زەهاوی سنجاوی: 12 هەزار بلیتی 'نوقتەی 40' لە هەولێر فرۆشراون

2 کاژێر له‌مه‌وپێش
پەسار فایەق
نیشانەکردن "نوقتەی 40"
A+ A-

رووداو دیجیتاڵ

بەرپرسی ناوەندی سینەمای هەولێر رایگەیاند، فیلمی کۆمیدی و ئاکشنی "نوقتەی 40" کە ئێستا لە سینەمای هەولێر پێشاندەدرێت، 12 هەزار بلیتی لە هەولێر فرۆشراوە، رۆژانی داهاتووش لە سینەماکانی سلێمانی و دهۆکیش پێشاندەدرێت.
 
زەهاوی سنجاوی، بەرپرسی ناوەندی سینەمای هەولێر کە بەرهەمهێنەری فیلمەکەیە، بە رووداوی راگەیاند، هەفتەیەک بەر لە پێشاندانی فیلمەکە لە سینەما، بلیت فرۆشراوە، هەروەها چەند ناوندێکی خوێندن و سەربازی ژمارەیەکی زۆر بلیتیان کڕیوە و پێشاندانی تایبەتیان بۆ دەکرێت.
 
ئاماژەی بۆ ئەوەشکرد، فیلمەکە رۆژانە نۆ نمایشی لە دوو هۆڵی سینەمادا لە هەولێر بۆ دەکرێت و بەهۆی پێشوازی گەرمی بینەران لە فیلمەکە، سەرقاڵی ئامادەکردنی هۆڵی سێیەمن لە سینەما هەولێر لە رۆیاڵ مۆڵ.
 
گوتیشی، بڕیارە لە 4ـی ئەیلوولی 2024 پێشاندانی تایبەتی فیلمەکە لە سینەما سالم لە سلێمانی بکەن و رۆژانی دواتر پێشاندانی لە هەمان سینەما بەردەوام دەبێت، هەروەها بڕیارە لە 11ـی ئەیلوول لە دهۆک پێشاندەدرێت و پێشاندانی تایبەتیشی بۆ دەکرێت.
 
"نوقتەی 40" لە دەرهێنانی فەرزین کەریم و سۆران ئیبراهیمە، هەریەک لە حاجی جادر، سیروان بەدر، زانا رۆشان، بەکر مەعرووف و وەلید مەعرووف رۆڵی تێدا دەگێڕن. تۆڕی میدیایی رووداو سپۆنسەری میدیایی فیلمەکەیە.
 
سۆران ئیبراهیم کاری وێنەگرتنی بۆ فیلمەکە کردووە و وێنەگرتنی 22 رۆژی خایاندووە، بەرهەمی سینەمای هەولێرە. حاجی جادر و سیروان بەدر، جگە لەوەی رۆڵی سەرەکیان لە فیلمەکەدا گێڕاوە، هاوکاری دەرهێنەری فیلمیش بوونە.
 
رووداوەکانی نێو فیلمەکە لە سەردەمی داعشە، ئەوکاتەی داعش موسڵ و و دەرووبەری داگیرکردبوو، لە نزیک خازر ستافێکی فیلم سەرقاڵی بەرهەمهێنانی فیلمێکی کۆمێدین لەبارەی داعش، بەڵام لەلایەن داعشەوە چاودێری دەکرێن. کاتێک کە داعش دەگاتە لایان، وا دەزانن هاتوون بیانکوژن، بەڵام لەو کاتەدا ئەمیری داعش کوژراوە و داعش بەو سەر و سیمایەی حاجی جادر هەیەتی بۆ رۆڵی لە فیلمەکەدا، وا دەزانن ئەو ئەمیری نوێی داعشە و هاتووەتە نزیک سنوورەکە.
 
چیرۆکی فیلمەکە، چیرۆکی خۆشەویستی، کردەوەکانی داعش لەبەرامبەر خەڵکی بێتاوان و قارەمانیەتی پێشمەرگە پێشاندەدات.

 

 

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە