رووداو دیجیتاڵ
هونەرمەندی گۆرانیبێژ، زاهیر عومەر رایگەیاند، بەهۆی نوێنەکردنەوەی مافی مانەوەی کارکردنی منداڵەکانی لە سوێد، ئەویش بڕیاری داوە بگەڕێتەوە کوردستان. داواش دەکات کەس بیر لە ئەورووپا و کاری هونەری نەکاتەوە.
زاهیر عومەر، کە 6 ساڵە بە خێزانەوە لە سوێد نیشتەجێیە، دەڵێت ئەوان چەند ساڵە بەهۆی مافی مانەوەی کارکردن لەو وڵاتە دا دەژین، بەڵام ئێستا حکومەت بڕیاری داوە، ئەو مافە بۆ منداڵەکانی نوێ نەکاتەوە، بۆیە مەترسیی دیپۆرتکردنەوەیان لەسەرە.
ئەو هونەرمەندەی شاری هەولێر هۆکاری جێهێشتنی کوردستانی روونکردەوە و گوتی "35 ساڵ لەسەر ئەرکی خۆم کاری هونەریم کرد، دڵم شکا، کەس رێزی لە هونەرەکەم نەگرت. هیچ دەست لەپشتدانێک نەبووە."
زاهیر عومەر دەڵێت، جارێکیان لە رێگەی هونەرمەندێکەوە سەردانی وەزارەتی رۆشنبیری کردووە، داوای کردووە دایبمەزرێنن، بەڵام پێیانگوتووە دامەزراندن نییە.
ئەو هونەرمەندە، ئێستا لەگەڵ خێزانەکەی لە ستکهۆڵم نیشتەجێیە، سەرەتا دوو ساڵ مافی مانەوەی کارکردنیان پێدراوە، دواتر دوو ساڵی دیکەیان بۆ نوێکراوەتەوە، بەڵام مافی مانەوەیان بۆ دوو کوڕەکەی نوێ نەکردووەتەوە. بەهۆی ئەوەی دوو کوڕەکەی 18 ساڵیان تەواوکردووە، ئێستا دەبێت بگەڕێنەوە کوردستان و جارێکی دیکە بگەڕێنەوە سوێد.
زاهیر عومەر گوتی "یەکێک لە کوڕەکانم مۆڵەتی چوار هەفتەی پێدراوە کە سوێد جێبهێڵێت، لە کاتێکدا یەک رۆژ ئیشی رەشی نەکردووە. شەش ساڵە کار دەکات و باج دەدات."
بە گوتەی ئەو هونەرمەندە، کۆچبەر لەو وڵاتە کەمترین مافی هەیە، گوتیشی "کوڕێکی دیکەشم مافی مانەوەی کارکردنی پێنەدرایەوە، ئەوان هەموو هەوڵێک دەدەن، سەرڕەش لە وڵاتەکەیان دا نەمێنن."
ئێستا دوو لە کوڕەکانی ئەو دوو هونەرمەندە بڕیاریان داوە بگەڕێنەوە کوردستان. سەبارەت بە چارەنووسی خۆیشی، زاهیر عومەر گوتی "ساڵێک و حەوت مانگە داوای مافی مانەوەی هەمیشەییم کردووە، وەڵامیان نەداومەتەوە، دوای بڕیاری ناردنەوەی منداڵەکانیشم، ئیدی هیچ دڵم بەو وڵاتە خۆش نییە و رەنگە منیش هەر مانگێکی دیکە لێرە بمێنمەوە و بگەڕێمەوە کوردستان."
زاهیر عومەر، ئامۆژگاریی هاونیشتمانیان دەکات کە بە هیچ شێوەیەک بیر لە جێهێشتنی کوردستان نەکەنەوە و، بەتایبەتیش روو لە سوێد نەکەن، دەڵێت "سوێد بە کەڵکی ژیان نەماوە، تەنیا لەو ماوەیەدا 35 تەقینەوە روویداوە." گوتیشی "ئێستا سوێد بە دوای هەندێک کەسدا دەگەڕێت کە وڵاتینامەیان لێوەربگرێتەوە، بەهۆی ئەوەی گەشتی کوردستانیان کردووە، پێیاندەڵێن مادام ئێوە هەڕەشەتان لەسەر بووە، چۆن گەڕاونەتەوە کوردستان."
سەبارەت بە هاوکاریکردنی ئەوانەی دیپۆرتدەکرێنەوە، زاهیر عومەر گوتی "هاوکارییەکی کەم دەکرێن، نزیکەی 2000 دۆلاریان دەدرێتێ."
زاهیر عومەر، هەرچەندە خۆی مەترسیی دیپۆرتکردنەوەی لەسەر نییە، بەڵام سوورە لەسەر گەڕانەوە و دەڵێت "سوێد بووەتە کابوول، ژیان لێرە نەماوە، خەڵک دەترسێت. یاساکان لە دژی کۆچبەران زۆر تووندکراون. کچەکەم کە تەمەنی گەیشتووەتە 18 ساڵ، نامەیان بۆ ناردووم و دەڵێن رەنگە نوێکردنەوەی مافی مانەوەکەی پەیوەندیی بە تۆوە نەمێنێ، بە کورتی و بە کوردی، تووشی نەخۆشیت دەکەن، تووشی خەمۆکیت دەکەن."
زاهیر عومەر دەڵێت، جگە لەو دۆخەی سوێد، کە هاندەرە بۆ جێهشتنی سوێد، دۆست و هاوڕێکانیشی زۆر داوای لێدەکەن بگەڕێتەوە کوردستان.
ئەو هونەرمەندە کە لە شاری هەولێر لەدایکبووە، 35 ساڵە گۆرانی دەڵێت، یەکەم کیلپی گۆرانیی لەسەر کیمیابارانی هەڵەبجە بووە. زیاتر لە 30 کلیپی گۆرانی هەیە. لە سوێدیش چەند بەرهەمێکی تۆمار کردووە.
زاهیر عومەر پێیوایە نەک پاداشتی کارە هونەرییەکانی نەدراوەتەوە، بەڵکو مافیشی خوراوە و دەڵێت "داواتان لێدەکەم لە کاری هونەری دووربکەونەوە."
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ