ئەمڕۆ 'دوا رۆژەکانی بابلۆ' لە کەرکووک نمایشدەکرێت

رووداو دیجیتاڵ

شانۆگەری 'دوا رۆژەکانی بابلۆ' لە دوای نمایشکردنی لە هەولێر و سلێمانی و پێشوازی گەرمی بینەران لەم بەرهەمە، بڕیارە ئەمڕۆ پێنجشەممە 1-9-2022 لە کەرکووک نمایشبکریت.
 
سۆران عوسمان، بەرهەمهێنەری شانۆگەریی 'دوا رۆژەکانی بابلۆ' بە رووداو راگەیاند، لە ئەمڕۆوە 'دوا رۆژەکانی بابلۆ' رۆژانە کاژێر 6:00ـی ئێوارە لە سەنتەری رۆشنبیری کەرکووک نمایشدەکرێت، نمایشکردنی ئەم بەرهەمە لە کەرکووک، لە دوای ئەو پێشوازییە گەرمەی هەولێر و سلێمانی دێت بۆ ئەم بەرهەمە.
 
'دوا رۆژەکانی بابلۆ' 55 رۆژ لە سلێمانی نمایشکرا و 26 هەزار و 400 بینەری هەبوو، لە هەولێر 35 رۆژ نمایشکرا و 15 هەزار و 700 بینەری هەبوو، لە هەردوو شارەکە زیاتر لە 42 هەزار بینەر هەبووە.
 
'دوا رۆژەکانی بابلۆ' بەرهەمێکی شانۆیی کۆمێدی و میوزیک ئامێزە، لە دەرهێنانی شوان کەریمە، سۆران عوسمان و کۆمپانیای سۆ مارکێتینگ بەرهەمهێنەرینە و لاوک ئەبوبەکر وەک یاریدەدەری دەرهێنەر کاری بۆ دەکات، تۆڕی میدیایی رووداو سپۆنسەری میدیایی ئەم بەرهەمەیە.
 
لەم بەرهەمە شانۆییەدا رێشان حەمۆ، رووبار خالید، سۆران ئەکرەم، تاهیر عەبدولواحید و هەنار کامەران و ژمارەیەک ئەکتەری دیکە رۆڵی تێدا دەگێڕن.
 
'دوا رۆژەکانی بابلۆ' باس لە چیرۆکی بابلۆی دەوڵەمەند و بەناوبانگ دەکات، بەیانییەک بە سەردانێکی چاوەڕوان نەکراوی یەکێک لە کارمەندەکانی لە خەو هەڵدەستێ، ئەمەش دەستپێکی رۆژێکی دەبێت کە سەرتاپای ژیانی دەگۆڕێت، لە پاڵ چیرۆکی بابلۆ، چیرۆکی عاشقبوونی کچەکەی و شوفێرە تایبەتەکەی هەیە.