تۆم هانکس: تەنیا چوار فیلمی زۆر باشم پێشکێشكردووە

01-10-2022
پەسار فایەق
نیشانەکردن تۆم هانکس
A+ A-
رووداو دیجیتاڵ

تۆم هانکس، ئەکتەری ئەمریکی، بە یەکێک لە ئەستێرەکانی سینەمای هۆلیوود و جیهان دەناسرێت، فیلمەکانی بینەر و ناوبانگی زۆریان هەیە، بەڵام ئەو دەڵێت، لە فیلمەکانیدا تەنیا توانیویەتی چوار فیلمی زۆر باش پێشکێش بکات.
 
هانکس ئاماژەی بە ناوی هیچ کام لەو چوار فیلمانەی نەکردووە، بەڵام فیلمە بەناوبانگەکانی بریتین لە 'Philadelphia'، 'Forrest Gump'، 'Cast Away' و 'The Terminal'.
 
ئەو ئەکتەرە لە 1993 لە رێگەی فیلمی 'Philadelphia' خەڵاتی ئۆسکاری وەک باشترین ئەکتەری سەرەکی بەدەستهێنا بۆ رۆڵگێڕانی کەسێکی هاورەگەزخواز کە تووشی ئایدز دەبێت و بەهۆیەوە لە کارەکەی لادەدرێت، لە بەرامبەردا سکاڵا لەسەر خاوەن کارەکەی تۆمار دەکات.
 
'Forrest Gump' لە فیلمە کۆمێدی و دراماییەکانە و لە 1994 بڵاوکرایەوە و بەهۆیەوە هانکس دووەم خەڵاتی ئۆسکاری وەک باشترین ئەکتەری سەرەکی بەدەستهێنا، جگە لەم خەڵاتی ئەم بەرهەمە براوەی پێنج خەڵاتی دیکەی ئۆسکارە.
 
چیرۆکی فیلمەکە باس لە کەسێک بەناوی فۆڕێست گامپ دەکات کە هانکس رۆڵی دەگێڕێت و لە دوای کۆتاییهێنان بە ئەرکی سەربازی، سەرقاڵی راوکردنی رۆبیان دەبێت و بەهۆیەوە دەوڵەمەند دەبێت، خۆشەویستی کچێک وای لێدەکات بۆ ماوەی سێ ساڵ لە راکردن بەردەوام بێت، هەرچەند دواتر ژیانی هاوژینی لەگەڵدا پێک دێنێت، بەڵام دوای ماوەیەکی کەم بە هۆی نەخۆشییەوە هاوژینەکەی گیان لە دەستدەدات.
 
'Cast Away' بەرهەمی ساڵی 2000ـی هانکسە و داهاتی لە سینەماکانی جیهاندا 429 ملیۆن دۆلاری ئەمریکی بووە و بە سێیەم فیلمی پڕداهاتی لەو ساڵەدا ناسێندرا.
 
لەم بەرهەمە دراماییەدا، هانکس رۆڵی کارەکتەرێک لە فیلمەکەدا دەگێڕێت کە یەکێک لە سەرنشینانی فرۆکەیەکە، لە دوای کەوتنی لە باشووری زەریای ئارام، رزگاری دەبێت، بەڵام ژیانێکی سەخت لە دوورگەیەکدا بەسەر دەبات و بە هۆی بێ هیواییەوە باری دەروونیی تێکدچێت، بەڵام دواتر دەدۆزرێتەوە و دەگەڕێتەوە زێدی خۆی.
 
'The Terminal' بەرهەمێکی دیکەی ناوازەی هانکسە و لە 2004 بڵاوکرایەوە، ستیڤن سپێلبێرگ، دەرهێنەری ناسراوی ئەمریکی کاری دەرهێنانی بۆ کردووە و بەشێکی چیرۆکی ئەم بەرهەمە راستەقینەیە، داهاتی لە سینەماکاندا 219 ملیۆن دۆلار بووە.
 
فیلمەکە باس لە پیاوێکی رۆژهەڵاتی ئەوروپا دەکات کە لە تێرمیناڵی فرۆکەخانەی 'جۆن ئێف کێنێدی' لە نیویۆرک گیری خواردووە، رێگەی پێنادرێت بچێتە نێو ئەمریکا، لە هەمان کاتدا بەهۆی کودەتایەکی سەربازییەوە، ناتوانێت بگەڕێتەوە زێدی خۆی.
 
لەلایکی دیکەوە، تۆم هانکس (66 ساڵ) ئامادەکاری بۆ بڵاوکردنەوەی یەکەم رۆمانی بەناوی 'The Making of Other Major Motion Picture Masterpiece' دەکات کە بڕیارە لە 9-5-2023 بڵاوبکرێتەوە، تێیدا باس لە چۆنیەتی بەرهەمهێنانی فیلمێکی ئەکشن بە بەشداری ژمارەیەک ئەستێرەی ناودار دەکات.
 
تۆماس هانکس، لە 9-7-1956 لە ئەمریکا لە دایکبووە، بە رۆڵی کۆمێدی و دراماتیکی ناوبانگی پەیدا کردووە، بە یەکێک لە ئەستێرەکانی سینەما دەناسرێت، داهاتی فیلمەکانی لە ئەمریکای باکوور زیاتر لە چوار ملیار و 900 هەزار دۆلاری ئەمریکییە و داهاتی لە سینەماکانی جیهاندا نۆ ملیار و 960 ملیۆن دۆلارە، لە ریزبەندی چوارەمی ئەکتەرەکانی ئەمریکای باکووردایە کە زۆرترین داهاتی هەیە.
 
هانکس، شەش جار بۆ خەڵاتی ئۆسکار بەربژێرکراوە و دوو جار بەدەستی هێناوە، هەروەها حەوت خەڵاتی پرایم تایم ئیمی بەدەستهێناوە، لە بواری شانۆشدا خەڵاتی تۆنی بەدەستهێناوە کە بە گرنگترین خەڵات لەو بوارەدا دەناسرێت، جگە لە وەرگرتنی چەندین خەڵاتی دیکە.
 

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە