هێلی لەڤ و سەڵاحەدین دەمیرتاش لە لیستی 100 كاریگەرترین کەسایەتی جیهانن

01-12-2015
هیوا سەڵاح
نیشانەکردن هێلی لەڤ دەمیرتاش
A+ A-

رووداو –  FP

گۆڤاری بەناوبانگی ئەمەریکی"Foreign Policy" لیستی 100 کاریگەرترین کەسایەتی جیهانی بۆ ساڵی 2015 بڵاوکردەوە، کە لە نێویدا هێڵی لەڤ و سەڵاحەدین دەمیرتاش وەک کاریگەرترین کەسایەتی ساڵ ناویان هاتووە.




گۆڤاری بەناوبانگی ئەمەریکی"Foreign Policy"، ئەمڕۆ لیستی 100 کەسایەتی کاریگەری جیهانی بۆ ساڵی 2015 بڵاوکردەوە، تێیدا چەندین کەسایەتی سیاسی، ئابووری، زانستی و هونەری لەخۆ گرتبوو، کە کاریگەریان لەسەر خەڵک جێهێشتووە، ئەنگێلا مێرکل راوێژکاری ئەڵمانیا و پۆتین سەرۆکی رووسیا ناویان لە لیستەکەدا هاتووە.



گۆڤارەکە چەند پەڕەگرافێکی لەبارەی هێلی لەڤ و سەڵاحەدین دەمیرتاش نووسیوە، تێیدا دەربارەی هێلی نووسیویەتی" ئەو توانیویەتی بە گۆرانی شۆڕش بەرەنگاری داعش ببێتەوەو پشگیری لە پێشمەرگە بکات، بەڵام هێلی چەکی هونەری پێی کاریگەرتر بووە لە مەترسییەکانی داعش، هەربۆیە چەند مەترێک دوور لە چەکدارانی داعش کلیپەکەی تۆمارکردووە".



دەربارەی کاریگەری سەڵاحەدین دەمیرتاش نووسیویەتی"ئەو توانی خەونەکانی رەجەب تەیب ئەردۆغان لەبار ببات، سەڵاحەدین دەمیرتاش تەمەنی 42 ساڵە، بەڵام توانی کاریگەریەکی زۆر نەک تەنیا بەسەر کورد، بەڵکو تورکەکانیش دابنێت، بۆیە بە سیاسیەکی سەرکەوتو و ئازا ناودەبرێت، توانی حیزبەکەی بگەیێنێتە پەرلەمان".



گۆڤاری بەناوبانگی ئەمەریکی"Foreign Policy"، ساڵانە لیستی 100 کەسایەتی کاریگەری ساڵ بڵاودەکاتەوە، ئەو کەسایەتییانەش دیاری دەکات، کە توانیویانە کاریگەری لەسەر خەڵک دابنێن، یان بیرۆکەیەکی نوێ لەسەر بابەتێکی گرنگی نێو کۆمەڵگە بدەنە جیهان.

لە مەراسیمێکی بەرفراواندا خەڵاتیان پێشکەش دەکات، ئەمڕۆش هێلی لەڤ لە ئاهەنگی دابەشکردنی خەڵاتەکان ئامادەیە بۆ وەرگرتنی خەڵات، هاوکات پێش دابەشکردنی خەڵاتەکان هێلی لەڤ چەند خولەکێک باسی لە ئازایەتی پێشمەرگە و سەرکەوتنەکانی کرد، لەگەڵ ئەوەشدا داوای لە وڵاتانی جیهان کرد هاوکاری پێشمەرگە لە رووی چەکەوە بکەن.



لەمبارییەوە هێلی لەڤ بە رووداوی رایگەیاند" ئەمڕۆ  پێش دابەشکردنی خەڵات، باسی کوردستانم بۆ ئامادەبووان کرد، لەگەڵ ئەوەشدا داوام لێکردن بە پەلە چەک بۆ پێشمەرگە بنێرن، تاوەکو  بەرگری لە خاکی کوردستان و هەموو جیهان بکات".



هێلی گوتیشی"وەک کچە کوردێک بەهۆی ئەو پەیامەی لە گۆرانییەکەی مندا هەبووە، کە داوای ئاشتی ویەکگرتن و لەناوبردنی تیرۆر کردووە، کاریگەری زۆری لە نێو میدیا جیهانییەکان هەبووە، هەر ئەمەش وایکردووە، من وەک کەسایەتی کاریگەری ساڵ دەستنیشان بکرێم".

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە