رووداو دیجیتاڵ
سالار ئازید، هونەرمەند و ژەنیاری ئامێری ڤایۆلێن دەڵێت، لە دوای پێشکێشکردنی پارچە میوزکیكی کوردی لە کۆنسێرتێکی کازم ساهیر، ئەو هونەرمەندە دەستخۆشی لێکردووە و پێیگوتووە "خۆت دەزانی کوردم زۆر خۆشدەوێت".
سالار ئازید، ماوەی چەند ساڵێکە ئەندامی تیپی ئۆرکێسترای کازم ساهیر، هونەرمەندی نێوداری عێراقییە و لە کۆنسێرتەکانیدا بەشدارییەکی کارای هەیە.
ئەو هونەرمەندە کوردە ئێستا لە ئەمریکایە و لە گەشتە هونەرییەکەی ساهیر لە ئەمریکا بەشدارە و چەند کۆنسێرتێک لەخۆدەگرێت.
بەم دواییە ڤیدیۆییەکی ئازید لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکاندا بڵاوکرایەوە و دەنگدانەوەیەکی زۆری هەبوو کە لە کۆنسێرتێکی کازم ساهیر لە نیوجەرسیی ئەمریکا، لەسەر داوای ئەو هونەرمەندە، سۆلۆیەک دەژەنێ کە سۆلۆی گۆرانی 'ئەز کەڤۆک'ـی هونەرمەند حەسەن جەزراوی تێکەڵ بە چەند ئاوازێکی عێراقی کردووە.
ڤیدیۆکە لە لاپەڕەی هونەریی رووداو، زیاتر لە 140 هەزار بینەری هەبووە، لە ئینستگرامی رووداویش زیاتر لە 82 هەزار بینەری هەبووە.
سالار ئازید، میوانی بووڵتەنی هونەریی تۆڕی میدیایی رووداو بوو کە رۆژانە کاژێر 10:40 بەیانی لەلایەن بانوو دڵشادەوە پێشکێشدەکرێت.
ئازید، بە رووداوی راگەیاند، لەدوای ئەوەی سۆلۆیەکی میکسی کوردی و عێراقی لە دوایین کۆنسێرتی کازم ساهیر پێشکێشکرد و لەسەر داوای ئەو هونەرمەندە بووە، دواتر ساهیر دەستخۆشی لێکردووە کە دڵی ئەو و جەماوەری بەم میوزیکە خۆشکردووە و گوتوویەتی "خۆشت دەزانی کوردم زۆر خۆشدەوێت".
ئاماژەی بۆ ئەوەشکرد، بە کازم ساهیرم گوت، بۆچی کۆنسێرتێک لە هەولێر ساز ناکەی و هەواداری زۆرت هەیە، بەڵام ئەو گوتی، بەهۆی دۆخی ئێستا عێراق ناتوانێت کۆنسێرت سازبکات و پلانی ئەوەی هەیە یەکەم کۆنسێرتی لە عێراق، لە بەغداد بێت.
سالار ئازید، لە دایکبووی هەولێر، دەرچووی پەیمانگەی هونەرەجوانەكانی بەغدادە، بەكالۆریوس و دبلۆمی باڵای لە زانكۆی فۆنتیاسی لە هۆڵەندا هەیە، ماستەری لە زانستی میوزیك لە زانكۆی سەڵاحەددین تەواوكردووە و هەر لەو زانکۆیەش مامۆستا بووە، ساڵانێكیش لە پەیمانگەی میوزیكی ئاودەنبوش لە هۆڵەندا مامۆستای میوزیك بووە، لە چەندین ئۆركێسترای جیهانیدا ژەنیاری ڤایۆلێن بووە.
بۆ چەند كۆنسێرتێك لە كوردستان و رۆمانیا سەرۆكی ئۆركێسترای كوردستان بووە، کاری بۆ زیاتر لە 70 ئەلبوومی گۆرانی هونەرمەندان كردووە، دیارترینیان كازم ساهیر بووە، هەروەها خاوەنی چەند ڤیدیۆکلیپێکی میوزیکی تایبەت بەخۆیەتی.
ئازید، بەم دواییە لە زانكۆی عەرەبی-ئەمریكی لە باكووری ئەمریكا لە وڵاتی ئوردن، دکتۆرای بەناونیشانی 'ئامێری ڤایۆلێن و رۆڵی لە گۆرانی فۆلکلۆری کوردی لە هەرێمی کوردستانی عێراق' بەدەستهێنا.
ئەو هونەرمەندە کوردە وەک ژەنیارێک بەشداریی لە دوو فیلمی جیهانیی لە هۆلیوود کردووە، ئەویش فیلمی 'Aladdin' کە ویل سمیس، ئەكتەری ئەمریکی رۆڵی سەرەكی تێدا دەگێڕێت، هەروەها لە فیلمی'Eternals' کە ئەنجلینا جولی، ئەکتەری ئەمریکی رۆڵی تێدا دەگێڕێت.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ