سامان وڵاتژێری: كچان پێم دەڵێن بە كۆری و ژاپۆنی دەچی

01-12-2015
دەرباز یونس
سامان وڵاتژێری
سامان وڵاتژێری
نیشانەکردن سامان وڵاتژێری
A+ A-
رووداو- هەولێر

ئەگەر بڵێین یەكێكە لە بچوكترین بێژەرەكانی كوردستان، ئەوا بە دڵنیاییەوە هەڵەمان نەكردووە، بەگوتەی هاوكارانی لە دیسكی وەرزشیی تۆڕی میدیایی رووداو، سامان لە كاركردندا زۆر ئازایە و خۆی پرۆدیوسەری خۆیەتی.

 ئەو بێژەرە دەڵێت لە قوتابخانە زۆر زیرەك بووە، بەڵام باری ئابووریی زۆر خراپ بووە، هەمیشە مامۆستاكان بە باوكیان گوتووە خۆزگە هەموو قوتابییەكانی دیكە وەكو ئەو دەبوون.

سامان وڵاتژێری، ساڵی 1994 لەدایك بووە، قوتابی قۆناغی چوارەمی كۆلێژی راگەیاندنە، چەند مانگێك لە یەكێك لە گۆڤارەكانی كوردستان كاری كردووە، دواتر راستەوخۆ هاتووەتە تۆڕی میدیایی رووداو. 

سامان بێژەری كرمانجی دیسكی وەرزشی رووداوە، لەم هەڤپەیڤینەدا لەگەڵ هەفتەنامەی (رووداو) زیاتر لە بارەی سامانەوە دەزانن.

رووداو: ژیانی تۆ بەگشتی چۆن بووە، لە منداڵییەوە تاوەكو ئێستا؟

سامان: من بە منداڵی زیرەك و هەژار بووم، هەمیشە مامۆستاكان بە باوكمیان دەگوت خۆزگە هەموو قوتابییەكانی دیكە وەكو سامان بوونایە، ژیانم بەگشتی زۆر ناخۆش بووە، كارم دەكرد بۆ ئەوەی یارمەتی ماڵەوە بدەم، شەوان كە دەگەڕامەوە هێندە ماندوو دەبووم دەگریام، نەشمدەتوانی بۆ سبەی نەڕۆمەوە سەر كار. ئەو رۆژانەی قوتابخانە نەبووایە كارم دەكرد و ئێستاش زۆربەی وەستاكانی دیار و كاشی و دانانی سەقفی سانەوی دەمناسن و هاوڕێمن. بەرلەوەی بێمە رووداو چەندین كاری وەكو كاری دیوار، كاشی، دانانی سەقفی خانووم كردووە.

رووداو: بۆچی بەشی وەرزشت هەڵبژارد، حەزت لە بێژەری بوارێكی دیكە نەبوو؟

سامان: حەزم لە وەرزشی و سیاسی بوو، بەڵام هەستمكرد بێژەری سیاسی لەگەڵ تەمەنی من ناگونجێت، هەر بۆیە وەرزشیم هەڵبژارد و ئێستا زۆر خۆمم تێدا دۆزیوەتەوە.

رووداو: تۆ لە هەولێر دەژی و كار دەكەی و دەشخوێنی، خێزانەكەشت لە گوندی وڵاتژێری لەناوچەی بارزانن، ئەمە بۆ تۆ سەخت نییە؟

سامان: ئێستا كە قسە لەگەڵ تۆ دەكەم، زیاتر لە یەك مانگە نەگەڕاومەتەوە گوندەكەم، دایكم هەموو رۆژ تەلەفۆنم بۆ دەكات و دەڵێت بگەڕێوە، بەڵام ئەوانیش یارمەتیم دەدەن و دەزانن كە من خوێندن و رووداوم هەیە.

رووداو: لە ئەندامانی خێزانەكەت زیاتر بیری كێ دەكەی؟

سامان: بیری هەمووان دەكەم، بەڵام بە حوكمی ئەوەی بێلانی خوشكم لە هەمووان بچووكترە، زیاتر بیری ئەو دەكەم، دایكم هەموو جار دەڵێت گەورە بێت تۆ ناناسێتەوە، چونكە تۆ زۆر بە كەمی دەبینێ.

رووداو: بۆچی ئەو خوشكەتان ناونراوە بێلان؟

سامان: من ناوم ناوە بێلان، ئەو كاتەی ئەو لەدایك بوو من لە هەولێر بووم، تەلەفۆنیان بۆ كردم و گوتیان خوشكێكت بوو، منیش لەبەر ئەوەی لە ماڵەوە دوور بووم و هەستم دەكرد بێلانەم، بۆیە ناوم نا بێلان.

رووداو: بە حوكمی ئەوەی گەنجێكی قۆزی و لە شاشە دەردەكەوی، پەیوەندیت لەگەڵ كچان چۆنە؟

سامان: پەیوەندیم زۆر باشە، بەڵام تەنیا لە چوارچێوەی هاوڕێیەتییە، ئەگەرچی كچان داوای پەیوەندیی خۆشەویستیم لێدەكەن و خۆیان نزیك دەكەنەوە، هەندێكیشیان پێم دەڵێن تۆ لە كۆری و ژاپۆنی دەچیت، ئەمەش بەهۆی بچووكیی چاومەوەیە. خێزانەكەم هەموومان چاومان وایە. جارێك كەسێك لە فەیسبووك بۆ رووداوی نووسیبوو ئەو ئەندەنووسیەتان لە كوێ دۆزیوەتەوە؟

رووداو: بەنیازی پێكەوەنانی خێزان نیت؟ ئێستا كەس لە ژیانتدا هەیە؟

سامان: من عاشقم، بەڵام ئێستا خۆشەویستم نییە، ناشزانم كەی خێزان پێكەوە دەنێم، بەڵام دەبێت ژنەكەم لێم تێبگات و خواردنی خۆشیش بزانێت.

رووداو: تۆ بارزانیت، بۆیە دەڵێن لە رووداو واستەت هەیە، ئەوە راستە؟

سامان: ئەمە زۆر باس دەكرێت، جارێك كەسێك پێیگوتم تۆ خزمی نێچیرڤان بارزانیت بۆیە لە رووداو وەرگیراوی، بەڵام ئەمە راست نییە، من بە لێهاتوویی خۆم وەرگیراوم، رووداویش ئەوەی قبوڵ نییە كەسێك بە واستە وەربگرێت.

رووداو: هەر لەسەر ئەم بابەتی واستەیە، دەڵێن نێوانت لەگەڵ رێبوار محەممەد، بەرپرسی دیسكی وەرزشی زۆر خۆشە؟

سامان: نێوانم لەگەڵ هەموو برادەرانی بەشی وەرزش خۆشە، بەڵام رێبوار بەهۆی خوێندن و زۆر كاركردنەوە منی زۆر خۆشدەوێت، ئەوەش وایكردووە پەیوەندیمان باش بێت، هیچ شتێكی دیكە نییە.

رووداو: لە ژمارەكانی رابردوودا، رۆژان عەبدولڕەحمانی بێژەری وەرزشی گوتی خەونم ئەوەیە ببمە بەرپرسی پەیوەندییەكانی دەرەوەی حكومەت، تۆ خەونی داهاتووت چییە؟

سامان: من حەز دەكەم ببمە راوێژكاری وەرزشیی سەرۆكی حكومەت، یان بتوانم كەناڵێكی وەرزشی دابمەزرێنم. جگە لەوەش خەون بەوەوە دەبینم هەواڵی بەشداریی هەڵبژاردەی كوردستان لە مۆندیال بخوێنمەوە.

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە