رووداو دیجیتاڵ
لە پێشانگەیەکدا لە کۆپنهاگنی دانیمارک، کارە هونەرییەکانی ساڵانی دەستپێکی کاری بانکسی، هونەرمەندی سەرشەقام خرانەڕوو کە لە نێوان 1989 تاوەکو 2010 بەرهەمهاتوون.
بانکسی تاوەکو ئێستا ناسنامەی خۆی ئاشکرا نەکردوو و کارە هونەرییەکانی لە سەر دیواری باڵەخانە و شوێنە گشتییەکان دەکێشێت، بەشێک لە تابلۆکانی بە چەندین ملیۆن دۆلار فرۆشروان. سەرەتا وێنەکانی لە شاری بریستۆڵی ئینگڵتەڕا کێشاون.
لە تابلۆ دیارەکانی نێو پێشانگەکە، وێنەی دوو پۆلیسە کە یەکدی ماچ دەکەن، هەروەها وێنەی پۆلیسی نەهێشتنی ئاژاوەگێڕی بە رووخساری زەردەوە، جگە لە تابلۆی شامپانزییەک کە درووشمێکی هەڵگرتووە و نووسراوە، "ئێستا پێبکەنە، بەڵام رۆژێک دێت من بەرپرس دەبم".
پێشانگەکە بەناونیشانی "بانکسی و هونەری شەقام: ساڵانی سەرەتایی"یە، لە 1ـی کانوونی دووەمی 2025 لە مۆزەخانەیەکی نوێ بەناوی مۆزەخانەی ماستەر و هونەری هاوچەرخ کرایەوە، بڕیارە تاوەکو 30 نیسانی 2027 بەردەوام بێت.
نەیگڵ مەید، رێکخەری پێشانگەکە و دامەزرێنەری مۆزەخانەکە لەبارەی پێشانگەکە گوتی: "چیرۆکێکی زۆر فراوانی نووسینە لەسەر دیوار و ئارەزووی مرۆڤە بۆ نووسین لەسەر دیوار".
لە چاخەکانی پێشوو، مرۆڤە لەسەر دیوار نێو ئەشکەوتەکان و سەر بەردەکان نەخشاندنیان هەبووە.
هەر لە پێشانگەکەدا تیشک خراوەتە سەر کارە هونەرییەکانی "TAKI 183" کە لە کۆتایی شەستەکان و سەرەتای حەفتاکان لە نیویۆرک؛ چالاک بووە.
"Cider Genetics" یەکێک لە کارە دیارەکانی بانکسییە کە لە 1999 لە بریستۆڵ کێشراوە و قەبارەکەی 30 پێیە.
لە 2024 مۆزەخانەی بانکسی لە نیویۆرکی ئەمریکا کرایەوە، تێیدا گەورەترین کاری هونەریی سەر دیوای هونەرمەندان لەخۆدەگرێت کە ناسنامەیان ئاشکرا نییە.
هازیز ڤاردار، دامەزرێنەری مۆزەخانەکە پێشتر رایگەیاندبوو، لە سەردەمی بڵاوبوونەوەی ڤایرۆسی کۆرۆنا بیرۆکەی دروستکردنی مۆزەخانەکەی بە خەیاڵدا هاتووە، بۆ ئەوەی پارێزگاری لەو بەرهەمە هونەرییانە بکرێت کە بە خێرایی لەناو دەچن.
ئاماژەی بۆ ئەوەشکردبوو، زۆربەی کارە هونەرییەکانی سەر دیوار نامێنن و دەدزرێن، یاخود لەلایەن شارەوانییەکانەوە رەش دەکرێنەوە.
لە 2008ـدا خانەی سوزبێز لە نیۆیۆرک، کارێکی هونەریی بانکسیی بە بڕی یەک ملیۆن و 800 هەزار دۆلاری ئەمریکی فرۆشت.
بەشێکی زۆری بەرهەمە شێوەکارییەکانی دەفرۆشرێن، پارەکەی بە خاوەنی ئەو شوێنانە دەدرێت کە وێنەکەی لەسەر کێشراوە.
هەرچەندە گومان لە چەند شێوەکارێکی بەریتانیا دەکرێت کە بە ناوی بانکسی ئەم بەرهەمانە بڵاودەکەنەوە، بەڵام تا ئێستا ناسنامەی راستەقینەی ئاشکرا نەکراوە.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ