکەی دنیادا سەرکەوتووە.  
 
سەعیدی لە بەڵگە فیلمی 'دوایین هەنگاو بەرەو ئاسمان'دا بە تایبەت باسی ژیان، کەسایەتی و شانازییە وەرزشییەکانی ئەم پاڵەوانە نەتەوەییەی شاخەوانی کوردستان دەکات. 
 
ئەم بەڵگە فیلمە، ئێستا لە قۆناغی توێژینەوە و لێکۆڵینەوە دایە، هەر بەم بۆنەیەوە دوا لەو کەسانە دەکرێت کە دەتوانن بە باشترکردنی ئەم بەرهەمە لە لایەنە جۆراجۆرەکاندا، لەوانە؛ بە ناردنی فیلم، وێنە، بیرەوەریی یا خود هەر بابەتێکی دیکە لەم بارەیەوە یارمەتیدەر بن.
 
محەممەد ئەوراز، لە 17-9-1969 لە شاری نەغەدەی رۆژهەڵاتی کوردستان لە دایک بووە، لە 17-8-2003 لە کاتی سەرکەوتن بەسەر لووتکەی 'گاشربرۆمی 1' لە وڵاتی پاکستان بە هاوڕێیەتی لەگەڵ موقبیل هونەرپەژووە، شاخەوانی کۆچکردووی کورد، بە هۆی داڕمانی بەفر، بە توندی بریندار بوو و بە هەوڵی هەڤاڵانی شاخەوانی خۆیدا گەیاندرایە نەخۆشخانەی شیفا لە شاری ئیسلام ئاباد و دوای 20 رۆژ ململانێ لەگەڵ مەرگ، لە 7-9-2003 ماڵئاوایی لە ژیان کرد.