دینا گۆرانییەکی حەسەن زیرەک دەڵێتەوە

رووداو دیجیتاڵ

هونەرمەند دینا، بەرهەمێکی نوێی بڵاوکردەوە کە گوتنەوەی گۆرانی 'ئامینێ گیان'ـی حەسەن زیرەک، هونەرمەندی ناسراوی کوردە.
 
دینا، بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند، بەهۆی خۆشەویستیی بۆ هونەرمەند حەسەن زیرەک و حەزی هەواداران، بەرهەمێکی نوێی بڵاوکردەوە کە گوتنەوەی گۆرانی 'ئامینێ گیان'ـی ئەو هونەرمەندە کۆچکردووەیە.
 
ئاماژەی بۆ ئەوەشکرد، کاری میوزیکی ئەم بەرهەمە لە ئێران کراوە و لەلایەن هونەرمەند هەڵکەوت زاهیر و شەماڵ محەممەد ئامادەکراوە. گوتیشی، لە دوای بڵاوبوونەوەی ئەم بەرهەمە، رابیعە خان، هاوژینی هونەرمەند حەسەن زیرەک پەیوەندی پێوەکردووە و دەستخۆشی لێکردووە و داوای لێکردووە بیبینێت.
 
ڤیدیۆکلیپی گۆرانییەکە لەلایەن بڕیار فەتاح وێنەگیراوە و لە کەناڵی تایبەتیی هەڵکەوت زاهیر لە یوتیوب بڵاوکراوەتەوە.
 
هەر بەم دواییە دینا، گۆرانییەکی فۆلکلۆری کوردی بە دەنگی خۆی و بەشێوەی ڤیدیۆکلیپ بڵاوکردەوە کە بەناوی 'ئایە ئۆیە' بوو و پێشتر لەلایەن ژمارەیەک هونەرمەند گوتراوە، لەوانە برایانی زێ زێ و هەردوو هونەرمەند مەرزیە فەریقی و رزگار رەنجەڕو.
 
لەم بەرهەمە نوێیەدا هەردوو هونەرمەند هەڵکەوت زاهیر و شەماڵ محەممەد کاری میوزیکیان بۆی کردووە و ڤیدیۆکلیپەکەی لە دەرهێنانی بڕیار فەتاحە و لە کەناڵی تایبەتی هەڵکەوت زاهیر بڵاوکراوەتەوە.