رووداو- ئیستەنبوڵ
سێ ژن پێكەوە لەسەر شانۆ سەما دەكەن، وڵاتیان جیاوازە، كولتووریان جیاوازە، لە زمانی یەكدیش تێناگەن، تاكە شت كە كۆیاندەكاتەوە خەمی ژنبوونە. ئەوان خۆیان بۆ نمایشی شانۆگەرییەك ئامادە دەكەن كە دەرهێنەرەكەی كوردە و تێچووەكەشی نزیكەی نیو ملیۆن دۆلارە.
شانۆگەریی "لە ژێر باران چاوەڕێ دەكەین"، ئەو سێ ئەكتەرەی لەسەر یەك تەختی شانۆ كۆكردەوە، ئەوان ئاین و زمانیان جیاوازە، بەڵام تەنیا یەك خەم و ئازاریان هەیە، ئەویش ژنبوونە.
ژنبوون لە هەر نەتەوە و ئایین و كولتوورێكەوە بێت، بەشی خۆی لە نەهامەتی و ژان و ئازار بەردەكەوێت، ئەوان بۆ ئەوە لە ئیستەنبوڵ كۆبوونەتەوە، تاوەكو لە رێگەی زمانی هونەرەوە كۆژانەكانی خۆیان بۆ هەموو جیهان نمایش بكەن.
كەڤاڵ سدقی، شانۆكارێكی كوردە. لە شانۆگەریی "لەژێر باران چاوەڕێ دەكەین" كە لە دەرهێنانی ئیحسان عوسمانە، رۆڵی ژنێكی كۆچبەر دەبینێت، ئەم ژنە كۆچبەرە ئیسلامە و لە زمانی ئەو ژنەوە دەردو مەینەتییەكانی ژنانی ئیسلام دەبیستی كە پڕیەتی لە چیرۆكی ناخهەژێن.
كەڤاڵ لەسەر لێواری یەكێك لە كەنارەكانی ئیستەنبوڵ باس لە پەیامی شانۆگەرییەكە دەكات و دەڵێت: "لەنێو شانۆگەرییەكە حەوت چیرۆك هەیە، حەوت كەس رۆڵی تێدا دەبینن، هەموویان باس لە كۆچبەری دەكەن، لە شانۆگەرییەكەدا هەر حەوت كەس لە ئاوی ئیجەدا خنكاون. من رۆڵی ژنە كۆچبەرێك دەبینم كە لە كەمپێكدا دەژیت، هاوژینەكەی و كوڕەكەی دەكوژرێن، ئیدی نەهامەتییەكانی ئەم ژنە لێرەوە دەستپێدەكەن".
كەڤاڵ پێیوایە ژن لە هەر نەتەوە و ئاینێك بێت دوور نییە لە كێشمەكێشی ژیان، بۆیە دەڵێت: "ئێمە لەم شانۆگەرییەدا سێ ژن رۆڵ دەبینین، من ئیسلام و كریستینا مەسیحییە و خێلی جووە، بەڵام هەموومان گیرۆدەی دەستی ژنبوونین، نایەكسانی و نادادپەروەری نغرۆی كردین لە تاوان و كێشە.
كەواتە ژنبوون، واتە ئازار، ژن هەمیشە باوەشی بۆ ژانەكان كراوەیە. لەم شانۆگەرییەدا هەرسێكمان دەمانەوێت ژیان لە چاوی ژنەوە بناسێنین".
كریستینا، كچە مەسیحییەكی ئەڵمانییە، ئەو لە دایك و باوكێكی یۆنانی لە ئەڵمانیا لەدایكبووە، هیچ بیرۆكەیەكی لەسەر ژنانی رۆژهەڵاتی ناوەڕاست نەبوو، لەگەڵ ئەوەشدا ئاگاداری چۆنیەتی ژیان و گوزەرانی ئاینزاكانی دیكە نەبووە، بەڵام لەم شانۆگەرییەدا پەی بەوە بردووە كە ژنبوون چەندە سەختە لەم زەمینەدا، لەگەڵ ئەوەشدا دڵخۆشە كە بەشێك لە ژنانی ئەو وڵاتانە كۆڵیان نەداوە و بەردەوامن لە خەبات. كریستینا دەڵێت: "من تاوەكو ئێستا و لە دوورەوە بڕوام وابوو، ئافرەتانی ئەم ناوچەیە كە رۆژهەڵاتی ناوەڕاستە لەژێر كۆتوبەندی زۆری كۆمەڵایەتیدان و لەوانەیە زۆر ئەستەم بێت و نەتوانن شانبەشانی پیاوان لە كارە هونەرییەكاندا كار بكەن، بەڵام ئێستا ئەم بۆچوونەم گۆڕاوە، هەرچەندە نابێ ناهەقی من بگرن لەوەدا، چونكە من سەر بە كولتوورێكی كراوەترم لەوەی كە لەم ناوچەیەدا هەیە".
دەربارەی بەشداریكردن لەگەڵ ئەكتەرانی سەر بە ئاینی جیاواز و كولتووری دیكە، كریستینا دەڵێت "كۆبوونەوەی ئێمە لە كارێكی هونەریدا كە سێ ژن كاری تێدا دەكەن و هەریەكەیان نوێنەرایەتی كولتوورێكی جیاواز دەكەن، بۆ من ئەزموونێكی نایابە. خۆشحاڵ دەبم كاتێك بیر لەوە دەكەمەوە ئێمە هەموومان رۆژانە بە پشتكردن لە باكگراوندی كولتووریمان لە چوارچێوەی كارێكی هونەریدا كۆدەبینەوە".
كریستینا پێیوایە ئەوان كارێكی زەحمەتیان كردووە "كارێكی هەندێك زەحمەتە بیر لەوە بكەیتەوە سێ كەس، سێ ژن، لە سێ ئاینی جیاواز و سێ كولتووری جیاوازەوە كار لە شانۆگەرییەكدا دەكەن كە دەكرێ هەموو مرۆڤەكانی سەر زەوی بیبینن، ئەمە مانای زۆر و ئاماژەی قووڵی لە خۆیدا هەڵگرتووە".
خێلێ، شانۆكارێكی ئیسرائیلییە، هەرگیز بەخەیاڵیدا نەهاتووە رۆژێك لەسەر یەك ستەیج لەگەڵ ئەكتەرانی موسوڵمان و مەسیحی باس لە كێشەكانی ژیانی كۆچبەران و بیروڕای جیاوازی ئاینی بكات، بەڵام دڵخۆشە وەك جوویەك ببێتە پردێك بۆ گواستنەوەی نەهامەتییەكانی ژنان و كۆچبەرانی هەموو جیهان، خێلێ دەڵێت "من زۆر بایەخ بەو جۆرە كارانە دەدەم، ئەمە مانا و تێگەیشتنی نوێ بە ژیانمان دەبەخشێت، ئەمە ژیان ئاسان دەكاتەوە، لایەنە ساناییەكەی ژیان پێشاندەدات، كە دوورە لە گرژی و دەمارگیری، كاتێك بیر لەوە دەكەمەوە كە من هەڵگری ئاینێكی جیاوازم لە زۆر لەو وڵاتانەی بۆی دەچین و بە زمانێكی جیاواز لە زمانی باوی ئەوان دیالۆگ لەسەر شانۆ دەكەم، دڵخۆش دەبم، هەست دەكەم نوێنەرایەتی هەموو وڵاتەكەم دەكەم".
خێلێ زۆر سەرسامە بە تێكستی شانۆگەرییەكە و دەڵێت: "تێكستێكی سەرنجڕاكێشە بۆ تێكەڵكردنی هەموو كولتوور و جیاوازییە ئاینییەكان، دەبێ لە رێگەی ئەم جۆرە كارانەوە خەڵك لە سادەیی پەیوەندییەكان و مامەڵەی نێوان خۆیان تێبگەن".
شانۆگەریی لەژێر باران چاوەڕێ دەكەین كە لە تێكست و دەرهێنانی دەرهێنەری كورد، ئیحسان عوسمانە، بۆ ماوەی 10 رۆژ لە ئیستەنبوڵ لەگەڵ تەواوی ستافی شانۆگەرییەكە كۆبوونەوە و دەستیان بە پرۆڤە كرد. (تۆڕی میدیایی رووداو) سپۆنسەری میدیایی ئەم شانۆگەرییە بوو كە بەسەرپەرشتی شانۆی نیشتمانی ئەڵمانیا بەڕێوەچوو، بڕیارە رۆژی 13/9/2017 لە ئەڵمانیا بۆ یەكەمجار نمایش بكرێت، دواتریش لە چەند وڵاتێك نمایش دەكرێتەوە.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ